ڕائیب جادر – هەولێر
لەڕۆژێکی وەکو ئەمڕۆدا لە ١٦/٣/١٩٨٨ ڕژێمی بەعس شاری ھەڵەبجەی کیمیاباران کرد و زیاتر لە پێنج ھەزار ھاووڵاتی ئەو شارە شەھید بوون و زیاتر لە دە ھەزار کەسیش برینداربوون.
تائێستە شوێنەواری کیمیا بەسەر جەستەی خەڵکەکەیەوە دیارە و برینی زۆرێک لە بەرکەوتووان ساڕێژ نەبووە و هێشتا بە ئازارن. تا ئێستە بە دەیان بەرکەوتووی کیمیاباران برینەکانیان چارە نەبووە و ھەندێکیان بەردەوام داو و دەرمان بەکاردەھێنن و بۆ چارە سەردانی نەخۆشخانەکان دەکەن، کە ئێستە زیاتر لە ٤٠٠ بەرکەوتووی چەکی کیمیایی لە ھەڵەبجە بەردەوام دەرمان دەکرێن.
وێنەی عومەر خاوە بە کۆرپەکەی باوەشییەوە، بوو بە ھێما و سیمبۆلی ھەڵەبجە و لە ھەموو دونیا دەنگی دایەوە.
ئەمڕۆ لە شاری ھەڵەبجە یادی ٣٥ ساڵەی کیمیابارانکردنی ھەڵەبجە دەکرێتەوە و چەند چالاکییەک بەڕێوە دەچن، شوێنی چالاکییەکان لە مۆنۆمێنتی ھەڵەبجە و چەند شوێنی دیکە دەبێت بە ئامادەبوونی کەسوکاری شەھیدان و بەرپرسانی حیزبی و حکوومی یادی ئەو کارەساتە دەکرێتەوە.
بۆردومانکردنی ھەڵەبجە لە چوارچێوەی ئەو ھێرشانەدا بوو کە ڕژێمی بەعس لە عێراق لەسەر ناوچە کوردستانییەکان دەستی پێ کردبوو لە چوارچێوەی شاڵاوەکانی ئەنفال و ڕاگواستنی خەڵکی گوندەکانی کوردستان بۆ ئۆردوگا زۆرەملێکان کەڕژێمی بەعس لە نزیک شارەکاندا دروستی کردبوو.
کاتژمێر ١١ی پێشنیوەڕۆی رۆژی ١٦ی ئاداری ١٩٨٨ تا بەرەبەیانی ڕۆژی دواتر، ھێزە ئاسمانییەکانی عێراق ١٥ جار شاری ھەڵەبجەیان بۆردومان کرد، لەھەر جارێکدا نزیکی ١٠ فڕۆکە بەشدارییان لە بۆردومانکردنەکەدا کرد.
ئەو گازەی لە بۆردومانەکەدا بەکارهات، بۆنی میوەیان لە شارەکەدا بڵاوکردەوە، ئەمە بۆ دانیشتوانی ھەڵەبجە شتێکی نامۆ بوو بۆیە بەشێکی زۆریان لە ژێرزەمینی ماڵەکانیاندا خۆیان حەشاردا و بەشێکیشیان لە دوایی نیوەڕۆ ھەوڵی ھەڵاتن و خۆ دەربازکردنیان دا، بەڵام دواتر ئەو بۆنەی شارەکەی گرتەوە، کارەساتێکی گەورەیی مرۆیی دروستکرد کە تا ئێستەیەکێکە لە گەورەترین کۆمەڵکوژییەکان کە لە جیهاندا کراوە.
لە دوایی پرۆسەی ئازادی عێراق لە نۆی تشرینی یەکەمی٢٠٠٥ ئەنجوومەنی حوکمی عێراق، بەیاسای ژمارە ١٠ دادگای باڵای تاوانەکانی لە عێراق پێکھێنا بۆ دادگایکردنی سەرانی ڕژێمی بەعس، دادگاکە ٥٥ کەسی وەک داواکراوی ئەنجامدەرانی تاوانەکانی لە عێراقدا دەستنیشان کرد و تۆمەتبارانی کیمیابارانی ھەڵەبجەش لەنێویاندا بوون.
یەکەم دانیشتنی دادگاش لەسەر کەیسی ھەڵەبجە لە ٢١ی کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠٠٨ کرا و لە ١٧ی کانوونی دووەمی ٢٠١٠ دادگا کەیسەکەی بە تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی ناساند و بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ عەلی حەسەن مەجید دەرکرد.
لەڕۆژی ٢٥ی کانوونی دووەمی ٢٠١٠ دوای ھەشت ڕۆژ لە بڕیارەکەی دادگا، سزاکەی سەر عەلی کیمیایی جێبەجێ کرا و لە سێدارەدرا، دواتریش لە ساڵی ٢٠١٢ ئەو پەتەی عەلی حەسەن مەجیدی پێ لەسێدارەدرا ھێنرایەوە بۆ ھەڵەبجە و لە مۆنۆمێنتی شەھیدانی ھەڵەبجە دانرا.
دواتریش پەرلەمانی عێراق لەڕۆژی ١٧ی ئاداری ٢٠١١ لە دانیشتنی ئاسایی خۆیدا بە بڕیاری ژمارە ١٢ کەیسی تاوانی کیمیابارانی ھەڵەبجەی بە جینۆساید ناساند، بەڵام تا ئێستە قەرەبووی ماددی و مەعنەویی دانیشتووان و قوربانییانی ھەڵەبجە لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە نەکراوەتەوە کە ئەرکێکی یاسایی حکوومەتە و دەبوو بیکات.
بڕیاری بە پارێزگابوونی ھەڵەبجە ڕێکەوتی ١٣-٣-٢٠١٤ لەلایەن نێچیرڤان بارزانی سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستانەوە پەسەند کرا و پاشان ڕێکەوتی ١٦-٣-٢٠١٤ لەلایەن سەرۆک بارزانی سەرۆکی ئەوکاتی ھەرێمی کوردستان، بە فەرمی واژۆ کرا و ھەڵەبجە وەک چوارەم پارێزگای ھەرێمی کوردستان بە فەرمی ناسێندرا بۆ ئەوەی لەڕووی ئیدارییەوە خزمەتی زیاتری دانیشتووانی شارەکە و دەوروبەری بکرێت، ئێستە زۆر لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتی و دامەزراوەی دیکە لە شارەکە کراونەتەوە.
لە ساڵی ٢٠١٣ نێچیرڤان بارزانی، کە ئەوکات سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان بوو، ڕەشنووسی یاسای بە پارێزگاکردنی ھەڵەبجەی ڕادەستی حکوومەتی عێراق کرد، کە نووری مالیکی سەرۆکایەتی دەکرد.
ڕۆژی دوو شەممە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە پارێزگابوونی ھەڵەبجەی پەسەند کرد و ھەڵەبجە بووە ١٩ـەیەمین پارێزگا، پڕۆشژەکە ڕەوانەی پەرلەمان کرا بۆ ئەوەی پەسەند بکرێت و بە فەرمی ببێتە پارێزگا. سەرەتای ئەمساڵ محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، ڕایگەیاند: حکوومەت ڕژدە لە پشتبەستن بە بڕیاری مامەڵەکردن لەگەڵ ھەڵەبجە وەکو پارێزگایەکی عێراق، چونکە ھەڵەبجە شیاوی زۆر شتە بۆی بکەین، لەسەرمان ئەرکە پشتیوانی بکەین و پشتیوانیی دانیشتووانەکەی بکەین، ئەوان قوربانییان دا و خوێنی زۆریان بەخشی.
ئازاد تۆفیق، پارێزگاری ھەڵەبجە، ڕایگەیاند، سوپاس بۆ ھەموو ئەوانەی ڕۆڵیان بینی لە دەرکردنی بڕیارەکە، لەسەرووی ھەموویانەوە سوپاسی حکوومەتی ھەرێم دەکەین کە ساڵانێک بوو کاری لەسەر دەکرد، بڕیاری بە پارێزگابوونی ھەڵەبجە کاریگەری ئەرێنی لەسەر بووژانەوە و ھەلی کار و ئاوەدانکردنەوەی شارەکە دەبێت، بۆیە سوپاسی ئەنجوومەنی وەزیران و سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرجەم ئەو فراکسیۆنانەی ڕۆڵیان ھەبووە لەم بڕیارە دەکەم.