پەیامی پیرۆزبایی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە بۆنەی(١٧)ەمین ساڵیادی دامەزراندنی ڕادیۆی دەنگی کوردستان لە هەڵەبجە
بەڕێزان بەڕێوەبەر و ستافی بەڕێوەبردن و کارمەندانی ڕادیۆی دەنگی کوردستان لە هەڵەبجە.
لە بیرەوەری (١٧)ەمین ساڵیادی دامەزراندنی ڕادیۆی دەنگی کوردستان لە هەڵەبجە، گەرمترین پیرۆزبایی لە ئێوەی بەڕێز و بیسەرانی ڕادیۆ ئازیزەکەتان دەکەین و، دەستی هەوڵ و کۆشش و ماندووبوونتان دەگوشین، ئومێدەوارین بۆ ساڵی داهاتوو بە پلان و کارنامەی باشتر لە خزمەت و بەخشش بەردەوام بن.
ئێمە کاتێک ئەو بۆنەیە پیرۆز دەکەین لە هەمانکاتدا ڕۆڵ و کاریگەری ئەو کەناڵە ڕادیۆییە بەرزدەنرخێنین لەو دەڤەرە ئازیزەی هەڵەبجەی ناسنامەی خەبات و خۆڕاگریی و قوربانیدان، کە هەمیشە دەنگێکی زوڵال بووە بۆ داکۆکیکردن لە خواست و ویستی خەڵک و دانیشتوانی ئەو دەڤەرە سەربەرزە.
لەم یادەدا وێڕای پیرۆزبایی گەرممان، پشتیوانیی خۆمان بۆ بەرەوپێشچوونی ڕادیۆکەتان دووپات دەکەینەوە و هیواخوازین هەر لە پێشکەوتندابن بۆ خزمەتی زیاتری گوێگرانی هێژا و گەیاندنی پەیامی نەتەوەیی و نیشتمانی.
هەر سەرکەوتووبن.
بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی
پارتی دیموکراتی کوردستان