سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

ئۆکرانیا: رووسیا لە یەک رۆژدا 50 هێرشی ئاسمانیی و 11 هێرشی مووشەکیی کردووەتە سەر وڵاتەکەمان

سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپای ئۆکرانیا رایگەیاند، سوپای رووسیا لەمیانی یەک رۆژی رابردوودا، 50 هێرشی ئاسمانیی و 11 هێرشی مووشەکیی کردووەتە سەر وڵاتەکەی.

لە راگەیەندراوێکدا کە لەلایەن سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپای ئۆکرانیاوە بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە کراوە کە رووسیا بەردەوامە لەسەر هێرشەکانی بۆسەر ئۆکرانیا.

سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپای ئۆکرانیا لە راگەیەندراوەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە رووسیا دوێنێ هەینی، 50 هێرشی ئاسمانیی و 11 هێرشی مووشەکیی ئەنجام داوە و هاتووە: “(رووسیا) بە سیستمی مووشەکهاوێژ 75 هێرشی کردووەتە سەر بنکە سەربازییەکان و ژێرخانی مەدەنی یەکەکانی نیشتەجێبوون، لەو هێرشانەدا هاووڵاتییانی مەدەنیش گیانیان لەدەستداوە”.

لە راگەیەندراوەکەدا باس لەوە کراوە کە هێزەکانی رووسیا هێرشەکانیان بۆ سەر لیمان، باخموت، ئاڤدیڤکا، مارینکا و شاهتێرسک چڕکردووەتەوە.

هەروەها لە راگەیەندراوەکەدا بانگەشەی ئەوە کراوە کە رووسیا شکستیهێناوە لە هێرشەکانی بۆسەر کوپیانسک و لیمان و هاتووە: “دوژمن بەردەوامە لەسەر هێرشەکانی بۆسەر باخموت. شکستیشی هێناوە لە هێرشەکانی بۆ سەر ئاڤدیڤکا، مارینکا و شاهتێرسک”.

لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش ئاشکرا کراوە کە هێزەکانی ئاسمانیی ئۆکرانیا لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا، 17 هێرشیان کردووەتە سەر ئەو ناوچانەی سوپای رووسیای لێیە و هاتووە: ”سەربازانمان هێلیکۆپتەرێکی Mi-24 و شەش فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دوژمنیان خستووەتەخوارەوە”.

هاوکات یەکەکانی تۆپهاوێژ و مووشەکهاوێژی ئۆکراینا دوو ناوچەی کۆبوونەوەی یەکەکانی رووسیا، دوو سیستمی دژە فڕۆکە، کۆگایەکی تەقەمەنی و دوو وێستەگەی شەڕی ئەلیکترۆنییان لەناوبردووە.