یادی ٣٥ ساڵەی تاوانی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە کرایەوە و، دوای تێپەڕینی ئەو ماوە درێژە بەسەر قێزەونترین تاوان کە لە دژی مرۆڤدا کراوە، هێشتا برینەکان ساڕێژ نەبوون و نە گەلی کورد و نە کەسوکاری قوربانییان قەرەبوو نەکراونەتەوە و میراتگری ڕژێمەکەش وەک ئەوەی هیچ بەرپرسیارێتییەکی لەسەر نەبێت خۆی لەو تاوانە گەورەیە گێل کردووە.
وەک ئاشکرایە دوای ئازادبوونی عێراق لە دەستی رژێمی بەعس و پەسندکردنی دەستوور و دامەزرانی دەوڵەتێکی نوێی فیدراڵی هەموو چاوەڕوانییەکانی کورد ئەوە بوو کۆتایی یەکجارەکی بەو ستەم و زوڵم و زۆرییانە بێت کە لەرابردوودا دەرحەق بەو کراوە و چیتر لە ژێر سایەیی هیچ دەسەڵاتێکی بەغدا نەچەوسێتەوە و لە هەمان کاتدا قەرەبووی زەرەر و زیانەکانی رابردووی بکرێتەوە لە وێرانکردنی هەزاران گوندەوە بگرە تا دەگاتە ئەنفال و کیمیابارانکردنی هەڵەبجە و دەیان تاوانی مرۆیی و ژینگەیی و ئابووری تر کە دژی کوردستان ئەنجام درا.
ساڵانە ئەرکی حکوومەتی عێراق لە یادکردنەوەی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە تەنیا ئەوە بووە بەیاننامەیەک دەربکات و ئەوپەڕەکەی شاندێک ڕەوانەی هەڵەبجە بکات و هاوسۆزی و هاوخەمی خۆی دەرببڕێت بەڵام کە دەگاتە پرسی قەرەبووکردنەوەی شارەکە و کەسوکاری قوربانییان لێی بێدەنگ دەبێت. بەوەش ناوەستن و بە هەمان ئاوازی جاران دژایەتی هەرێمی کوردستان و گەلی کورد دەکەن و نەک باسی قەرەبوو ناکەن و نایکەنە پرسێکی نێودەوڵەتیی بەڵکوو ماف و پشکەکانی هەرێمی کوردستانیش دابین ناکەن و بە منەتەوە دوای چەندین مانگ و هەندێک جار چەندی ساڵ پشکی بودجە یان مافی جووتیاران دەنێرن.
ئەوەی بەرانبەر بە هەڵەبجەییەکان کرا کۆمەڵکوژی و جینۆساید بوو کە دەکرا زۆر زووتر لە ئێستا وێڕای بە جینۆساید ناساندنی تاوانەکە لە دادگا نێودەوڵەتییەکان، حکوومەتی فیدراڵی عێراق قەرەبووی کەسوکاری قوربانییانی کیمیابارانکردنی هەڵەبجەی کردبایەوە.
ئەوەی بۆ هەڵەبجە کراوە تەنیا لە لایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە بووە و حکوومەتی هەرێمی کوردستان زۆر بە بایەخەوە لە ئاودانکردنەوەی شارەکە دەڕوانێت، هەرچەندە دەبوایە زیاتر پێشکەشی هەڵەبجە بکات.