حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامە لە پێشکەش کردنی خزمەتگوزاری بۆ هاووڵاتیان و ئاستی خزمەتگوزارییەکان پێی ناوەتە قۆناغێکی نوێوە. بە گوتەی سەرۆکی شارەوانی هەولێر، ئەمساڵ دەبێتە ساڵی ئاوەدانی لەو سنوورە و تا ئێستاش توانراوە زۆرترین پڕۆژەی خزمەتگوزاریی بۆ گەڕەکەکانی باشوور و باکووری ھەولێر ئامادە بکرێت. عەبدول واحید ئەحمەد حەمەد، سەرۆکی شارەوانی ھەولێر، لەم دیمانەیەی لەگەڵ ڕۆژنامەی ھەولێرـدا، ئاماژە بۆ چەند پڕۆژەیەکی مۆدێرن و دروستکردنی بەرزە برد و ئۆڤەر فڵای دەکات، کە دەتوانرێت بەهۆیەوە کۆتایی بە کێشەکانی قەرەباڵغی و جەنجاڵی شەقامەکانی هاتوچۆ بھێنرێت و تیشکیش دەخاتە سەر بەرنامەیەکی تۆکمە بۆ کەمکردنەوەی ڕۆتین لە فەرمانگەکەیان و بە سیستەمێکی ئەلیکترۆنی دەتوانرێت کارئاسانی بۆ مامەڵەی ھاووڵاتیان بکرێت. جگە لە کارکردنی بەردەوام لە گەڕەکی ٨ حەسارۆک، کە لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی بەردەوام کار بۆ دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان لەو گەڕەکە دەکرێت.
*ئەولەویەتی کاکردنی ئێوە لەم کابینەدا چیە و ئەمساڵ چی کراوە بۆ ئاوەدانی ھەولێر؟
- ئەولەویەتی کارکردنی ئێمە لە سەرۆکایەتی شارەوانی ھەولێر، زۆرترین خزمەتگوزاریی بگەیەنینە گەڕەکەکانی سنووری پارێزگای ھەولێر، بۆ ئەو مەبەستەش لە ساڵی ڕابردوودا توانیمان ١٥٪ـی بودجە لە داھاتی فەرمانگەکەمان کۆبکەینەوە بۆ ئەنجامدانی پڕۆژە بچووکە خزمەتگوزارییەکانی کە بۆ گەڕەکەکان پێویستە و توانیمان بڕی دوانزە ملیار دینار دابین بکەین بۆ باشووری ھەولێر، کە لە شەقامی سەرەکی کەسنەزان دەستپێدەکات تا دەگات بە شەقامی موسڵ و ئەو گەڕەکەکانەی کەوتوونەتە ئەو سنوورە و ئەو گەڕەکانەش پێویستیان بە خزمەتگوزاریی خێرا ھەبوو، توانیمان بە سەدان شەقام و کۆڵان قیرتاو بکەین، جگە لە دروستکردنی چەند باخچەیەکی بچووک و دابینکردنی کەلوپەلی یاری منداڵان لە نێو باخچەکاندا، ئەمەش بەرنامەی سەرەکی سەرۆکایەتی شارەوانی ھەولێر بوو، کە بە سەرکەوتوویی لە ساڵی ٢٠٢٢ ئەنجام بدرێت.
- بودجەی پەرەپێدانی پارێزگا بۆ چ مەبەستێک خەرج دەکرێت؟
- بودجەی پەرەپێدانی پارێزگا لە لایەن پارێزگاری ھەولێرەوە دابین کراوە و توانراوە بڕی ١٧ ملیار دینار بۆ پڕۆژەی خزمەتگوزاریی خەرج بکەینەوە و لە کۆی گشتی ٣٠ ملیار دینار کە بۆ پرۆژەی مام ناوەندی پێ ئەنجام دەدرێت.
- شەقامە نوێیەکان دەکەونە چ گەڕەکێکی ھەولێر؟
٧٠٪ـی شەقامە تازەکان دەکەوێتە گەڕەکی نازماوە و قەتەوی و ٥ـی حەسارۆک و فەرمانبەران و گەڕەکەکانی سەر ڕێگای کەرکوک، چونکە ئەو گەڕەکانە پێویستیان بە خزمەتگوزاریی ھەیە، ئێمەش دوای پەسەندکردنی ئەو پڕۆژانەی کە پێشکەشمان کردن، کە گوژمەکەی زیاتر لە ١٩ ملیار دینار و ٥٠٩ ملیۆن دینارە و ئەو بەشانە دەگرێتەوە، کە پێی دەگوترێت دروستکردن و گەیاندنی شەقام بە ڕێژەی ٧٣٪ و تەنیا دروستکردنی شەقام ١١٪یە، نۆژەنکردنەوەی شەقامەکان ١٢٪، قیرتاوکردن لە ٦١٪ و کۆنکریت کردنی شەقامەکان ١٦٪ـیە و مەبەستیش لە کۆنکریت کردنی شەقامەکان ئەوەیە، کە زۆرجار پانتایی شەقامەکان یان کۆڵانەکان بچووکترە لەوەی فارێشە بچێتە ناو گەڕەکەکە، بۆیە ئێمە دەیکەن بە کۆنکریت.
ھەروەھا ٢٧٪ـی ئەو بڕە پارەیەی لەبەردەست دایە، بۆ دروستکردنی چەندین باخچەی بچووک لە نێو گەڕەکەکان بەکاردێنین، مەبەستیش لە دروستکردنی ئەو باخچە بچووکانەش ئەوەیە، کە ئاسانکاریی بۆ خەڵکی کەمدەرامەت بکەین و دانانی سێتی یارییەکانی منداڵانیش لە نێو باخچەکان زیاتر بۆ ئەوەیە، کە ئەو گەڕەکانە بێبەش نەبن لە سەوزایی، ھاوکات ئەو دەرخستانەی ئامادەکراون لەسەر بودجەی وەزارەتی شارەوانی زیاتر لە ١٠ ملیارمان داوا کردووە و چاوەڕوانی ڕەزامەندین بۆ پەسەندکردنی، ھاوکات لە بودجەی پەرپێدانی پارێزگای ھەولێر تا ئێستا ٥٣ پڕۆژەمان ئامادەیە بۆ ئەنجامدان، کۆی گوژمەی ئەو پڕۆژانەش ٧٨ ملیار دینارە، ئەگەر ئەو بودجەیەش ڕەزامەندی لەسەر بدرێت زۆرترین پڕۆژەی خزمەتگوزاریی دەکەوێتە بواری جێبەجێکردن. - بەپێی ئەو داتایانە بێت ٢٠٢٣ دەبێت ناوبنرێت ساڵی ئاوەدانی ھەولێر؟
- بەپێی پلانەکانی ئێمە بێت، بەدڵنیاییەوە ٢٠٢٣ دەبێتە ساڵی ئەنجامدانی پڕۆژە ناوازەکان و ساڵی ئاوەدانی ھەولێر، جگە لەمەش چەند پڕۆژەیەکی ستراتیژی ھەیە کە پێویستی بە تەرخانکردنی بڕە بودجەیەکی تایبەتە، کە لە دروستکردنی بەرزە پرد و تونێلی تایبەت لە چواڕیانی شەقامی مەخموور خەرج دەکرێت، ئەمەش بۆ کەمکردنەوەی جەنجاڵی شەقامەکە و بۆ ئەو مەبەستەش پێویستمان بە ١٧ ملیۆن دۆلارە و ئاسانکارییەکی زۆر بۆ ھاوڵاتیان دەکات و دەبێتە پڕۆژەیەکی ستراتیژی مۆدێرن، ھەروەھا یەکێکی تر لەو پڕۆژانەی نەخشەمان بۆ داناوە (یوتێرن)ـەکە لە شەقامی سەرەکی شەقڵاوە بۆ ئەوەی جەنجاڵی دروست نەبێت لە کاتی پێچ کردنەوەی شوفێران لەو شەقامە پێویستمان بەو یوتێرنە ئۆڤەرفڵایەیە بۆ ڕێگری کردن لە دروستبوونی قەرەباڵغی شەقامەکە، جگە لەوەش دروستکردنی بەرزە پردێک لە شەقامی ٦٠ مەتری و نزیک سەنتەری میدیا، کە ئەگەر تێبینیتان کردبێت دەبینین بەھۆی دوکانی جوانکارییەکانی ئۆتۆمبێل قەرەباڵغیەکی دروست دەبێت، بۆ ئەو مەبەستەش پێویستیمان بە بڕی ٥ ملیۆن دۆلار دەبێت تا بەرزە پردەکە بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە و پاشان دەست دەکەین بە دروستکردنی بەرزە پردێکی دیکە لە گەڕەکی سەربەستی، کە دەکەوێتە شەقامی پاسەپۆرت و نشینگەی کۆن، کە ئەویش پێویستی بە بەرزە پردێکە و ئۆڤەرفڵایەکی نەخشەی بۆ دانراوە لە شەقامی گوڵان و تەواوکردنی لوپێکە لە شەقامی مەخموور، ئەوانەی باسم کردن ھەموویان پڕۆژە ستراتیژییەکانی ھەولێرن لە ماوەی ئەمساڵدا گەر بودجەیان بۆ تەرخان بکرێت جێبەجێ دەکرێت و کار ئاسانیەکی زۆر بۆ ھاووڵاتیان دەکات، کە ھەرچیەک بۆ ھاوڵاتی خۆمان بکەین، ھێشتا ناگات بە دڵۆپێک لە دەریایەک، چونکە ئێمە لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان خۆمان بە خزمەتکاریی ھاووڵاتیان دەزانین.
- گرفتەکانی گەڕەکی ٨ حەسارۆک بە کوێ گەیشت؟
- لە کاتی سەردانەکەی بەڕێز سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کورستان، تەواوی فەرمانگەکانی ڕاسپارد، کە دەبێت بەزووترین کات بێنە سەر ھێڵ بۆ دابینکردنی خزمەتگوزاریی لەو گەڕەکە، ئێمەش وەک سەرۆکایەتی شارەوانی ھەولێر ھەڵساین بە دابینکردنی چەند پارچە زەوییەک لەو کەرتە و فرۆشتنی لە ڕێگەی زیادکردنی ئاشکرا و بەشێک لەو زەوییانەش فرۆشران و بەشێک لە پارەکەشی توانرا شەقامێکی ٦٠ مەتری بە تەواوی خزمەتگوزارییەکانی لە ئاو و ئاوەڕۆ و گشت پێداویستیەکان دابینکرا، لە ڕۆژی ١٤/٣ـشدا بە ھەزاران دار بۆ زیادرکردنی ڕێژەی سەوزایی لەو کەرتەدا، کە ئەمەش ڕاسپاردەی سەرۆکی حکوومەتە، بۆ ئاوەدانکردن و خزمەتکردنی ٨ حەسارۆک، کە ١٧ ساڵە ئەم گەڕەکە بێبەشە لە خزمەتگوزاریی، سەرەڕای دانانی سندوقی و لولەیی لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی ئاوەڕۆی ھەولێر لەسەر گوژمەی داھاتی سەرۆکایەتی شارەوانی ھەولێر ئەمەشیان جێبەجێکراوە و چوار بیری ئاویش لەو گەڕەکە لێدراوە بۆ ئەوەی بتوانرێت خزمەتی ئەو گەڕەکەی پێ بکرێت و لە ئاییندەیەکی نزیکیش شەقامەکە بە ڕووی ھاوڵاتیان دەکرێتەوە، ھاوکات پڕۆژەی دیکەی دروستکردنی چەند شەقامێکی دیکەمان وەک دەرخستەیەک ئامادەکردووە بۆ خزمەتکردنی ئەو گەڕەکە نوێیەی ھەولێر.
- کەی کۆتایی بە تەواوی کارەکانی ٨ حەسارۆک دەھێنرێت؟
- ٨ی حەسارۆک گەورەترین گەڕەکی ھەولێر دەبێت، کە ١٦ ھەزار یەکەی نیشتەجێبوون لەخۆوە دەگرێت، کە ڕێژەیەکی زۆرە، بۆیە دیاریکردنی کات سەختە، بەڵام ئێمە بەردەوام دەبین لە کارکردن لەو سنوورە و لەسەر فەرمانی سەرۆکی حکوومەتیش زۆرترین خزمەتگوزاریی دەگەیەنینە ئەو گەڕەکە.
- چیتان کردووە بۆ زیادکردنی ڕێژەی سەوزایی پایتەخت؟
- لە یادی لە دایکبوونی بارزانی نەمر، ھەڵمەتێکی فراوان بەڕێوەچوو، کە ھەزاران نەمام چێندران بە مەبەستی زیادکردنی ڕێژەی سەوزایی ھەولێر و بەردەوامیش دەبێت، بە بەراوردیش توانراوە لە ساڵی ٢٠٢٢ـەوە ڕێژەکە بەرز بکرێتەوە بۆ ١٩٪، بەڵام ھێشتا کەمە و ئێمە بە لایەنی کەم لە پلانمان دایە ڕێژەی سەوزایی بگەیەنینە ٢٥٪ و سەرووی ئەو ڕێژەیە، ئەمەش بەپێی پلانەکانی سەرۆکایەتی شارەوانی ھەولێر، بۆ ئەو مەبەستەش لەم ساڵدا ٢٧٪ی داھاتی شارەوانی تەرخان دەکەین بۆ دروستکردنی چەندین باخچەی نوێ لە گەڕەکە کەمدەرامەتەکانی ھەولێر و دانانی سێتی یاری منداڵان، بۆ ئەوەی کارئاسانی بۆ ھاووڵاتی بکات، ھەروەھا ڕێژەی سەوزایش زیاد بکات.
- چ بەرنامەیەک لەبەردەستە بۆ کەمکردنەوەی ڕۆتین لە مامەڵەی ھاوڵاتیاندا؟
- ئێستا سەرگەرمی جێبەجێکردنی پڕۆژەیەکی بە ئەلیکترۆنی کردنی بەشەکانی شارەوانی ھەولێرین، کە لەمەولا ھاوڵاتیان پێویستیان بەوە نابێت سەردانی سەرۆکایەتی شارەوانی ھەولێر بکەن بۆ مامەڵەکانیان لەو فەرمانگەیەی حکوومەتدا و دەتوانن بەشێوەی ئۆنڵاین کارەکانیان جێبەجێ بکەن، کە ئەمەش ئاسانکارییەکی گەورەیە، ھەرچەندە من وەک سەرۆکی شارەوانی ھەولێر، لە پرسگەی فەرمانگەکەمدا خزمەتی ھاوڵاتیان دەکەم و چاودێری کارەکانیان دەکەم، بەڵام کە بە ئەلیکترۆنی کرا، ھەر نووسراوێک ئاراستەی بەشەکانی فەرمانگەکەم بکرێت، من لێی ئاگادار دەبم، ئەگەر ھەر دواکەوتنێکیش یان کەمتەرخەمیەک ھەبێت لە نووسراوەکاندا ئەوە لە لایەن خۆمەوە بەدواداچوونی بۆ دەکەم.