پشکی هەرێمی کوردستان ١٢،٦٪ ـە
پڕۆژەیاسای بودجەی ٢٠٢٣، ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥ گەیشتە پەرلەمانی عێراق. ئەندامێکی لیژنەی دارایی، دەڵێ: پشکی ھەرێمی کوردستان لە پڕۆژەیاسای بودجە ١٢،٦%ـە، ئەم ھەفتەیە دەخرێتە بەرنامەی کار و خوێندنەوەی یەکەمی بۆ دەکرێت، ئەگەر گرفت نەھێتە پێشەوە لە ماوەی مانگێکدا پڕۆژەیاساکە پەسەند دەکرێت. جوتیار عادل، گوتەبێژی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند: ھەولێر و بەغدا لە بارەی پڕۆژەیاسای نەوت و گاز لە گفتوگۆدان.
ڕۆژی ١٣/٣/٢٠٢٣، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی پەسەندکرد، نزیکەی ١٩٨ تریلیۆن دینارە و ئاماژە بەوەشکراوە، وەک بەشێک لە ڕێککەوتنی نێوان ھەولێر و بەغدا، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕۆژانە دەبێت ٤٠٠ ھەزار بەرمیل نەوت بفرۆشێت. محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، ڕایگەیاند: لەگەڵ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەسەر تەواوی کێشە ھەڵپەسێردراوەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا گەیشتوونەتە ڕێککەوتن.
بودجەی ئەمساڵی عێراق بەپێی ڕەشنووسی یاساکەی ١٩٧ تریلیۆن و ٨٢٨ ملیار دینارە، بودجەی بەکارخستن زیاتر لە ١٥٠ تریلیۆن دینارە، بودجەی وەبەرھێنانیش زیاتر لە ٤٧ تریلیۆن و نیوە، کورتھێنانی بودجەش زیاتر لە ٦٣ تریلیۆن و ٢٧٥ ملیار دینارە. پشکی ھەرێمی کوردستان ١٢،٦% دەبێت، کە دەکاتە زیاتر لە ٢٤ تریلیۆن دینار.
لە ڕەشنووسەکەدا نرخی بەرمیلێک نەوت بە ٧٠ دۆلار خەمڵێندراوە و بڕی ھەناردەکراویش لە نەوت لە ڕۆژێکدا ٣ ملیۆن و ٥٠٠ ملیۆن بەرمیل دەبێت، کە ٤٠٠ ھەزار بەرملی لە نەوتی ھەرێمی کوردستان دەبێت.
باسم عەوادی، گوتەبێژی حکوومەتی عێراق، لە ڕاگەیێندراوێکدا لەبارەی ڕەشنووسی بودجەی گشتی عێراق ڕایگەیاند: لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی حوکمەکانی دەستوور و یاسای بەڕێوەبردنی دارایی فیدراڵی، ڕۆژی پێنج شەممە ڕەشنووسی بودجەی گشتی بۆ ساڵانی ٢٠٢٣، ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥، ڕادەستی ئەنجوومەنی نوێنەران کرا.
گوتەبێژی حکوومەتی عێراق، دەشڵێ: پڕۆژەیاسای بودجە کۆمەڵێک ماددە و بڕگەی نوێی تێدایە بۆ یەکەم جارە دەخرێتە ناو بودجەوە، کار ئاسانی بۆ جێبەجێ کردنی پڕۆژە و پلان و بەرنامەکانی جێبەجێ کردن و پەڕەپێدان دەکات و ژێرخان و خزمەتگوزاری بۆ ھاووڵاتییان دەستەبەر دەکات. جوتیار عادل، گوتەبێژی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، گوتی، بەرەوپێشچوون و لێکتێگەیشتنی باش لەنێوان ھەولێر و بەغدا ھەیە، لە میانەی سەردانەکەیدا بۆ ھەولێر، مەسرور بارزانی و محەممەد شیاع سوودانی لە کەشێکی ئەرێنی ڕێککەوتوون لەسەر بەردەوامی کاری بەیەکەوەیی و چارەکردنی کێشەکان لەسەر بنەمای دەستوور و کارنامەی پەسەندکراوی کابینەکەی سوودانی.
سەبارەت بە جێبەجێکردنی کارنامەی کابینەی سوودانی، جوتیار عادل دەڵێت: ھەنگاوی باش نراوە بۆ جێبەجێکردنی خاڵەکانی کارنامەکە، بەڵام ھێشتا بەشێکی ئەو کارنامەیە ماوە جێبەجێ بکرێت، تا کاری بەیەکەوەیی ھەبێت، کێشەکان بەردەوام نابن.
گوتەبێژی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، زیاتر دەڵێ: ئەوەی لە پڕۆژەیاسای بودجە ڕێککەوتنی لەسەر کراوە بەشێکە لە چارەکردنی کێشەی دۆسیەی نەوت و گاز و جەختی لەسەر ئەوەشکردەوە، ھەرێمی کوردستان پابەندە بە دەستوور و دەبێت حکوومەتی عێراقیش پابەندی دەستوور بێت بۆ پاراستنی مافی ھەرێمی کوردستان سەبارەت بە دۆسیەی نەوت و گاز، مووچەی پێشمەرگەش لە چوارچێوەی خەرجی سیادی دەبێت.
سیپان شێروانی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، دەڵێت: پڕۆژەیاسای بودجە گەیشتووتە پەرلەمان، ئەم ھەفتەیە خوێندنەوەی یەکەمی بۆ دەکرێت، زۆربەی لایەنەکان لەگەڵ ئەوەن ھەر چی زووە پڕۆژەیاساکە تێپەڕێنرێت، بۆیە پێشبینی دەکرێت لە ماوەی ٢٠ ڕۆژ تا مانگێک پڕۆژەیاساکە پەسەند بکرێت و ببێتە یاسا.
ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق، دەشڵێ: لێک نزیکبوونەوەیەکی باش لە نێوان ھەولێر و بەغدا ھەیە، سەرۆکی ھەرێم و سەرۆکی حکوومەت سەردانی بەغدایان کرد و کاریگەری باشیان ھەبوو، ھەروەھا لە چەند ڕۆژی ڕابردوو سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی ھەرێمی کوردستانی کرد، لەو چەند ساڵەدا ھیچ کاتێک وەکو ئێستە ھەولێر و بەغدا لێک نزیک نەبوونەتەوە، بۆیە کەشوھەوایەکی ئەرێنی ھەیە بۆ ڕێککەوتنی ھەولێر و بەغدا، بەتایبەتی لەسەر پڕۆژەیاسای نەوت و گاز.