لە کەرکووک دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە بۆنەی مانگی ڕەمەزانەوە دەستی کرد بە دابەشکردنی هەزار سەبەتەی خۆراک بەسەر خێزانە هەژار و کەمداهاتەکانی شارەکەدا.
ئەمڕۆ چوارشەممە 29ی 3ی 2023، دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە شاری کەرکووک لە گەڕەکی کوردستانی شارەکە دەستی کرد بە دابەشکردنی سەبەتەی خۆراک و ئەو هەڵمەتە گەڕەکەکانی تریش دەگرێتەوە.
بەرپرسی نووسینگەی کەرکووکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی ڕایگەیاند: بەبێ جیاوازی ئەو هاوکارییانەیان دابەشی سەر خێزانە هەژار و کەمداهاتەکانی کەرکووک دەکەن و هەڵمەتەکەیان دەوروبەری شاری کەرکووکیش دەگرێتەوە.
ڕایشگەیاند: جگە لە دابەشکردنی سەبەتەی خۆراک بەسەر هەزار خێزانی هەژار و کەمداهاتی کەرکووکدا، نزیکەی 200 خێزان هاوکاریی ماددییان پێ دەدرێت و مووچەی ئازیزانیش دابەش دەکرێت و کورسی دەدرێتە خاوەن پێداویستییە تایبەتەکانیش.