ئەمڕۆ پێنجشەممە، كۆمپانیای دابەشكردنی بەرهەمە نەوتییەكان لە ژمارەیەك وێستگەی پڕكردنەوەی سووتەمەنی لە بەغدا دەستی بە تاقیكردنەوەی پرۆسەی پارەدانی ئەلیكترۆنی (POS) كرد.
لەوبارەیەوە عاسم جیهاد ،وتەبێژی وەزارەتی نەوت، لە ڕاگەیەندراوێكدا ڕایگەیاند، كۆمپانیای دابەشكردنی بەرهەمە نەوتییەكان، بە هاوكاری بانكی ناوەندی عێراق و كۆمپانیاكانی خزمەتگوزاری كۆكردنەوەی پارەی ئەلیكترۆنی، توانیویەتی ئەمڕۆ دەست بە تاقیكردنەوەی پارەدانی ئەلیكترۆنی لە وێستگەی حورییە لە بەغدا بكات، وەك ئامادەكارییەك بۆ بەكارهێنان و گشتاندنی پراكتیكی تاقیكردنەوەكە لە بەغدا و پارێزگاكانی دیكە .
جیهاد ئاماژەی بەوەشدا، كە ئەمە بارگرانی لەسەر هاووڵاتی و وێستگەكانی سووتەمەنی كەمدەكاتەوە لە هەمان كاتدا دەبێتە هۆی پاراستنی پارەی گشتی و هەروەها گۆڕینی لە كاغەزەوە بۆ سیستەمی پارەدانی ئەلیكترۆنی.