چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

لە‌دیپلۆماسیە‌تدا،دڵ ئێشان نیە‌!

مەشخەڵ كەوڵۆسی

لەو مشتومڕەی كەبەهۆی گۆڤاری فۆرن پۆلەسی ئەمریكییەوە دروستبوو، زۆر بەقووڵی سەلیقە و لێزانی و شارەزایی و سایكۆلۆژیای بژاردەی ڕۆشنبیری و سیاسی كوردمان بۆ روون بوویەوە. كە چ كائینێكە و بەرانبەر كایە تازەكانی ژیانی سەردەم
چەندە هەژار و بێ خەبەرین!.
ئەو توێژەی كە بەخۆمان دەڵێن ڕۆشنبیر و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بە بەرفراوانی بەكاردێنین، ئەوەندەی دەستوپەنجەمان لەگەڵ دوگمەكانی كیبۆرد نەرمكردووە، نیو ئەوەندە لەگەڵ ڕۆحی سەردەم نەرممان نەكردووە. ئەوەندەی ئاشناین بە سكرینی لاپتۆپ و مۆبایلەكان، نیو ئەوەندە لەگەڵ ناواخنی فەرهەنگی سەردەمیانە ئاشت نین و، بەداخەوە دەڵێم لەكایەكانی سەردەم بەشێوەیەكی تەواو كلاسیكی تێدەگەین.
دروست وایە لەڕووی فەرهەنگییەوە ڕیفۆرم بكەین. نەك بە ئەقڵی دیوەخان بێین و باس لە كایەكانی ژیانی هاوچەرخ بكەین و، پێمان وابێت تەواوین.
ئێمە لەم كێشەیەدا بەتەواوی سەلماندمان كە چەندە دواكەوتووین و ڕەنگە لەڕاستی دوورنەكەومەوە ئەگەر بڵێم: لەسەدەكانی ناوەڕاستدا دەژین و، بەتەواوی شەمەندۆفێرەكە بەجێی هێشتووین.
كە دۆخەكە وادەبینین، مرۆڤ بەسەرسامیەوە دەپرسێت:
كەواتە ئەركی ئەم هەموو زانكۆ و پەیمانگا و بڕوانامە و تواناسازییە چی بووە؟ ئەگەرچی داتامان لەبەردەست نیە، بەڵام دڵنیاین لەوەی ڕێژەیەكی زۆری كورد هەندەرانی دیوە، ئەندامێكی خێزانەكەی یان كەسی نزیكی لەدەرەوە دەژین، هەزاران خوێندكار بەپارەی ئەم وڵاتە ڕۆشتن و لەدەرەوە خوێندیان و هەندێكیان هاتنەوە، باشە سودی ئەو خوێندنە چی بوو كە جیاوازییەكی لە جەوهەر و فەرهەنگدا دروست نەكردبێت؟.
مادە پێوەر بووەتە بڕوانامە ” كەمن هەرگیز لەگەڵیدا نیم”
بەڵام دەكرێت بپرسین: جیاوازی پیرەمێردێك كەلە كۆڵان دانیشتووە بەدەم سێ ڕیسكێن و دامەوە دەڵێت: كورد چۆن ئەتوانێت محاسەبەی كونسوڵی ئەمریكا بكات؟ جا ناشێڵن ئەمریكا، بەڵكو درێژی دەكەنەوە ئەڵێن ئەمریكااااا..!
لەگەڵ ئەو مامۆستایەی زانكۆدا كە لەكۆمێنتێكدا دەنوسێت: گۆڕینی
كونسوڵی چی ئەمریكا بە موشەك وێرانمان دەكات!.
ئەی خودا چی بكەم لەبۆ ئەم میڵەتە فەوتاومە!.
یەعنی ماقووڵە لەناو نوخبەی گەلێكی شەش حەوت ملیۆنیدا، تاكە یەك كەس نەبینی دەركی بەوە كردبێت كە یاسای نێودەوڵەتی چۆن مامەڵە لەگەڵ قەیرانی لەو شێوەیەدا دەكات؟ بنەماكانی مامەڵەكردن لەگەڵ باڵیۆز و كونسوڵەكان و سیلكی دیپلۆماتیدا چۆنە؟ هەر بەجیدی ماقوڵە هەر هەموومان پێمان وابێت، ئەمریكا دڵی دێشێت ئەگەر ئێمە مامەڵەی یاسایی بكەین لەگەڵ كونسوڵ یان باڵیۆز یان …هتد، دا؟.
ئەم ئەقڵی دیوەخانە لەكوێ و چۆن و كەی چارەسەر بكەین؟
ئەم بێ موبالاتییە لای كام حەكیم عیلاج بكەین یاڕەب؟ یەعنی لەچەندین دەزگای میدیایی، كارمەندێكی تێدانەبوو بزانێت مامەڵەی یاسایی لەگەڵ تەنگژەی دیپلۆماتیدا، چۆن و كاتێ باسی گۆڕینی كونسوڵێك یان فەرمانبەرێكی سیلكی دیپلۆماسی دەكەین، نەدنیا وێران دەبێت و نە ئەمریكا دڵی دێشێت ” سەیری دەستەواژەی دڵ یەشان بكە كەلێوان لێوە لەئەقڵی دیوەخانی سەدەكانی ناوەڕاست”. باشە ئێمە كەئەوە حاڵمانە و تاكو ئێستا نازانین كە ئەمریكا
دڵی نایەشێت، چۆن دەمانەوێ حكومی خۆمان بكەین! ئەی سەگم بەردایە بڕوانامەكان و ئەو پۆزەش كە بە بڕوانامەكانەوە لێدەدرێت! مادەم جیاوازییەكی لەمەعریفەی ئێمەدا، لەڕوانینی ئێمەدا بۆ جیهانی نوێ و بۆ كایەكانی دەوڵەتداری دروست نەكردووە!.
لەكۆتایی ئەم كورتە وتارەدا، تەنها دەڵێم: ئەگەر لەهەموو فەرهەنگی دیپلۆماتی سەرتاسەری جیهاندا، دڵ ئێشانتان بەرچاوكەوت، من چیتر یەك وشە بەزمانی كوردی نانوسم تاكو دەمرم. ئەی خودا كەی كورد دەبێتە لەم تەنگەڵانە مەعریفییە‌ دەردەچێت و دێتە ناو مێژووی جیهانی هاوچەرخەوە؟.