کاری دەستی لە هەرێمی کوردستاندا وەک پیشەیەکی بەربڵاو خانمانێکی زۆری بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە و خانمان گەرچی دەڵێن ماندووبونی زۆرە و پێویستی بە وردی و سەلیقە و کارامەیی هەیە بەڵام لە هەمانکاتدا بۆ ئەوان وەک سەرچاوەیەکی داهاتە و هۆکارێکە بۆ ئەوەی بتوانن لەسەر پێی خۆیان بوەستن و پشت بەخۆیان ببەستن. ئەم کارە ماوهیهكه له ناو کۆمەڵی ژنانی كورددا زیاتر گرنگی پێ دهدرێت و ساڵانه له شارهكان پێشانگای تایبهت بهخۆیان دهكهنهوه ودهستڕهنگینییان تێدا دهردهخەن، به جۆرێك زۆربهی ئهو كهسانهی ئهو كاره دهكهن بووه به داهاتێكیش بۆ ژیانیان.
ئێستاکە لە هەرێمی کوردستان خانمان زیاتر هۆشیارن و ئارەزووی ئەوە دەکەن کە داهاتی تایبەت بە خۆیان هەبێت؛ زۆرینەی ئەو ئافرەتانەی کە دانەمەزراون یان لە کەرتی تایبەت کار ناکەن هەوڵی ئەوەیان داوە کاری تایبەت بە خۆیان هەبێت، ئیتر ئایا چنین و کاری دەستی بێت یاخود درومان و دیزاینکردنی جلوبەرگ یان دروستکردنی خواردەمەنی و چەندین کاری تر؛ ئەگەر شوێنێکیشیان نەبێت ئەوا زۆربەی جار سۆشیاڵ میدیا دەبێتە سەکۆیەک بۆ ساغکردنەوەی بەرهەمەکانیان. هەندێک جاریش لە ڤیستیڤاڵەکاندا کارەکانی خۆیان نمایش دەکەن کە هەم دەتوانن بەرهەمەکانیان ساخ بکەنەوە هەمیش بەرهەمەکانیان بناسێنن.
جگە لەمانەش لە کوردستاندا خانمان توانیویانە لە نێو چەند کۆمەلڵەیەکدا کۆ ببنەوە بۆ پشتگیری لە یەکتر و ناساندنی بەرهەمەکانی یەکتر بۆ نمونە کۆمەڵەی کارسازی خانمانی کوردستان، لە ساڵی ٢٠١٢دا دامەزراوە، پشتگیری لە خانمانی خاوەن کار و پڕۆژە دەکات و ئەو ئافرەتانە کۆ دەکاتەوە کە دەستڕەنگین و کاری دەستی کولتووری دەکەن.
تریسکە ئیحسان ئەسعەدی، سەرۆکی کۆمەڵەی کارسازی خانمانی کوردستان، ئاماژە بەوە دەدات، کە ئەوان وەک کۆمەڵەکەیان لە هەوڵی ئەوەدان کە زۆربەی زۆری خانمان بکەونە سەر پیشە و کاری دەستیی خۆیان، بتوانن بژێوی خۆیان دابین بکەن، لەبەرئەوەی ئێستا پێداویستییەکانی ژیان زۆرن و وەک جاران نییە، پیاو بەتەنیا ناتوانێت بژێو دابین بکات، بۆیە کۆمەڵەکەیان ئەو خانمانەی دەستڕەنگینن کۆ دەکاتەوە و هانیان دەدات: ”زۆربەی کات کە پێیان دەڵێین ئەمڕۆ لەسەر مێزێکن، بەیانی دەبنە بڕاندێکی جیهانی، بەتایبەت کە ئافرەتی کورد لە سەردەمی زووەوە، کارە دەستییەکانی زۆر نایاب بووە“.
سەرۆکی کۆمەڵەی کارسازی خانمان، ئەوەشی خستە روو، کە کوردستان، ماوەیەکی زۆربوو کاری دەستی نەمابوو، هەرچی هەبوو لە چین دەهێنرا، بۆیە ئەوان ئامانجیان ئەوە بوو کە ئەو کولتوورە زیندوو بکەنەوە، بەتایبەت لەکاتێکدا کوردستان شوێنێکی گەشتیارییە و گەشتیار ڕووی تێ دەکات، زۆربەی گەشتیارانیش بچنە هەر وڵاتێک شتێکی کولتووری بۆ یادگاری دەبەنەوە، بۆیە ئامانجیان ئەوە بووە، کارە دەستییە کولتوورییەکان نەفەوتێن و پیشەیەکیش بۆ خانمانی دەستڕەنگین دابین بکەن.
بەپێی ئاماریک، لە هەرێمی کوردستان لە ٨٦٪ی ئافرەتان لە کەرتی گشتی و ١٤٪شیان لە کەرتی تایبەتدا کار دەکەن.
وەزارەتی پلاندانانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هاوکاری ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمان لە ساڵی ٢٠١٩ کۆنفرانسێکیان بۆ بڵاوکردنەوەی ئاماری دەستی کاری ئافرەتان لە هەرێمی کوردستان ئەنجامدا.
سیروان محەمەد، سەرۆکی دەستەی ئاماری هەرێم ڕایگەیاند : لە هەرێمی کوردستان لە ١٤٪ ی ئافرەتان لە کەرتی کاردا کاردەکەن و ٨٦٪یشیان لە کەرتی گشتی کار دەکەن.
وتیشی: ئافرەتانی کورد بە ڕێژەی لە ١٪ لە کەرتی وەبەرهێنان کار دەکەن کە ئەمەش بەراورد بە وڵاتان ڕێژەیەکی زۆر کەمە. هەرچەندە ئاماری نوێ بۆ ئەمساڵ لەبەردەستدا نییە بەڵام زۆر بە ڕوونی دەتوانین ببینین کە لەو ساڵەوە تا ئێستا ڕێژەکە بە شێوەییەکی بەرچاو زیادیکردووە و بەردەوامیش ڕوو لە زیادبوونە.
هاوکات کۆسار کەریم، بەڕێوەبەری گشتی لە ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمان، ڕاگەیاند: بەپێی ئەو بەدواداچوونەی ئەنجومەنی کاروباری خانمان ئەنجامی داوە ئافرەتانی کورد کەرتی گشتییان بەلاوە گرنگترە هۆکارەکەش بۆ ئەوە دەگێڕنەوە لە کەرتی تایبەت کەمتر هاوکاری ئافرەتان دەکرێت لەڕووی پێدانی مۆڵەتی دایکایەتی و جیاوازیش لە نێوان مووچەی پیاو و ئافرەتدا دەکرێت.