چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

دیاری کردنی ڕۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، لایەنەکان بەرپرسیارتر دەکات بەرامبەر دۆخی سیاسی

دوای درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان بەهۆی ناکۆکیی و نەگەیشتنە ڕێککەوتنێکی سیاسی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا، دواجار سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە بڕیارێکی هەرێمی، ڕۆژی ١٨ی نۆڤەمبەری ئەمساڵی وەک ڕۆژی بەڕیوەچوونی هەڵبژاردن دیاری کرد.

ئەم بڕیارەی سەرۆکی هەرێم لە کاتێکدایە، دۆخی سیاسیی لە هەرێمی کوردستان بە جۆرێک لە جۆرەکان توشی تەنگەشە بووە و لە ماوەکانی ڕابردوودا سەرۆکایەتیی هەرێم چەندین گەڕی دانووستاندن و ڕێککەوتنی لەنێو لایەنە سیاسییەکان ڕێکخست و هیچ ئەنجامێکی نەبوو، هەربۆیە بە بڕوای چاودێران، دیاری کردنی ڕۆژی هەڵبژاردن وادەکات لایەنە سیاسییەکان بە بەرپرسیارییەتی زیاترەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکەدا بکەن و ئامادەی سازش کردن بن لە بەرامبەر ئەوەی دۆخەکە دەیخوازێت.
بەربەستەکانی بەردەم هەڵبژاردنی پەرلەمان
ئەگەرچی زۆرینەی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان، لە میدیا فەرمی و نافەرمییەکانی خۆیاندا، باسیان لەوە دەکرد ئامادەی هەڵبژاردنن، بەڵام لە کۆبوونەوە نهێنی و داخراوەکاندا، بیانوو و قسەی جیاوازیان لەو بارەیەوە هەبوو. ئەوەی کە بە کرداری و هەنگاوی جیددی ویستی هەڵبژاردنی هەبوو، پارتی دیموکراتی کوردستان بوو، کە هەموو مەرجێکی قبوڵ بوو لە پێناو ئەوەی هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا بکرێت و تەمەنی ئەم خوولەی پەرلەمان درێژ نەکرێتەوە. بەڵام دواجار ویستی لایەنە ناکۆکەکان سەرکەوت و پارتیش بە ناچاری و لەپێناو دروست نەبوونی بۆشایی سیاسی دەنگیدا بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان. بە گشتی بەربەستەکانی بەردەم هەڵبژاردنی ئەمجارە، کورسی پێکهاتەکان و هەموار کردنەوەی یاسای هەڵبژاردن و کارا کردنەوەی کۆمیسیۆن بوو، کە ئەگەر لایەنە سیاسییەکان تێگەیشتنیان بۆ دۆخەکە هەبووایە شایەنی چارەسەر کردن بوو لە وادەیەکی نزیکدا، بەڵام لە بنەڕەتدا ئامادە نەبوونی هەندێک لایەنی سەرەکی کە تیایاندا هەن بەشدارن لە حکوومەت، ئامادەیی هەڵبژاردنیان تێدا نەبوو.
ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردن
بەر لە دیاری کردنی ڕۆژی هەڵبژاردن، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند؛ هه‌موو ئاماده‌كارییه‌ك بۆ هەڵبژاردن كراوه،‌ وه‌كو پێداویستییه‌كانی بوودجه‌ و ڕه‌خساندنی كه‌شێكی ئه‌رێنی و ئه‌منیی پارێزراو. ئەوەشی ڕاگەیاند؛ حكوومه‌ت ئامادەیە پاڵپشتی ئه‌و پڕۆسه‌یه‌ بكات و هه‌ر پێویستییه‌ك هه‌بێت له‌ڕووی لۆجستی و دارایییەوە پشتگیریی دەکات.
بەپێی لێدوانی، هەندرێن محەمەد، سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان، ئەمجارە لەبەرئەوەی تەکنەلۆجیا و بایۆمتری دێتە نێو هەڵبژاردنەوە، بەشێكی ئەو بودجەیە دەبێت لەگەڵ کۆمسیۆنی عێراقی یەکلایی بکەینەوە، گوتیشی: بودجە و تێچووی هەڵبژاردن تا کەم بێت باشترە، بەڵام بەجۆرێک بێت کە کاریگەری لەسەر کوالیتی نەبێت.
راشیگەیاند، لە هەڵبژاردنەکانی پێشتر نزیکەی پازدە ملیۆن دۆلاریان سەرف کرد، بەڵام ئەمجارە بەهۆی بەکارهێنانی تەکنەلۆجیاوە، رەنگە تێچووی هەڵبژاردن بگاتە بیست بۆ بیست و پێنج ملیۆن دۆلار.
ئەندامێکی لیژنەی کارا کردنەوەی کۆمیسیۆن لە پەرلەمان، ئەوەی بە هەولێر، ڕاگەیاندووە، کە پەرلەمانی کوردستان دەستی بە ڕێکارە یاساییەکان کردووە بۆ ئەو مەبەستە و دەڵێت: ڕێکارەکانی کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن دەستی پێکردووە و دەمانەوێت لە کاتی خۆیدا ھەڵبژاردن بکرێت.
سەبارەت بە هەمواری یاسای کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان، ئەم بابەتە پەیوەندی هەیە بە کێشە یاساییەکەی ئەنجومەنی کۆمسیاران، کە ئامرازی جێبەجێکردن و سەرپەرشتیکردنی ئەو هەڵبژاردنەیە، هەروەها ئەو هەموارەی کە حزبە سیاسییەکان داوای دەکەن بۆ یاسای ژمارە یەکی ساڵی 1992 کە تا ئێستا حەوت جار هەموار کراوەتەوە.
دیاری کردنی ڕۆژی هەڵبژاردن لە میدیا جیهانیەکاندا
دوای ئەوەی دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا کاتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانی ڕاگەیاند، میدیا جیهانییەکان بە چەندین شیوازی جیاواز گوزارشتیان لەو هەواڵە کرد و لە شیوەی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەوانیدا گرنگیان بەو بابەتە دا، فرانس ٢٤ی فەرەنسی، تیشکی خستووەتە سەر هەواڵەکە و لە ڕاپۆرتێکدا هۆکاری دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی بۆ هەبوونی ناکۆکی سیاسی نێوان لایەنەکانی هەرێم گەڕاندووەتەوە. ڕۆژنامەی ئیندیپێنتی بەریتانی سەرەڕای گرنگیدان بە هەواڵەکە ئەوەی خستووەتەڕوو کە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەهۆی ناسەقانگیری سیاسییەوە ساڵێک دواخراوە. ڕۆژنامەی لۆرێنتیش کە ڕۆژنامەیەکی فەرەنسیە، باس لەوە دەکات دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەهۆی ڕێکنەکەوتنی لایەنەکان بووە لەسەر بازنەی هەڵبژاردن.