لەماوەى ڕابردوودا وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستیى حکوومەتى هەرێمى کوردستان، داتا و زانیاریى لەسەر یەکەمەکانى زانکۆ و خاوەن بڕوانامە باڵاکان داوەتە وەزارەتى خوێندنى باڵاى عێراق و پەرلەمانتارێکى کوردیش لە ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق دەڵێت پێمان ڕاگەیەندراوە کە لە ئایندەیەکى نزیکدا چاوەڕێى هەواڵى دڵخۆشکەر بن لەو بارەیەوە.
ئهمڕۆ پێنجشهممه 23/3/2023، بڕیار ڕەشید، پەرلەمانتارى کورد لە ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق ڕاگەیاند:” بەمەبەستى بەدواداچوونى ئەو داوکارى و زانیارییانەى کە وەزارەتى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى حکوومەتى هەرێمى کوردستان بەمەبەستى دامەزراندنى یەکەمەکانى زانکۆ و پەیمانگاکان و خاوەن بڕوانامەکانى هەرێمى کوردستان دابویە وەزارەتى خوێندنى باڵاى عێراق، وەک لیژنەی خوێندنی باڵاى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق لەگەڵ هەریەک لە سەرۆکی دامەزراوەی ئەنجوومەنی ڕاژە و وەزیری خوێندنی باڵای حکوومەتی عێراق قسەمان کردووەو لە دوایین هەنگاوەکانی دامەزراندنمان کۆڵیوەتەوە”.
گوتیشى:” لەمیانى ئەو گفتوگۆیەدا، وەزیری خوێندنی باڵای عێراق و سەرۆکی ئەنجوومەنی ڕاژە پێیان ڕاگەیاندین کە کارەکانیان بەردەوامە بۆ دامەزراندنی یەکەمەکان و بڕوانامە باڵاکان، تەنانەت سەرۆکی ئەنجوومەنی ڕاژە دڵنیایی پێداین کە کۆبوونەوەیان لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵای حکوومەتى هەرێمى کوردستان دەرئەنجامی زۆر باشی هەبووە و پێی گوتین لە ئایندەیەکی نزیکدا وەڵامێکی دڵخۆشکەرتان دەدەینەوە”.