چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

نرخی نەوت و زێڕ دابەزی

رۆژی هەینی و لە دوایین رۆژی مامەڵەکاندا نرخی نەوت درێژەی بە دابەزینەکانی دا، ئەوەش بەهۆی نیگەرانی لە ئەگەری زیادبوونی نەوت دوای ئەوەی وەزیری وزەی ئەمریکا رایگەیاند کە رەنگە پڕکردنەوەی کۆگە ستراتیژییەکانی وڵاتەکەی چەندین ساڵ بخایێنێت. هاوکات نرخی زێڕ کەمێک دابەزی و ئەمڕۆ هەر ئۆنسەیەک بە نزیکەی دوو هەزار دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.

رۆژی هەینی نرخی زێڕ بە رێژەیەکی کەم دابەزی، بەڵام هێشتا لە نزیکەی دوو هەزار دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک مامەڵەی پێوەدەکرێت دوای ئەوەی رۆژی پێنجشەممە نرخەکەی نزیکەی 20 دۆلار بەرزبووەوە.

ئەمڕۆ هەینی ئۆنسەیەک زێڕ بە 1992 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک مامەڵەی پێوەدەکرێت، ئەمە لەکاتێکدایە سێ هەفتەی لەسەریەکە بەهۆی دابەزینی بەهای دۆلارەوە نرخی زێڕ بەرزدەبێتەوە و نزیکە لەوەی بە بەرزبوونەوە کۆتایی بەم هەفتەیەش بهێنێت.

بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ پەیوەندی بە پەشێوییەکانی سێکتەری بانکیی ئەمریکا هەیە کە وایکردووە بازرگانان زیاتر روو لە کڕینی زێڕ بکەن و وەک کاڵایەکی سەلامەت لێی بڕوانن.

لەم هەفتەیەدا بەهای دۆلار بەرامبەر بە دراوەکانی دیکە بۆ نزمترین ئاست لە 7 هەفتەی رابردوودا دابەزی، ئەوەش دوای ئەوە هات کە بانکی ناوەندیی ئەمریکا رێژەی سوودی بانکیی بەرزکردەوە، بەڵام ئاماژەی ئەوە لە گوتارەکەی سەرۆکی بانکەکە خوێندرایەوە کە رەنگە لە ماوەیەکی نزیکدا بەرزکردنەوەی رێژەی سوود کۆتایی پێ بێت، ئەوەش بەهۆی قەیرانە بانکییەکەی ئەم دواییەی وڵاتەکەی گرتەوە.

نرخی نەوت دابەزی

رۆژی هەینی، 24-03-2023، نرخی نەوتی برێنت 24 سەنت، یاخود 0.32٪ دابەزی و هەر بەرمیلێک بە 75 دۆلار و 67 سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت. نرخی نەوتی سووکی رۆژئاوای تێکساسیش 24 سەنت، یاخود 0.34$ دابەزی و هەر بەرمیلێک بە 69 دۆلار و 72 سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت.

هەرچەندە نرخی نەوت رۆژی پێنجشەممە نزیکەی 1٪ دابەزی، بەڵام تاوەکو ئێستا لەم هەفتەیەدا نزیکەی 3٪ بۆ 4٪ بەرزبووەتەوە، بەوەش بەراورد بە هەفتەی رابردوو نرخەکەی بووژاوەتەوە کە 12٪ دابەزیبوو، ئەوەش گەورەترین ئاستی دابەزینی هەفتانە بوو لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا.

هیرۆیوکی کیکوکاوا، بەڕێوەبەری گشتی لە دامەزراوەی نیسان بۆ لێکۆڵینەوە دەڵێت، “پاشەکشەیەک هەیە لەو بۆچوونەوەی کە پێیوابوو تەنانەت ئەگەر نرخی نەوتی رۆژئاوای تێکساس لە نێوان 67 بۆ 72 دۆلاریش بێت، ئەمریکا کۆگا نەوتییەکانی پڕناکاتەوە”.

تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو کۆشکی سپی رایگەیاندبوو، ئەگەر نرخی نەوتی سووکی تێکساس بۆ خوار نزیکەی 67 بۆ 72 دۆلار دابەزێت، ئەوا ئەمریکا نەوت دەکڕێتەوە بە مەبەستی پڕکردنەوەی کۆگای ستراتیژیی نەوتی وڵاتەکە.

هیرۆیوکی دەشڵێت، بەردەوامیی گەیشتنی نەوتی رووسیاش بۆ بازاڕەکانی جیهان کاریگەریی نەرێنیی لەسەر نرخی نەوت هەبووە کە هاوشان لەگەڵ نیگەرانییەکان لەبارەی سێکتەری بانکی، رەنگە لە هەفتەی داهاتوودا زووتر نرخی نەوت دابەزێنن.

ئەلیکساندەر نۆڤاک، جێگری سەرۆکوەزیرانی رووسیا پێشتر رایگەیاندبوو کە ماوەی کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان بە بڕی 500 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە تاوەکو مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ درێژدەکرێتەوە.

بەم پێیە، لە ماوەی نێوان ئادار بۆ حوزەیرانی ئەمساڵ، رووسیا 9.7 ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانە بەرهەمدەهێنێت، ئەوەش زۆر کەمترە لەو بڕەی پێشتر نۆڤاک رایگەیاندبوو کە 2.5 ملیۆن بەرمیل نەوت بوو.

هاوکات لەم هەفتەیەدا دابەزینی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دراوە سەرەکییەکانی دیکە بە رێژەی زیاتر لە 1٪، رێگری لە دابەزینی زیاتری نرخی نەوت کرد.