بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی، شەپۆلێکی بارانبارین هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و لە هەندێک ناوچە بەفر دەبارێت.
بەشی پێشبینییەکانی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ ئاسمان نیمچە هەور دەبێت، لەدواى نیوەرۆ دەگۆڕێت بۆ هەورى تەواو، سەرەتا بارانبارین لە سنوورى پارێزگاى دهۆک دەست پێدەکات لە دواى نیوەڕۆ، پاشان لەکاتەکانی ئێوارەدا تەواوى ناوچە جیا جیاکانى هەرێم دەگرێتەوە، بارانى سنوورى پارێزگاى دهۆک و هەولێر مام ناوەند دەبێت و هەندێک کات بە لێزمە دەبێت و هەورە تریشقەى لەگەڵ دەبێت.
سەبارەت بە کەشوهەوای سبەی کەشناسی پێشبینی کردووە، رۆژی پێنجشەممە لە کاتەکانی بەیانى زوودا ئاسمان هەورى تەواو دەبێت، لەگەڵ بارانبارین لە ناوچە جیا جیاکاندا، لەگەڵ نزم بوونەوەى پلەکانى گەرما و ئەگەرى تەرزە بارین هەیە.
کەشناسی راشیگەیاندووە، لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکان بەفر دەبارێت، لە دواى نیوەڕۆ و ئێوارەدا بارانبارین کەمدەبێتەوە بەشێوەیەکى گشتی ئاسمان بۆ نیمچە هەور دەگۆڕێت.
بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی پلەی گەرما نزم دەبێتەوە بە بەراورد بە تۆمارەکانی ئەمرۆ بە ( 5 – 7 ) پلە.
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو:
هەولێر : 18 پلەى سیلیزى
سلێمانی: 16 پلەى سیلیزى
دهۆک: 15 پلەى سیلیزى
کەرکوک: 21 پلەى سیلیزى
هەڵەبجە: 18 پلەى سیلیزى
زاخۆ: 16 پلەى سیلیزى
سۆران: 15 پلەى سیلیزى
گەرمیان: 23 پلەى سیلیزى