چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بەر لە ٢٠ی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ بەڕێوە دەچێت

پەرلەمانی عێراق لە بەرەبەیانی دوێنێ دووشەممە دوای ماوەیەکی درێژ لە دانوستان و ناکۆکی و کێشەی نێوان لایەنەکان، دواجار توانی بە زۆرینەی دەنگ، یاسای هەڵبژاردن هەمووار بکاتەوە و پەسندی بکات. یاساکە بە هەندێک گۆڕان هاوشێوەی هەمان یاسای پێشتری لێ هاتەوە و بڕیارە لە کەرکووکیش هاوشێوەی پارێزگاکانی تر هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بەڕێوە بچێت و سەرجەم ئەو بەربەستانەی لەبەردەم هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەبوون لابران.

دوای مشتومڕ و گفتوگۆیەکی زۆر و گوشاری ژمارەیەکی زۆر لە پەرلەمانتار کە دەیانویست دانیشتنەکەی پەرلەمان پەک بخەن، لایەنە سەرەکییەکانی پەرلەمان توانیان ڕێژەی یاسایی کۆبوونەوەی پەرلەمان مسۆگەر بکەن و لە بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە هەموواریی یاساکە بخەنە دەنگدانەوە.
یەکێک لە گۆڕانە هەرە سەرەکییەکان لەو یاسایە، بریتییە لەوەی سیستمی هەڵبژاردن لە فرە بازنەیی کەم کرایەوە بۆ بازنەیی پارێزگاکان و لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکاندا کۆمەڵێک گۆڕان ڕوویدا. هەر پارێزگایەک یەک بازنەیی هەڵبژاردنە و ئەمەش بە دڵی پەرلەمانتارە سەربەخۆکان و پارتە بچووکەکان نەبوو و پێیان وایە دەرفەتی سەرکەوتنیان زۆر لاوازتر دەبێت. جگە لەمە گۆڕان لە سیستمی سانتلیگۆ کرا و رێژەی دەرچوونی کورسییەکان لەسەر ئەو بنەمایە گۆڕانی بەسەردا هات.
پێویستە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان تا بەر لە ٢٠ی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ بەڕێوە بچێت و هەڵبژاردنی سەرجەم ئەنجوومەنەکانیش لە یەک ڕۆژدا دەکرێن.
هەر یەک لە هاوپەیمانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعە، فراکسیۆنەکانی سوننە و کورد کە فراکسیۆنی پارتی و یەکێتی سەرەکی ترینیانە، پاڵپشتییان لە هەموواریی یاساکە کرد.
لە میانەی کۆبوونەوەکەدا ناکۆکی و تەنانەت دەمەقاڵە هاتە کایەوە و سەرۆکی پەرلەمان ناچار بوو داوا لە هێزەکانی ئاسایش و پاسەوانی پەرلەمان بکات دۆخەکە کۆنترۆڵ بکەن.
یاسای سەنتلیگۆ بە ناوی زانای بیرکاری فەرەنسی ئاندرێ سەنتلیگۆ کراوە و ئامانج لێی دابەشکردنی دەنگەکان بەسەر کورسییەکانی هەڵبژاردنە لە هەر بازنەیەکی هەڵبژاردندا، زۆربەی ئەو وڵاتانەی کە لە هەڵبژاردنیاندا لە سیستەمی ڕێژەیی سوود وەردەگرن لە دابەشکردنی دەنگەکان سوود لەو ڕێکارە وەردەگرن و لە عێراق ڕێژەکە لە ١.٩ بۆ ١.٤ کەم کراوەتەوە و ئەمەش تووڕەیی حزبە بچووک و پەرلەمانتارە سەربەخۆکانی لێ کەوتەوە و پێیان وایە بەم گۆڕانە دەرفەتی سەرکەوتنی حزبە بچووکەکان و پەرلەمانتارە سەربەخۆکان زۆر کەمتر ەبێت.
پێویستە ئاماژە بەو ڕاستیییە بکرێ یەکێک لە دەستکەوتی خۆنیشاندەرانی تشرین لە ساڵی ٢٠١٩ ئەوە بوو کۆتایی بە یاسای کۆنی هەڵبژاردن بێنن و سیستەمی هەڵبژاردن بۆ فرەبازنەیی بگۆڕن. لە هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠٢١ لانی کەم ٧٠ پەرلەمانتاری سەربەخۆ بەو هۆیەوە توانیان بگەنە پەرلەمان. ئەم جارە خۆنیشاندەران چ لە دەرەوەی پەرلەمان و چ ئەو پەرلەمانتارانەی لەگەڵ هەموارکردنی یاساکە نەبوون نەیانتوانی داواکەیان سەربخەن و ڕێگری لە هەمواری یاساکە بکەن.
لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق و هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، کار بەو یاسا هەمووارکراوە دەکرێت.
یەکێکی تر لە گرنگرین گۆڕانەکان بریتی بوو لە پێداگری لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە پارێزگای کەرکووک هاوشێوەی پارێزگاکانی تری عێراق، ئەو بەربەستانەی لەبەردەم هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لابران و بۆ یەکەم جار لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ـەوە، سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧ دەکریتە بنەما بۆ دەستنیشانکردنی هاووڵاتییانی شارەکە.