لە قوتابخانەیەک دوو مێرمنداڵ بە چەقۆ هێرش دەکەنە سەر مامۆستایەک و برینداری دەکەن

له‌نێو قوتابخانه‌یه‌كى ئاماده‌یی له‌ شارى دهۆك، دوو مێرمنداڵ به‌ چه‌قۆ هێرشده‌كه‌نه‌ سه‌ر مامۆستایه‌ك و بریندارى ده‌كه‌، مامۆستاكه‌ش دەڵێت، یه‌كه‌مجاریەتی‌ بیانبینێت، هه‌ردوو مێرمنداڵه‌كه‌ش له‌لایه‌ن پۆلیسه‌وه‌ دەستگیرکراون و لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت. 

حه‌جى ره‌مه‌زان كه‌ یاریده‌ده‌رى به‌ڕێوه‌به‌رى قوتابخانه‌ى هێزه‌ له‌ دهۆك، رۆژی چوارشه‌ممه‌ى رابردوو 17-11-2021 رووداوەکەی بەسەرهاتووە، ئەو بە رووداوی گوت، “ئه‌و مێرمنداڵانه‌ به‌ جنێو و قسه‌ى ناشرین هێرشیان كردە‌ سه‌رم، منیش هه‌وڵمدا هێوریان بكه‌مه‌وه‌، به‌ڵام سوودى نه‌بوو، یه‌كێك له‌ مێرمنداڵه‌كان به‌ چه‌قۆیه‌كى نیمچه‌ بازنه‌یی هێرشى كرده‌ سه‌رم و روومه‌ت و ده‌ستمی بریندار كرد.” 

دواى رووداوه‌كه‌ پۆلیسى دهۆك هه‌ردوو مێرمنداڵه‌كه‌ى ده‌ستبه‌سه‌ركرد و په‌ڕاوى لێكۆڵینه‌وه‌ى بۆ رووداوه‌كه‌ كردووه‌ته‌وه‌. موقه‌ده‌م هێمن سلێمان، گوته‌بێژى پۆلیسى دهۆك لەبارەی رووداوەکە رایگەیاند، “به‌پێى لێكۆڵینه‌وه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان ده‌ركه‌وتووه‌ ئەو کەسەی چەقۆی وەشاندووە، سه‌رخۆشبووه‌، به‌ڵام ئەمه‌ نابێته‌ بیانوو بۆى، بۆیه‌ به‌پێى ماددەی 412 له ‌یاساى سزادانى عێراقى ده‌ستبه‌سه‌ركراوه ‌و لێكۆڵینه‌وه‌ی لەگەڵدا دەکرێت.”

 باوكى ئه‌و مێرمنداڵه‌ى كه‌ تۆمه‌تباره‌ به‌ برینداركردنى مامۆستاكه‌، به ‌رووداوى راگه‌یاند، ئه‌وان به‌رگرى له‌ كوڕه‌كه‌یان ناكه‌ن و یاسا هه‌ر سزایه‌كى بۆ دابنێت، پێشوازى لێده‌كه‌ن. له‌سه‌ر ئه‌و رووداوه‌ دوو سكاڵا له‌ دادگەی دهۆك تۆماركراون، یه‌كێكیان له‌لایه‌ن ئه‌و مامۆستایه‌ى كه‌ هێرشكراوه‌ته‌ سه‌رى و یه‌كێكى دیكه‌ش له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى په‌روه‌رده‌ی دهۆك، هه‌ردوولاش چاوه‌ڕێن دادگە بڕیارى كۆتایی له‌باره‌ى رووداوه‌كه‌وه‌ بدات.