ڕائیب جادر – هەولێر
تا پڕۆژە یاسای بودجەی ئەمساڵ پەسەند دەکرێت، حکوومەتی کوردستان نەوتی خۆی ھەناردە دەکات، شاندی ھەرێمی کوردستان و عێراق لەسەر ئەمە ڕێککەوتوون. دواتر، ھەولێر و بەغدا بەھاوبەشی دۆسیەی نەوت بەڕێوە دەبەن. بە پابەندبوونی ھەردوو لا دۆخێکی سەقامگیر لە ڕووی ئابوورییەوە ھەم لە کوردستان، ھەمیش لە عێراق دێتە ئاراوە.
جێگری سەرۆکی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق، ڕایگەیاند: ئەم ڕاگرتنە زیانێکی زۆرتر بە حکوومەتی عێراق دەگەیەنێت نەک ھەرێمی کوردستان. دەشڵێ: ھەولێر و بەغدا لەسەر بنەما سەرەکییەکانی پڕۆژەیاسای نەوت و گاز ڕێککەوتوونە.
شەوی ھەینی ٢٤-٣-٢٠٢٣، میدیا جیھانییەکان ئاشکرایان کرد، حکوومەتی تورکیا بڕیاری دادگای ژووری بازرگانیی نێودەوڵەتیی بە عێراقی ڕایگەیاندووە کە دادگەکە بە سوودی عێراق بڕیاری داوە و ئەنقەرە بڕیاری داوە چیدیکە بەبێ ڕەزامەندی و مۆڵەت لە حکوومەتی فیدراڵی عێراق، ڕێگە بە کەشتییە نەوتییەکان نەدات لە بەندەری جیهانەوە نەوت بار بکەن.
ڕۆژی شەممە ٢٥-٣-٢٠٢٣، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی ھەرێمی کوردستان لەبارەی ڕاگرتنی ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان و کەرکووک بۆ تورکیا، لەسەر داوای دادگەی پاریس، لە ڕاگەیێندراوێکدا ڕایگەیاند: بڕیاری دادگەی فەرەنسا لە بەرژەوەندیی حکوومەتی عێراق دژی تورکیا، ڕێگری پەیوەندییەکانمان لەگەڵ بەغدا، نابێت. لەم بارەوە سەردانی بەغدا دەکەینەوە بۆ گفتوگۆ و چارەکردنی بابەتەکانی پەیوەندیدار.
مەسرور بارزانی،سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان لە تویتەر تویتێکی کرد و ڕایگەیاند، لێکگەیشتنی ئەم دواییەمان لەگەڵ بەغدا، زەمینەیەکی باشە لە پێناو چارەکردنی کێشەی پەیوەندیدار بە بڕیارەکەی دادگا، تیمێکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، سەردانی بەغدا دەکات بۆ ئەوەی لەسەر بنەمای نیازپاکی، درێژە بە گفتوگۆکانمان بدەین.
ڕۆژی یەکشەممە، شاندێکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەسەر ڕاسپارەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بەمەبەستی درێژەدان بە گفتوگۆکانی چارەکردنی کێشەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا، کە پێکھاتبوو لە ھەریەک لە کەمال محەممەد، وەزیری سامانە سرووشتییەکان بە وەکالەت، ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەتی ھەرێم لە بەغدا، سەردانی بەغدای کرد.
ھەرێمی کوردستان یەکەیەکی فیدراڵیی دەستووری و یاساییە، دەسەڵاتی فراوانی ئیداری و سیاسی و ئابووریی ھەیە، لە دەستووری عێراقیشدا دانی پێدا نراوە کە ھەرێمی کوردستان شوێنێکی جوگرافی و ستراتیجیی ھەیە و دەوڵەمەندە بە نەوت و گاز و ڕۆڵی کاریگەری ھەیە لە ھاوکێشەی سیاسیی عێراق و ناوچەکە. بە گوێرەی ڕێککەوتنی ھەولێر و بەغدا، لە بودجەی ٢٠٢٣ ھەرێمی کوردستان ڕۆژانە چوارسەد ھەزار بەرمیل نەوت ھەناردە دەکات، ھەژمارێکی بانکی نوێ دەکرێتەوە، داھاتی نەوتی کوردستان دەچێتە ئەو ھەژمارە بانکییە و سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان یان کەسێک کە ئەو ڕایدەسپێرێت، دەسەڵاتی بەسەریەوە دەبێت، لەژێر چاودێریی حکوومەتی عێراق.
ھەر بەپێی ڕێککەوتنی ھەولێر و بەغدا، مانگانە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان داتاکانی فرۆشتنی نەوت دەداتە وەزارەتی نەوتی عێراق و بە ھاوئاھەنگی وردبینی لە داتاکان دەکرێت، ھەروەھا لیژنەیەکی ھاوبەش پێک دەھێنرێت بۆ پێداچوونەوە بە کەرتی نەوت و گازی ھەرێمی کوردستان.
ڕۆژی ١٣-٣-٢٠٢٣ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دوای پەسند کرنی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵانی ٢٠٢٣، ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥، کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەڤانیی ساز کرد و گوتی: لەگەڵ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەسەر تەواوی کێشە ھەڵپەسێردراوەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا ڕێککەوتین.
د. سامان محیەدین، شارەزا لە بواری نەوت، دەڵێت: بەپێی دەستوور، نەوت و گاز موڵکی ھەموو خەڵکی عێراقە، پێویستە دەسەڵاتی ھاوبەش لە بواری نەوت و گاز لە نێوان ھەرێم و عێراق ھەبێت، مافی ھەرێمی کوردستانیش لەناو ئەو یاسایەدا جێگیر بکرێت، ھەر بڕیارێک دەربارەی یاسای نەوت و گاز بدرێت، پێویستە بەپێی ماددەی ١١١ و ١١٢ و ١١٥ی دەستووری عێراق بێت، ئەگەر عێراق پابەندی دەستوور و یاسا بێت، ھیچ کێشەیەک لە نێوان ھەولێر و بەغدا نامێنێت.
نەھرۆ ڕواندزی، جێگری سەرۆکی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق، گوتی: ڕاگرتنی ھەناردەی نەوت لە ڕێگەی لوولە نەوتی ھەرێمی کوردستان، ڕۆژانە زیانی چل ملیۆن دۆلار بە حکوومەتی عێراق دەگەیەنێت، چونکە بەپێی ئەو ڕێککەوتنەی ھەیە، ئەو نەوتەی ھەناردە دەکرێت، داھاتەکەی دەخرێتە ھەژمارێکی بانکی لە ژێر چاودێریی حکوومەتی فیدراڵی، لەبەرامبەردا شایستەی ھەرێمی کوردستان ڕێژەی ١٢.٦٧ـی بودجەی گشتیی عێراقە.
جێگری سەرۆکی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق، گوتیشی: ڕێککەوتن لەسەر بنەما سەرەکییەکانی پڕۆژەیاسای نەوت و گاز کراوە کار بۆ ئەوە دەکرێت بگەنە ڕێککەوتنی کۆتایی لەسەر ئامادەکردنی ڕەشنووسی یاسای نوێی نەوت و گاز لە عێراق، بۆیە ئەگەر یاساکە ھەبێت ھەرێمی کوردستان مافی دەبێت بە ھاوئاھەنگی لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ نەوت ھەناردە بکات. یاسا سنوور بۆ لێکدانەوە جیاجیاکان لێرەولەوێ دادەنێت، بەو شێوەیە سامانی نەوت دێتە پاراستن و پەرەی پێ دەدرێت.
د. سەباح حەیدەر، ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق، ڕاگەیاند: بڕیارەکەی دادگەی فەرەنسا کاریگەریی لەسەر کەرتی نەوتی ھەرێمی کوردستان نابێت، لەبەر ئەوەی ھەرێمی کوردستان ڕێککەوتنی لەگەڵ کۆمپانیاکان ھەیە، بۆیە ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێم بەپێی ئەو میکانیزمە دەبێت کە ھەرێم و بەغدا لەسەری ڕێک دەکەون، نەک بڕیاری دادگەی فەرەنسا.
ھێمن ھەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، گوتی: بەرەوپێشچوونی باش لە گفتوگۆکانی نێوان وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و وەزارەتی نەوتی حکوومەتی فیدراڵی ھاتووەتە ئاراوە و پاڵپشتیی خۆیان بۆ ڕێککەوتنەکانی نێوان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق دووپاتکردەوە.
ھەورامی، پێیوایە باشترین چارە تێپەڕاندنی یاسای نەوت و گازە لە پەرلەمانی عێراق، بەشێکی سەرەکی ڕێککەوتنی پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراقە و سوودانی لە دوایین سەردانیدا بۆ ھەرێمی کوردستان پابەندبوونی خۆی لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە دووپات کردووەتەوە.
ڕێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ کاروباری ئابووری، دەڵێت: تا ئێستە حکوومەتی ھەرێم لەسەر بنەمای یاسای نەوت و گازی ھەرێمی کوردستان نەوتی فرۆشتووە و بنەمایەکی یاسایی ھەبووە و ھیچ کارێکی نایاسایی و نادەستووری نەکردووە.