کارەساتی زیندانیانی لوبنان تەنها لە زەوتکردنی ئازادییەکان ناوەستێت، لە رێگەی دواخستنی دادگاییکردنەکانیان و نەبوونی پێداویستی پزیشکی و نەبوونی پاکوخاوێنی و دابینکردنی هەلومەرجی گونجاو.
دامەزراوە مەدەنییەکان هۆشداری دەدەن، لە ئێستادا برسیەتی کاریگەری لەسەر هەزاران زیندانی هەیە، کە هەڕەشە لە تەقینەوەیەک دەکات کۆنتڕۆڵکردنی ئەستەمە.
سەرچاوەیەک بە رۆژنامەی شەرقوڵئەوسەتی راگەیاند:قەیرانی ئاسایشی خۆراک بۆ زیندانەکان راستەوخۆ پەیوەندی بە خێراتربوونی داڕمانی ئابووری وڵاتی لوبنانەوە هەیە، کە ناتوانێت پارەی ئەو بازرگان و بەڵێندەرانە بدات کە خۆراک بۆ زیندانەکان و بۆ هێزە ئەمنییەکان دابین دەکەن.
گوتیشی: ئەو گرێبەستانەی لەگەڵ بەڵێندەران ئەنجام دراون لە 4ی نیسان کۆتایی دێت، بەڵێندەران نایانەوێت گرێبەستەکانیان نوێ بکەنەوە، هەروەها هێزە ئەمنییەکانیان ئاگادار کردەوە کە گەیاندنی کەرەستەکانیان وەستاندووە، یاساش پابەندی ناکات ئەوان بەردەوام بن لەسەر ئەوە.
سەرچاوەکە ئەوەشی ئاشکراکردووە، “کۆبوونەوەکان لە نێوان هێزە ئەمنییەکان و وەزارەتی دارایی بۆ چارەسەرکردنی ئەم قەیرانە دەستیپێکردووە، هەروەها هەوڵێکە بۆ کۆکردنەوەی پێشینەیەکی دارایی بۆ بەڵێندەران بۆ دانەوەی بەشێک لە قەرزەکانیان”.
دابەزینی بەهای لیرەی لوبنان بەرامبەر بە نرخی دۆلار زیانێکی زۆری بە بازرگانانی لوبنان گەیاند، کە ئەو خۆراکانەی کە پێویستن بۆ زیندانییەکان دەگەیەننە وڵات، لەوانە گۆشت و دانەوێڵە و سەوزە و نان و میوە.
یەکێک لە بەڵێندەران کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت دەڵێت: لە 4ی نیسانەوە چوار دامەزراوەی بازرگانی گرێبەستەکانیان لەگەڵ هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ رادەگرن، بەهۆی تەواوبوونی گرێبەستەکە و کەڵەکەبوونی قەرزەکانیان .
جەختیشی کردەوە: “خەسارەکانمان رۆژ لە دوای رۆژ چەند هێندە دەبن، ماوەی حەوت مانگە قەرزەکانمان کەڵەکە دەبن و دەگاتە نزیکەی 100 ملیار لیرە، بەهای 500 هەزار دۆلار بوو”.
سۆزان جبوور، بەرێوەبەری جێبەجێکاری سەنتەری ریستارت، بە رۆژنامەی شەرقوڵئەوسەتی رایگەیاند: “بەهۆی ئەو مەرجانەی کە زیندانییەکان پێیدا تێدەپەڕن، بودجەیەکمان تەرخانکردووە، بە رێککەوتن لەگەڵ هاوبەشە داراییەکانمان، بۆ پڕکردنەوەی بەشێک لەو بۆشاییەی کە لە ئەنجامی کورتهێنانی وڵاتەوە دروستبووە”.
ئاماژەی بەوەشکرد: رازیکردنی دامەزراوە پاڵپشتە بیانییەکان بۆ تەرخانکردنی بودجەیەک بۆ ئاسایشی خۆراک ئاسان نییە، چونکە لە ئێستادا نۆ هەزار زیندانی لوبنانی هەڕەشەی برسیەتیان لەسەرە.
لە سەرەتای قەیرانی ئابووری لە لوبنان و لەگەڵ هاتنی پەتای کۆرۆنا، سەنتەری ریستارت، دابین کردنی دەرمان بۆ زیندانییەکان و کەرەنتینە کردنی ئەوانەی تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووبوون لە ئەستۆگرتبوو.