پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

حکومەتی عێراق داوا لە ئەنجوومەنی نوێنەران وهێزە سیاسییە عێراقییەکان دەکات پەلە لە پەسەندکردنی بودجەی گشتی بکەن

حکومەتی عێراق داوا لە ئەنجوومەنی نوێنەران دەکات، په‌له‌ له‌ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ و پەسەندکردنی بودجه‌ی گشتی عێراق بكات.

لە میانەی راگەیەندراوێکدا باسم ئەلعەوادی گوتەبێژی حکومەتی عێراق، داوا لە پەرلەمانتار و سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی نوێنەران و هێزە سیاسییە عێراقییه‌كان دەکات، هەوڵەکان یەکبخەن بۆ تەواوکردنی ناوەرۆکی بودجەی گشتی، كه‌ راستەوخۆ پەیوەستە بە ژیانی هاووڵاتییانه‌وه‌.

گوتەبێژی حکومەتی عێراق هەروەها راشیگەیاند، گەلەکەمان بەسەبر و ئاواتێکی زۆرەوە چاوەڕێی پەسەندکردنی بودجە دەکات، چونکە پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان و هه‌روه‌ها دۆسییه‌ی وەبەرهێنان لەخۆ دەگرێت.

گوته‌بێژی حكومه‌تی عێراق هه‌روه‌ها راشیگه‌یاند، حکومەت بڕوایەکی تەواوی بەو بنەمایانە هه‌یه‌ کە بودجە لەسەری دانراوە، بۆیە دەبێ ئەندامانی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران ئەو گرنگییە لەبەرچاو بگرن کە بودجە وەکو خۆی لەسەر ئەو بنەمایانە بمێنێتەوە.

باسم ئه‌لعه‌وادی ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، بودجه‌ی گشتی عێراق بۆ سێ ساڵه‌، بەڕێز سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران ئامادەیی خۆی دووپات دەکاته‌وه‌ بۆ ئامادەبوون لەئەنجوومەنی نوێنەران و وەڵامدانەوەی هەر پرسیار وتێبینیەکی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران سەبارەت بەپرۆژە یاسای بودجە.

پێشتریش باسم عەوادی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق پێشتر رایگەیاندبوو، بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2023، دەگاتە 197 تریلیۆن و 828 ملیار دینار و کورتهێنان لە بودجەی گشتیی ئەمساڵدا، 63 تریلیۆن دینارە.

ئاماژەی بەوەشدابوو، لە بودجەی گشتیی ئەمساڵدا، نرخی فرۆشتنی یەک بەرمیل نەوت بە 70 دۆلار دیاریی کراوە و گوتی: “لە بودجەی گشتیی ئەمساڵدا، بڕی نەوتی هەناردەکراو، رۆژانە بە سێ ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل دیاریی کراوە؛ لەو ژمارەیە 400 هەزار بەرمیل لەڕێگه‌ی هەرێمی کوردستانەوە هەناردە دەکرێت”.

باسی لەوەش کردبوو، داهاتی فرۆشتنی نەوت لە بودجەی گشتییدا، بە 117 تریلیۆن و 252 ملیار دینار خەمڵێنراوە و داهاتی نا نەوتیش، 17 تریلیۆن و 301 ملیار دینارە.

گوتەبێژی حکومەتی عێراق ئەوەشی خستووەتەڕوو، کۆی خەرجییە پێشنازکراوەکان، 197 تریلیۆن و 828 ملیار دینارە، خەرجی پرۆژەکانی وەبەرهێنان 47 تریلیۆن و 555 ملیار دینارە.

ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ رۆژی دووشەممە (13ـی ئادار/مارسی 2023)، ئەنجوومەنی وەزیران لە میانی کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا، رەزامەندی لەسەر پرۆژەیاساکانی بودجەی گشتی فیدراڵیی بۆ ساڵانی دارایی 2023، 2024 و 2025 نیشان دا.

پرۆژەیاساکانی بودجەی گشتیی فیدراڵیی بۆ ساڵانی دارایی 2023، 2024 و 2025 لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە، رەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەران کرا.