شاندێکی دەستەی وەبەرھێنانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی محەمەد شوکری بە مەبەستی ھاوکاری و پەرەپێدانی زیاتری زانکۆکانی ھەرێمی کوردستان و بەریتانیا سەردانی بەریتانیایان کرد و لە لایەن ژمارەیەک کەسایەتی سیاسی و ئەکادیمیەوە پێشوازیان لێ کرا.
شاندی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان بۆ زیاتر پتەوبوونی پەیوەندییەکانی زانکۆی لەندەن لە ھەولێر لەگەڵ ژمارەیەک لە سەرۆکی زانکۆ و ئەکادیمی زانکۆکانی بەریتانیا و دیپلۆماتکارانی بەریتانیا کۆبوونەوە.
محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان بە کوردستان24ـی راگەیاند، کردنەوەی زانکۆ بیانیەکان و بەتایبەتی زانکۆی لەندەن لە ھەولێر لە روانگەی کەسایەتیە سیاسی و ئەکادیمیەکانیشەوە ھەنگاوێکی گرنگ و دەسکەوتێکی باشە بۆ ھەرێمی کوردستان.
دەیڤید ھاند، کۆنسووڵی گشتی پێشووی بەریتانیا لە ھەولێر لەوبارەیەوە بۆ کوردستان24 دوا و گوتی “دەمەوێت ئەوەت پێ بڵێم کە ئەم هەماهەنگییەیانە و ئەم پڕۆژانە چەندە گرنگن. بوونی زانکۆی نێودەوڵەتی بەریتانی بە پڕۆگرام و بڕوانامەی بەریتانی لە هەرێمی کوردستان دەرخەری بوونی هەماهەنگی بەهێزی هەرێمی کوردستان و بەریتانیایە، دڵخۆشم بەوەی توانیم بەشێکبم لە دروستکردنی پڕۆژەکە.”
زانکۆی بەریتانی نێودەوڵەتی لە رێکەوتی 8ـی کانوونی یەکەمی 2022 لە ھەولێر بەردی بناغەی دانراوە و بڕیارە لە سەرەتای ساڵی نوێی خوێندن بە فەرمی بکرێتەوە.
بەرنامەى حکومەتى هەرێمى کوردستان بریتییە لە فراوانکردنى پەیوەندیى دیپلۆماسی لەگەڵ وڵاتان، لەسەر بنەماى بەرژەوەندیى هاوبەش و سوودی دوو لایەنە، بەردەوام گفتوگۆ و پێشهاتە سیاسییەکانی ناوچەکە و پەرەسەندنەکان و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی هەرێم لەگەڵ جیهانی دەرەوە بووەتە کار و ستراتیژی حکومەتی هەرێم بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لە سەرجەم بوارەکاندا.