شەممە, تشرینی دووه‌م 23, 2024

دەستەی گەشتوگوزار بۆ یادەکانی ئادار و نەورۆز ئامادەکاریی ژینگەیی و تەناهی و هاتوچۆى کردووە

بە مەبەستی بەڕێوەبردنی گەشتیاریی ناوخۆیی و پێشوازیكردن لەو گەشتیارانەی كە بۆ پشووەکانی ئادار و نەورۆز ڕوو لە هەرێمی كوردستان دەكەن، دەستەی گەشتوگوزار لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكانی گەشتوگوزار لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان و بنكەكانی گەشتیاری، پلانی هەمەگیری ئامادە کردووە و چەندین لیژنەش پێکهێنراون، بۆ ئەوەی بە شێوەیەكی شارستانی و پێشکەوتوو، پێشوازی لە گەشتیاران بكرێت و كەشێكی ئارام و لەباریان بۆ بڕەخسێنرێت. بەشێک لەو ئامادەکارییانە بریتین لە:

١- لیژنەی تایبەت بە بازگەكان، سەردانی بازگەكان دەكات؛ تیمی گەشتوگوزار، بە پێدانی شیرینی و دابەشكردنی بڵاوكراوەی گەشتیاری بەسەر گەشتیاران وەك: ڕێبەری گەشتیاری، نەخشەی گەشتیاری، بروشور، پێشوازی لە گەشتیاران دەکات. هەروەها ڕێنماییی پێویست بە گەشتیاران دەدەن و ژمارەیەكی تایبەتی پەیوەندی دابین كراوە، بۆ ئەوەی گەشتیاران بتوانن لە كاتی بوونی هەر كێشە و گرفتێك پەیوەندی بکەن.
٢- سەرجەم بنکە گەشتیارییەکان، بەتایبەت چێشتخانەکان، ئاگادار کراونەتەوە کە دەبێ لە ڕۆژانی پشوو کراوە بن.
٣- لیژنەی تایبەت بە سەردانی بنكە گەشتیارییەكان هەیە، بۆ ئەوەی چاودێریی كوالیتیی خزمەتگوزارییەكان بكەن و لەڕووی نرخیشەوە ڕێگە لە کەڵکاوەژوو (استغلال)ی گەشتیاران بگرن.
٤- هەماهەنگیی تەواو و پێویست لەگەڵ دەزگاكانی ئاسایشی بازگەكان و پۆلیس و هێزەكانی ناوخۆ دەکرێت: هاتوچۆ، تەندرووستی، بەرگریی شارستانی، بە مەبەستی دابینكردنی ئاسایش بۆ گەشتیاران لە كاتی مانەوەیان لە هەرێمی كوردستان و ئاسانكاری لە كاتی هاتنەناوەوەیان بۆ ناو هەرێمی كوردستان.
٥- بۆ پاکوخاوێنیی ژینگە، تیمەکانی گەشتوگوزار لەسەر ڕێگە گشتییەکان، کیسەخۆڵ و بەسەر سەیرانکەران و گەشتیاراندا دابەش دەکەن.
٦- لەگەڵ ڕێکخراوەکانی ژینگەپارێزی، کەمپەینی پاککردنەوەی ناوچە گەشتیارییەکان بەڕێوەدەبرێت.
٧- ڕێنمایینامە (بروشور) و هۆشیاریی تایبەت بە ژینگەپارێزی بڵاودەکرێتەوە و دەگەیەنرێتە گەشتیاران.
٨-چەندین فێستیڤاڵ و چالاکی بە هەماهەنگیی ئیدارەی خۆجێیی شارەکان و کەرتی تایبەت بەڕێوە دەچن.