دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا پێی وایە رۆژی سێشەممەی داهاتوو ئەو وێنەی لە دانیشتنی دادگادا دەگیرێت، دەبێتە بەناوبانگترین وێنەی لە جیهاندا.
رۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی رایگەیاند: هاوڕێیەکی نزیکی ترەمپ، هەوڵدەدات ملیۆنان دۆلار بەم وێنەیە کۆبکاتەوە بۆ دابینکردنی دارایی لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی داهاتووی ئەمەریکادا.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم وێنەیە لەسەر فنجانەکانی قاوە و چا و تیشێرت و ئاڵا دەلکێنرێت، هەروەها دەبێتە جێگەی سەرنجی پۆستەری ریکلام.
هاوڕی نزیکەکەی ئاماژەی بەوەشکرد: ترەمپ دەزانێت لە کاتی دادگایی کردنیدا وێنەی دەگیرێت، ئەمەش دەبێتە باشترین جۆری بەناوبانگبوون لە مێژوودا، وەک هێمایەک بۆ هێرشی چەپەکان بۆ سەر ترەمپ.
هیچ بەربەستێکی یاسایی نییە بۆ ئەوەی بەردەوام بێت لە هەڵمەتی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لە کاتێکدا رووبەڕووی تۆمەتی تاوانکاری دەبێتەوە، یان تەنانەت ئەگەر زیندانی بکرێت.