سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

رۆژنامه‌یه‌كی ئه‌مه‌ریكی: هه‌رێمی كوردستان پێشكه‌وتنێكی به‌رچاوی به‌خۆوه‌ بینیووه‌

به‌ گوێره‌ی راپۆرتێكی رۆژنامه‌یه‌كی ئه‌مه‌ریكی، له‌ماوه‌ی 20 ساڵی رابردوو، هه‌رێمی كوردستان پێشكه‌وتنێكی به‌رچاوی به‌خۆوه‌ بینیووه‌.

رۆژنامه‌ی (كریستیان ساینس مۆنیتۆری ئه‌مه‌ریكی) له‌میانه‌ی راپۆرتێكی رۆژنامه‌وانی ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ پێش ساڵی 2003، هه‌رێمی كوردستان پێشكه‌وتنی زۆر باشی به‌خۆوه‌ بینیووه‌.

راپۆرته‌كه‌ ئه‌وه‌شی خستووه‌ته‌ڕوو، له‌ماوه‌ی 20 ساڵی رابردوودا، هه‌ولێر پێشكه‌وتنی خێرای به‌خۆوه‌ بینیووه‌، به‌تایبه‌ت رێگا سه‌ره‌كی و خێراكان، كه‌  به‌ سیسته‌می ئه‌مه‌ریكی دروستكراون و له ‌هه‌ردوو به‌ری رێگاكان چێشتخانه‌ی ژه‌مه‌ خێراكان و باڵه‌خانه‌ی به‌رز ده‌بینرێن.

ئه‌و رۆژنامه‌ ئه‌مه‌ریكییه‌ باس له‌وه‌ش ده‌كات، به‌ر له‌ 20 ساڵ، هه‌ولێر بێ فڕۆكه‌خانه‌ بوو و له‌گه‌ڵ جیهانی ده‌ره‌وه‌ دابڕابوو، دوای جه‌نگی ئازادی عێراق له‌ 2003 و روخانی رژێمه‌كه‌ی سه‌دام حوسێن، فڕۆكه‌خانه‌ دروستكرا و گۆڕانكاری زۆر ده‌ركه‌وتن.

به‌ گوێره‌ی راپۆرته‌كه‌، كورد سوودمه‌ندی سه‌ره‌كی رووخانی رژێمی سه‌دام حوسێن بوو، ئه‌وان پێگه‌ی سیاسی خۆیان به‌هێزكرد و وه‌به‌رهێنانی بیانیان بۆ هه‌رێكی كوردستان راكێشا، دواتر به‌خێرایی بینیمان هه‌ولێر هه‌نگاوی گه‌وره‌ی نا و وه‌ك شارێكی ئاوه‌دان ده‌ركه‌وت، دوای چه‌ند ساڵێكیش ئه‌و فڕۆكه‌خانه‌ی كه‌ دروستكرابوو، له‌هه‌نگاوێكی دیكه‌دا فراوان كرا.

روونیشیكرده‌وه‌، كورد له‌هه‌رێمی كوردستان قۆناغی مه‌زڵوومه‌ییه‌تی تێپه‌ڕاند، ئێستا له‌ قۆناغی هێز و خۆپێگه‌یاندندایه‌.

راپۆرتی رۆژنامه‌ ئه‌مه‌ركییه‌كه له‌باره‌ی دروستبوونی ده‌وڵه‌تی كوردی باس له‌وه‌ ده‌كات، وڵاتانی رۆژئاوا (له‌رێگه‌ی په‌یماننامه‌ی سیڤه‌ر)ـه‌وه‌ له‌دوای جه‌نگی جیهانی یه‌كه‌م، به‌ڵێنییان به‌ كورد دا ده‌وڵه‌تێكی نه‌ته‌وه‌ییان بۆ پێكبهێنیت،  به‌ڵام به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ كوردستان بۆ چه‌ند پارچه‌یه‌ك دابه‌شكرا، دواتر شۆڕشه‌كان له‌ ئێران، عێراق، توركیا و سووریا ده‌ستیپێكرد.

رۆژنامه‌كه‌ بۆچوونی هۆشیار زێباری یه‌كه‌مین وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق له‌ دوای 2003 گواستووه‌ته‌وه‌، تێیدا زێباری ده‌ڵێت: ئێمه‌ ده‌زگاكانی هاوشێوه‌ی په‌رله‌مان و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانمان پێكهێنا، له‌به‌رامبه‌ردا شه‌ڕی ناوخۆیش له‌هه‌رێمی كوردستان هه‌بوو، به‌ڵام به‌سه‌ریدا زاڵ بووین.

زێباری هه‌روه‌ها گوتی: “گۆڕینی سیسته‌می حوكمڕانی له‌ به‌غدا، سوودی زۆری به‌ ناوچه‌كه‌ گه‌یاند”.

رۆژنامه‌ی كریستیان ساینس مۆنیتۆری ئه‌مه‌ریكی، له‌چوارچێوه‌ی راپۆرته‌كه‌یدا قسه‌كانی له‌تیف ره‌شید سه‌رۆك كۆماری عێراقی سه‌باره‌ت به‌ قۆناغی دوای 2003دا  گواستووه‌ته‌وه‌ و ده‌ڵێت: “كورد له‌ پاش ساڵی 2003، مه‌به‌ستی بوو ده‌وڵه‌تێكی دیموكراتی له‌عێراق بونیات بنێ، له‌هه‌مان كاتدا كورد مافی چاره‌ی خۆنووسینیشی ده‌ویست، دوای رووخانی سه‌دام حوسێن، ئه‌و ئامانجانه‌مان پێكا و بووین به‌ كۆمه‌ڵێكی به‌هێز له‌ به‌غدا”.