چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

هاژەی شیعر

هاژە بەرزنجی

خۆشمدەوێی
بەقەت هەموو شیعرەكانم
لەبەرئەوەی لەناو ئابی
سووتێنەری شیعرێكمدا
دەبیت بە دڵۆپەی باران
وشە.. وشە،
دەڕژێیتە نێوگەرووی وشكی
دەستەواژەی غوبارگرتووم
لەنێو مانگی ڕێبەندانی
شیعرێكی ڕێ لێونبوومدا
دەبیت بە هەڵۆیەكی ئاگرین
بەسەر ڕێگەی دێڕەكانما تێدەپەڕی
من وەرزێكی تامەزرۆ بووم
عیشقت خستمیە
باوەشی ژمارەی گەرمی
ساڵێكی بێ ژمارەوە
ئەمە چ حەزێكی بێ سنوور بوو
خەونی سەوزی ئاواتێكی
ئێجگار دوور بوو
وەكوو ڕووبار
بەسەر پێدەشتی دڵتەوە شەپۆلی دا
هێند شێتانە خۆشمدەوێی
ئەو دەمانەی سەری ماندووم
دەخەمەسەر سینگی گەرمت
زیاترلە هەموو كاتەكان
بیرتدەكەم
خەیاڵ دەمكات بە باڵندەو
بەرەو ئاسمانی بێسنوور سەفەردەكەم
كەلێم دووری
نەخەیاڵێك دەمجوڵێنێ و
نە ساڵێك وەرزی تێدایە و
نەشیعرێك گیانی تێدایە و
نە،خۆشم. هەم!
لەو ڕۆژەوەی كەتۆم ناسی
لەئازار وخەمی دابڕان گەیشتم
ئاشنابووم لەگەڵ توڕەبوون!
تێگەیشتم لەجەوهەری ئاشتبوونەوە و
ڕەنگی جوانی پێكەوە بوون!
هەتاكوو دووریت نەیكوشتم
لەبێ نرخی ئەم ژیانە نەگەیشتم
تاكو عیشقت نەیسووتاندم
بە هەوراز و لوتكەی ڕاستی نەگەیشتم
دەستهەڵگرە لەم سەركێشی و یاخیبوونە
لەم سووتان و توڕەبوونە!