چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان: چاوەڕێین ئەم هەفتە دوا کۆبوونەوە لەبارەی هەمواریی یاسای هەڵبژاردن لەگەڵ یەکێتی بکەین

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ڕۆژی ھەڵبژاردن بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دیاری کرد. لایەنەکان پێشوازی لە دیاریکردنی ڕۆژی ھەڵبژاردن دەکەن و داوا دەکەن ھەموو لایەنەکان پێوەی پابەند بن و ئەو پرۆسەیە ھەرچی زووە لە پەرلەمانی کوردستان یەکلا بکەنەوە، بۆ ئەوەی ئەو ھەڕەشەی لەسەر کوردستان ھەیە نەمێنێت و پێگەی ھەرێم ڕۆژبەڕۆژ بەھێزتر ببێت. زانا مەلا خالید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، دەڵێت: چاوەڕێین ئەم ھەفتە دوا کۆبوونەوە لەبارەی ھەمواری یاسای ھەڵبژاردن لەگەڵ یەکێتی بکەین، بۆ ئەوەی بتوانین ئەو خاڵانەی ماون کۆتاییان پێ بھێنین.

ڕۆژی ٢٤-٢-٢٠٢٢ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان فەرمانی ھەرێمی بۆ دەستنیشانکردنی ڕۆژی ھەڵبژاردنی گشتیی پەرلەمانی ھەرێمی کوردستان ئیمزا کرد و ڕۆژی ١-١٠-٢٠٢٢ وەک ڕۆژی کردنی خولی شەشەمی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەستنیشان کرا، بەڵام ناکۆکیی سیاسیی نێوان لایەنەکان لەسەر یاسای ھەڵبژاردن، پێکھاتەی کۆمیسیۆن و شێوازی کردنی ھەڵبژاردن لەنێوان یەک بازنەیی و فرەبازنەییدا، بوونە ھۆی دواکەوتنی ھەڵبژاردن.
دڵشاد شەھاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، بەپێی یاسای ژمارە یەکی ساڵی ٢٠٠٥ـی ھەموارکراو کە یاسای سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستانە، ڕۆژی ١٨-١١-٢٠٢٣ـی وەکو ڕۆژی کردنی ھەڵبژاردنی پەرلەمان دیاری کردووە.
دڵشاد شەھاب، گوتیشی: سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان داوا لە پەرلەمان و سەرجەم فراکسیۆنەکان دەکات ھەنگاوی کردەییان بۆ متمانەبەخشین و کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردن ھەبێت، بۆ ئەوەی لە کاتی یاسایی خۆیدا دەست بە کارەکانی بکات.
زانا مەلا خالید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، دەڵێ: ئێستە ھیچ بیانوویێک نابینین بۆ دواخستنی ھەڵبژاردن، ھەموو ئەو لەمپەرانەی ھەبوون، لە دەرەوەی پەرلەمانی کوردستان کە لەمپەرە سیاسییەکانن و لەنێو پەرلەمانی کوردستانیش لەمپەرە یاساییەکانن، خەریکە کۆتاییان دێت و چارە دەبن.
زانا مەلا خالید، دەڵێ: وەکو پارتی، بەربژێری خۆمان بۆ ئەنجوومەنی کۆمیسیاران ئامادەیە و لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا پێشکەشی دەکەین بۆ ئەوەی بتوانین سوود لە کات وەرگرین، چونکە، پێمانوایە کات لە بەرژەوەندیدا نییە و کاتی کراوەمان لەبەردەستدا نییە. ئەم چەند ڕۆژە پەیوەندیمان لەگەڵ برادەرانی یەکێتی ھەبووە بۆ ئەوەی دوا کۆبوونەوە لەبارەی ھەمواری یاسای ھەڵبژاردن بکەین و چاوەڕێین لەم ھەفتەدا کۆببینەوە بۆ ئەوەی بتوانین ئەو خاڵانەی ماون کۆتاییان پێبێت.
سەبارەت بە وادەی دیاریکردنی ڕۆژی ھەڵبژاردن لەلایەن سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، ھاوکار مەحموود، جێگری سکرتێری گشتیی پارتی ڕەنجدەرانی کوردستان، دەڵێت: وەکو پارتی ڕەنجدەرانی کوردستان، پێشوازی لەو ھەنگاوەی سەرۆکی ھەرێم دەکەین و پێمانوایە بڕیارێکی دروست و بەجێیە، پێویستە ھەموو لایەنەکان پێوە پابەند بن، بەتایبەتی پەرلەمانی کوردستان ھەنگاوی جددی بنێت بۆ ئەوەی بتوانێت ئەو پێداویستییانەی کە پێویستن بۆ کردنی ھەڵبژاردن، ئامادە بکات؛ بەتایبەتی لە بابەتی کۆمیسیۆن و ھەموارکردنەوەی یاساکە، چونکە ئەمە کاتی زۆری دەوێت. ھەر چەندە لایەنەکان ڕێککەوتنێکی پێشوەختەیان ھەیە بۆ ئەوەی ئەم یاسایە ھەموار بکرێتەوە؛ ئۆمێدەوارین لایەنەکان پێوە پابەند بن و ئەو پرۆسەیە زوو لە پەرلەمانی کوردستان یەکلا بکەنەوە. ھەر چەندە لەگەڵ ئەوە نەبووین ھەڵبژاردن بکرێتە چەند بازنەیەک و دوابخرێت. کاتی خۆی وەکو لیستی سەردەم لە پەرلەمانی کوردستان، دژی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان بووین، بەڵام کرا. ئێستە پێشوازی لەو وادەی سەرۆکی ھەرێم دیاری کردووە دەکەین، بۆ ئەوەی ئەو ھەڕەشانەی لەسەر کوردستان ھەن نەمێنن. چونکە نەکردنی ھەڵبژاردن لە ھەرێمی کوردستان دەمان باتە ناو بۆشاییەکی سیاسی و یاسایی، شەرعیەتی دامەزراوەکانی ھەرێمی کوردستان دەخاتە ژێر پرسیار؛ ئۆمێدەوارین ھەموو لایەنەکان بەرپرسیار بن بەرامبەر بەم ھەنگاوە و ئەوەی پێویستە بکەن.
موسلیح ڕەجەب، ئەندامی سەرکردایەتی حزبی سوسیالیست دیموکراتی کوردستان، ڕایگەیاند: سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ھەموو کاتێک دەستپێشخەری کردووە بۆ چارەکردنی کێشەکانی ھەرێم، وەکو لایەنێکی سیاسی پێشوازی لە دیاریکردنی ڕۆژی ھەڵبژاردن دەکەین و سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بۆ ھەموو لایەنەکانی دیارکرد کە ھەر چۆنێک بێت دەبێت ئەمساڵ ھەڵبژاردن بکرێت.
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی حزبی سوسیالیست دیموکراتی کوردستان، گوتیشی: ئەگەر ھەڵبژاردن بکرێت کوردستان دەچێتە قۆناغێکی دیکە و ئەو کێشە و گرفتانەی ھەن چارە دەبن، بۆیە کردنی ھەڵبژاردن لە ١٨-١١ ھەنگاوێکی گرنگە بۆ زیاتر پێگەی ھەرێمی کوردستان.