سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

عێراق براوەی کەیسەکەی پاریس نییە لە بەرامبەر تورکیا”

وێبسایتی میدڵ ئیست ئای، راپۆرتێکی بڵاوکردووەتەوە، چەند سەرچاوەیەکی رۆژئاوایی و تورکیا، لێدوانی جیاوازیان داوە سەبارەت پرسی نەوت لە عێراق. لەبارەی کەیسی هەناردەی نەوت لە دادگەیایەکی ناوبژیوانی نێودەوڵەتی، وێبسایتەکە سەبارەت بە بردنەوەی عێراق لە تورکیا نووسیویەتی “سەرکەوتنێکی بەتاڵە”.

کاتێک هەفتەی رابردوو، دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی سەربە ژووری بازرگانی جیهانی کە بارەگاکەی لە پاریسی پایتەختی فەرەنسایە، رایگەیاند “تورکیا سەرپێچی رێککەوتنی بۆری گواستنەوەی نەوتی جەیهانی کردووە  لەگەڵ عێراق بەوەی رێگەی داوە کە هەرێمی کوردستان بە سەربەخۆیی نەوت بە بۆریەکدا هەناردە بکات، عێراق زوو تەپڵی سەرکەوتنی لێدا، وێبسایەتەکە نووسیوویەتی”.

ئەو سەرچاوە رۆژئاوایی و تورکیانەی کە ئاگاداری بابەتەکەن و قسەیان بۆ وێبسایتەکە کردووە، دەڵێن “عێراق بە تەواوی باس لە ناوەڕۆکی بڕیارەکەی دادگا ناکات، بە واتایەکی تر بەرپرسە عێراقییەکان تەنها ئاماژە بەو خاڵانە دەدەن کە لە بەرژەندی ئەوان دایە”.

سەرچاوەیەکی رۆژئاوایی ئاگادار لە ناوەڕۆکی بڕیارەکەی دادگا بە وێبسایتەکەی رایگەیاندووە “عێراق تەنها توانیویەتی یەک داوا لە کۆی پێنج داوا بباتەوە لە دژی تورکیا، کە ئەویش بابەتی بارکردنی نەوتی کوردستانە بەبێ رازمەندی عێراق. بۆ بابەتەکانی دیکەی وەک کۆگاکردن، گواستنەوە، مافی تایبەتی بەکارهێنان و دەستڕاگەیشتن، لە لایەن دادگاکەوە رەتکراونەتەوە کە عێراق رایگەیاندبوو “تورکیا سەرپێچی لەو خاڵانەی رێککەوتنەکەدا کردووە”.

بەپێی رێککەوتنەکەی نێوان هەردوو وڵات، کۆمپانیای فرۆشیاری نەوتی عێراق، ناسراو بە سۆمۆ، تەنها لایەنە کە مافی ئەوەی هەیە رێگە بە بارکردنی نەوت بدات بۆ کەشتیەکان لە بەندەری جەیهان. دادگاکە ئەوەی یەکلایی کردووەتەوە کە تورکیا تەنها سەرپێچی ئەو بەشەی رێککەوتنەی کردووە کە پەیوەستە بە بارکردنی نەوتی کوردستانەوە.

عێراق و تورکیا لە ساڵی 1973ـەوە رێککەوتنێکییان لەنێواندا هەیە بۆ هەناردەکردنی نەوتی عێراق لە رێگەی بۆرییەوە بۆ بەندەری جەیهان لەسەر دەریای ناوەڕاست. هەردوو وڵات لە ساڵی 2010 رێککەوتنەکەیان هەموارکردەوە دووبارە.

بەپێی هەمان سەرچاوە، هیچ کام لەو دوولایەنە، وەک سەرکەوتوو لە بڕیارەکەی دادگا ناویان نەهێنراوە.

عێراق سەرەتا داوای 33 ملیار دۆلاری کردبوو لە تورکیا، وەک قەرەبوو بەهۆی ئەو زیانە ئابووریانەی بەر وڵاتەکە کەوتووە لە ئەنجامی فرۆشتنی نەوتەوە بەبێ رەزامەندی بەغدا. مانگی رابردوو، عێراق بڕی پارەکەی کە وەک قەرەبوو داوایکردبوو بەرزکردەوە بۆ 58 ملیار دۆلار. بەڵام دادگاکەی پاریس تەنها 1.4 ملیار دۆلاری وەک پێبژاردن لەسەر تورکیا سەپاندووە بۆ ساڵەکانی 2014 تاوەکو 2018، بەبێ دیارکردنی ئەو بڕە زیادەی چووەتە سەری.

لە بەرامبەر داواکانی عێراق، تورکیاش چەندین داوای دیکەی لە دادگاکە بەرزکردووەتەوە کە پەیوەیستن بە ئاست نزمی لە بۆرییەکانی گواستنەوەی نەوت و پێنەدانی کرێی گواستنەوە لە ساڵانی رابردوو. دادگا رەزامەند بووە  بەوەی کە تورکیا پێویستە 600 ملیۆن دۆلاری قەرەبوو بکرێتەوە. 

رۆژی سێشەمە 28ی ئاداری 2023، وەزارەتی وزەی تورکیا، بە فەرمی رایگەیاند، دادگاکە زۆرێک لە داواکانی تورکیای قبوڵکردووە و داوای لە عێراق کردووە کە قەرەبووی تورکیا بکات.