پرۆسەی هاوسەرگیری تاكە ڕێگەیە بۆ بەردەوامبوونی ژیان و مرۆڤایەتی و سەرچاوەی پێكەوەنانی خێزانە، وەكچۆن لۆك دەڵێت: هاوسەرگیری جەنگێكە زوو بێت یان درەنگ، هەموومان هەر دەبێ بکەین.
سەردەمی بەجیهانیكردن و بە سۆشیاڵ میدیاكردنی كۆمەڵگا، پەیوەندیی خۆشەویستی و سۆزداری خوێندنەوەی جیاوازی بۆ دەكرێت. بەپێی توێژینەوەی كۆمەڵناسەكان خۆشەویستی نێوان ژن و پیاو تواوەتەوە، یان تەواو ون بووە. ژنە كۆمەڵناسی فەڕەنسی بە ڕەچەڵەك مەغریبی (ئیڤا لۆز) لە كتێبی (نەمانی خۆشەویستی)دا دەڵێت: ئەوانەی پێشتر یەكتریان خۆش دەویست، لە ئێستادا یەكتر بەجێ دەهێڵن. ئەگەر خۆشەویستی لە پێشوودا پابەندبوونی ئەخلاقیی نێوان دوو ڕەگەز بووبێت، ئێستا بەرەبەرە ئەو پابەندبوونە ئەخلاقییە لە نێو دنیای سۆشیاڵ میدیا و سەرمایەداری و ڕیكلامدا بزر دەبێت. ئەمڕۆ لە كوردستانی خۆشماندا گلەیی لە كاڵبوونەوەی خۆشەویستیی نێوانی تاكەكان دەكرێت.
پرسیار دەکرێت “ئاخۆ چ تەمەنێک گەنجاوە بۆ هاوسەرگیری؟” وەڵامەکەی بە گوێرەی ڕای کەسەکە دەگۆڕێت، لە ڕاستیدا “کاتی گونجاو هەیە بۆ هاوسەرگیری نەک تەمەنی گونجاو” واتە مەرج نییە تەمەنێکی دیاریکراو بێت، بەڵکو کاتێکی دیاریکراو هەیە لە ژیانی تاکدا کە گونجاوە بۆ هاوسەرگیری.
جەعفەر عومەر پسپۆڕی دەروونی باشترین كاتی بۆ هاوسەرگیری دەستنیشان كردووە و ئەو پێی وایە کاتێک کە تاک توانیی هەموو پێداویستییەکی کەسی، خێزانی، کۆمەڵایەتی، کلتوری، ئابووری و هتد، دابین بکا بۆ هاوسەرگیری، ئەو کاتە دەتوانێت هاوسەرگیری بکات و دەستەبەرکردنی ئەم پێداویستییانەش بەپێی تەمەن لە تاکێکەوە بۆ تاکێکی تر دەگۆڕێت بە گشتییش لە کۆمەڵگەی کوردیدا گەنج لە تەمەنی ٢٥ بۆ ٣٠ ساڵاندا پێدەگات و ئەو کاتە گونجاوە.
جەعفەر مایی شارەزای كۆمەڵایەتی، ئاماژە بەوە دەدا كە هەموو كۆمەڵگایەک لەكاتی هەنگاونانیدا لە قۆناغێكەوە بۆقۆناغێكی نوێ ڕووبەڕووی كێشەی كەمبوونەوەی پرۆسەی هاوسەرگیری دەبێتەوە، ڕوون و ئاشكرایە كۆمەڵگای كوردەواری لە كۆمەڵگایەکی خێڵەكییەوە هەنگاو دەنێت بەرەو مەدەنیبوون، لەبەر ئەوە نۆرمە كۆمەڵایەتیەكان گۆڕانكارییان بەسەردا دێت و پرۆسەی هاوسەرگیری ڕوو لە دابەزین دەكات و تەڵاق زیاد دەبێت.
هۆکارەکانی کەمداگەڕانی ڕێژەی هاوسەرگیری
ئاشکرایە کە ئێستاکە ڕێژەی هاوسەرگیری کەمی کردووە، دیارە ئەمەش پەیوەندی بە چەند هۆکارێکەوە هەیە و ئەو هۆکارانەش فرە ڕەهەندن و ناتوانرێت لە هۆکارێکدا کورت بکرێنەوە، لێرەدا هۆکارە هەرە سەرەکییەکان باس دەکەین:
١. هۆکاری ئابووری
•ناسەقامگیریی باری ئابووری و بەرزبوونەوەی ڕێژەی بێکاری بەتایبەتی لەناو چینی گەنجان و دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگەکان، یاخود کارکردن لە هەندێک کاردا بە کرێیەکی کەم، یان کارێکی کاتی بۆ ماوەیەکی دیاریکراو و نەتوانینی دەستەبەرکردنی ژیانێکی شایستە بە خێزان و خستنەوەی منداڵ لە داهاتوودا، کە ئەرکی سەرشانیان قورستر دەکات.
•بەرزبوونەوەی رادەی داواکاریی کچان لە کوڕان، کە لە توانایاندا نییە بەتایبەتی هەندێک شتی ڕۆتینی و ڕووکەش و زیادەڕۆییکردن لە داواکارییەکانیاندا.
٢. کۆچکردنی گەنجان بۆ دەرەوەی وڵات
گەنجان کاتێک کۆچ دەکەن و وڵاتی خۆیان بەجێ دەهێڵن واتا کار و شوناس و هەموو شتیان لەدوای خۆیان جێدەهێڵن. واتا لەو وڵاتەی بۆی دەچن دەبێت سەر لەنوێ ژیانی خۆیان ڕێک بخەن و ناسنامەی نوێ بۆ خۆیان دەستەبەربکەن ئەمەش پرۆسەی هاوسەرگیری دوا دەخات.
٣. هۆکاری دەروونی:
-ئەزموونی سەرنەکەوتنی هەندێک لە گەنجان لە پێشوودا، خراپ کاری کردووەتە سەر گەنجان و، وای کردووە کە ترسیان هەبێت لە دووبارەبوونەوەی ئەو ئەزموونە شکستخواردووە، لە ئەگەری هاوسەرگیریکردنیاندا.
-نەبوونی متمانەی گەنجان بە خودی خۆیان، کە زۆرجار بە هۆکاری کەمیی داهات، ترسیان دەبێت لەوەی هاوسەرەکانیان بەو جۆرە لەگەڵیاندا هەڵبکەن، ئەمەش وا دەکات دوورەپەرێز بن لە هاوسەرگیری.
-نەبوونی سانسۆر لەسەر کەناڵەکانی ڕاگەیاندن و سۆشیاڵ میدیا، وای کردووە کۆمەڵێک بەرنامە و درامای بیانی پەخش بکرێت، کە دوورن لە دابونەریت و کولتووری کوردەواری، ئەمەش بووەتە هۆ جۆرێک بێمتمانەیی لای گەنجان، کە لە ترسی خیانەتدا نەوێرن ژن بهێنین.
-زیادەڕۆییکردنی گەنجان لە پێشینەی داواکارییەکانیان، بەوەی کە بە دوای کەسێکدا دەگەڕێن، کە لە ئاستی خۆیاندا بێت لە ڕووی (بڕوانامە و جوانی و بنەماڵە و، هتد)، کە ئەمەش زۆرجار دەبێتە دواکەوتنیان لە پێکهێنانی خێزان، کاتێکیش دەچنە تەمەنێکی زۆرەوە تاقەت و ئارەزوویان بۆ پڕۆسەکە نامێنێت.
-ترسی گەنجان لە پابەندبوونیان بە خێزان بە هۆکاری ئەوەی کە هاوسەرگیری لەسەر بنەمای (وەرگرتن و بەخشین) بنیاتنراوە، واتا ئەرک و بەرپرسیارێتی هەڵگرتن، بۆیە هەندێک جار وا لێک دەدرێتەوە، کە ئەم پابەندبوونە جۆرە کۆتوبەندێکە و، ئازادییان لێ سنووردار دەکا؛ ئەمەش لەگەڵ خولیایاندا ناگونجێت و هەست دەکەن سەربەستییان لەدەست دەدەن.
-بیرکردنەوە لە داهاتوو لە جیاتی هاوسەرگیری؛ واتا گەنجان بەجۆرێک پلانیان بۆ دواڕۆژی خۆیان داڕشتووە، کە زیاتر سەرقاڵ بن بە (تەواوکردنی خوێندن تا دوا ئاستەکان، یان ئیشی ڕێکخراوەیی و، هتد)، ئەم سەرقاڵییەیان وادەکات، کە ئەوەندە پڕۆسەی هاوسەرگیریکردنیان دوا بخات کە فریای هاوسەرگیری نەکەون.
-هەندێک خێزان دەیانەوێت خۆیان هاوسەر بۆ نەوەکانیان بدۆزنەوە، کە ئەمەش زۆر جار دەبێتە هۆی دواکەوتنی گەنجان لە هاوسەرگیری ئەو دەمەی تەمەنیشیان بەسەر دەچێ بەئەستەم دەتوانن هاوسەرگیری بکەن.