دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

ئۆپۆزسیۆنی توركیا ئەردۆغان دەكاتەوە بە سەرۆكی وڵات

لە چاوەڕوانی هیچ كەسێكدا نەبوو، تەنانەت كەسێك هیچ لە سیاسەتیش نەزانێت، كە مەراڵ ئاكشەنەر، سەرۆكی پارتی خاس، لە هاوپەیمانیی (میللەت) بكشێتەوە و بڵێت ئیتر بەشێك نیم لە دانیشتن لەگەڵ پێنج پارتە ئۆپۆزسیۆنەكەی توركیا، بۆیە ئەو بومەلەرزە سیاسییە، بوومەلەرزەی شەشی شوباتی لەبیر گەلی توركیا بردەوە و میدیاكانی توركیاش بەهەمان شێوە، فۆكەسیان خستبووە سەر ئەو رووداوە. ئۆپۆزسیۆنی توركیا، دەیەوێت بەبێ پارتی خاس، خۆی كۆ بكاتەوە و هەموو ئەو بەردانەی پەرش و بڵاوببون لەیەكتریان نزیك بكاتەوە.

ئاكشەنەر، یاریكەرێكی باشی ئۆپۆزسیۆنی توركیا بوو، یەكێك بوو لە دامەزرێنەرانی هاوپەیمانیی (میللەت)، كە ركابەرێكی سەرسەرختی پارتی دەسەڵاتی دەكرد، ئەو بڕبڕەی پشتی ئۆپۆزسیۆن بوو، بەڵام لە بڕیارێكی چاوەڕواننەكراودا، لەو هاوپەیمانییە كشایەوە و گوتی ”نامەوێت كەمال كلیچدارئۆغڵو، سەرۆكی جەهەپەم بەسەردا بسەپێنن كە تەنیا ئەو ببێتە بەربژێری ئۆپۆزسیۆن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی توركیا“
لەناو شەش پارتی ئۆپۆزسیۆنی توركیا، تەنیا ئاكشەنەر دژی ئەوەبووە، كە كلیچدارئۆغڵو، ببێتە بەربژێری سەرۆكایەتیی، بۆیە بەشێك لە چاودێرانی سیاسی پێیانوایە، ئەوە چی سەپاندنێكە كە لە كۆی شەش پارت، پێنجیان لەگەڵ كلیچدار بن و یەكێك بڵێت نەخێر.

ئایا دەستی ئەردۆغانی لە پشتە؟
پرسیارێك كە جارێ زووە بتوانرێت وەڵامەكەی وەربگیرێت، ئایە رەجەب تەیب ئەردۆغان، لە پشت ئەو جیابوونەوەیەی ئاكشەنەرە؟
بەر لە هەر شتێك، ئاكشەنەر، پێشتر سەر بە مەهەپە بوو، كە پارتێكی نەژادپەرست و دژە كورد بوو، دوای ئەوەی لەگەڵ باخچەلی سەرۆكی مەهەپە نێوانی تێكچوو، پارتێكی تازەی بەناوی پارتی خاس دامەزراند. هەروەها لە 1993 وەزیری ناوەخۆی توركیا بووە، واتە كەسێك بووە بەردەوام پۆستی هەبووە لەناو سیاسەتی توركیادا.
باخچەلی، جارێك داوای لێكردووە كە واز لە پارتەكەی بهێنێت بێتەوە ناو ماڵە گەورەكەی كە مەهەپەیە، بەڵام ئاكشەنەر، بەنەخێر وەڵامی داوەتەوە. دوو جاریش ئەردۆغان پێی گوتووە، شوێنی لەناو هاوپەیمانی (كۆماری)یە، چونكە تۆ كەسێكی میللی و دڵسۆزی وڵاتیت، نابێت لە ریزی تیرۆرستان بیت، مەبەستی لە تیرۆرست، جەهەپە بوو.
واتە، ئەردۆغان و باخچەلی، بەردەوام لە هەوڵی ئەوەدا بوونە كە ئاكشەنەر، بهێننە ناو هاوپەیمانیی خۆیانەوە، چونكە دەیانزانی، بەبێ پارتێكی تر ناتوانن لە هەڵبژاردنی داهاتوودا سەركەوتوو بن.
ئاكشەنەر، لە كاتێكدا لە هاوپەیمانیی میللەت جیا بووەوە، كە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی و پەرلەمانی دوو مانگی ماوە، ئەمەش پرسیار دروست دەكات، كە بۆچی لەو بەروارە پشتی لە ئۆپۆزسیۆنی توركیا كرد.
بەربژێربوونی كلیچدارئۆغڵو، ماوەی ساڵێك دەبێت روونە و لە چەندین میتینگ و كۆبوونەوەشدا كلیچدارئۆغڵو، نەیشاردووەتەوە كە دەبێتە بەربژێری سەرۆكایەتیی، ئەی بۆچی ئەوكات ئاكشەنەر دژی نەوەستایەوە و ئێستا كە دوو مانگی ماوە بۆ هەڵبژاردن ئەو بوومەلەرزە سیاسییەی لە توركیا دروست كرد؟
لە داهاتوو دەردەكەوێت كە ئاكشەنەر لەسەر داوای ئەردۆغان و باخچەلی كشاوەتەوە، یان بابەتەكە پەیوەندی بەوانەوە نییە.
بیری بۆ هەدەپە هەڵكەند خۆی تێی كەوت
ئاكشەنەر، هەر لە سەرەتای دامەزراندنی هاوپەیمانیی (میللەت)، دژی ئەوەبوو هەدەپە بێتە ناو ئەو هاوپەیمانییە، بەڵام كلیچدارئۆغڵو، مەیلی هەبوو هەدەپەشیان لەگەڵدا بێت. ئاكشەنەر لەوەیاندا سەركەوتوو بوو، كە نەیهێشت مێزی هەدەپە وەكوو ئۆپۆزسیۆن لە تەك مێزی ئەودا بێت، چونكە پێیوابوو هەدەپە باڵێكی سیاسی پەكەكەیە و بە تیرۆرست ناوی دەبرد.
هەدەپە، چەندینجار بەشێوەی ناڕاستەوخۆ گوتوویەتی دەیەوێت بێتە ناو هاوپەیمانیی (میللەت)، چونكە ئەویش پارتێكی ئۆپۆزسیۆنە و خاوەنی شەش ملیۆن دەنگدەرە، بەڵام ئاكشەنەر رێگری لێی كردبوو.
ئاكشەنەر، دەیویست مۆنۆپۆلی تەواوی پۆستەكانی هاوپەیمانیی (میللەت) بكات، تەنانەت لە دانانی بەربژێر بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی، دەیویست لە بری كلیچدارئۆغڵو، مەنسوور یاڤاش بكاتە بەربژێر، چونكە یاڤاش هاوڕێی كۆنی خۆی بووە لە مەهەپە و هەروەها كەسێكی نەژادپەرست و دژە كورد بووە. ئەو ویستی بە بەردێك دوو چۆلەكە بكوژێت، یەكەمیان بەربژێر بەدڵی ئەو بێت، دووەمیش، كەسێك بێت وەكوو خۆی نەژادپەرست و دژە هەدەپە و دژە كورد بێت، بەڵام بە بەردێك نەیتوانی یەك چۆلەكەش بكوژێت و ئەو بیرەی بۆ كورد و هەدەپە هەڵیكەند، خۆی كەوتە ناوی.
ئاكشەنەر، لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەیدا داوای، لە مەنسوور یاڤاش و ئەكرەم ئیمامئۆغڵو كرد، كە یەكێكیان خۆیان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی بەربژێر بكەن، بەڵام وەڵامی ئەو دوو سەرۆك شارەوانییەی سەر بە جەهەپە، بە نەخێر بوو، تەنانەت یاڤاش، كە ئاكشەنەر پشتگیرییەكی سەرسەختی دەكرد، گوتی ئێمە لەگەڵ جەهەپەدا لەناو یەك بازنەین و لێی دەرناچین، بۆیە ئاكشەنەر، بەتەنیا ماوەتەوە.

هەدەپە شوێنی ئاكشەنەر دەگرێتەوە
ئەگەر بەشێوەیەكی راستەوخۆش نەبێت، هەدەپە دەبێتەوە شوێنگرەوەی پارتی خاس، چونكە ئاستی دەنگەكانی هەدەپە و پارتی خاس وەكوو یەكە، واتە 13%ی دەنگەكانی توركیا. جیاوازی نێوان ئەو پارتە ئەوەیە، دەنگدەری هەدەپە جێگیرە و ئەو پارت و ئەو پارت ناكات، چونكە ئەوان پێیانوایە، دەنگدان بەهەدەپە، واتە دەنگدان بە مافی كورد لە توركیا و پشتگیریكردن لە دۆزێك كە نەتەوەی كوردە، بەڵام دەنگدەری پارتی خاس، بەئاسانی جێگۆركێ دەكات.
بەگوێرەی زانیارییەكانی میدیاكانی توركیا، ئاكشەنەر، بەم هەنگاوەی خۆكووژییەكی سیاسی كرد، ئاستی دەنگەكانیشی زۆر دادەبەزێت، بەجۆرێك رەنگە بگاتە 7%، چونكە دەنگدەری پارتی خاس، بۆیە لە دەوری ئەو پارتە كۆببونەوە، چونكە دەیانویست دەسەڵاتی ئێستای سیاسی بگۆڕێت و بۆ بەدیهێنانی ئەو ئومێدەش، ئومێدی تەواویان بە ئاكشەنەر هەبووە و وەكوو سەركردەیەكی ئۆپۆزسیۆن چاویان لێی دەكرد، بەڵام لە ماوەی 24 سەعاتی رابردوو، واتە دوای ئەوەی بڕیاریدا لە هاوپەیمانیی (میللەت) بكشێتەوە، دەیان لایەگرانی پارتی خاس، لەرێگەی سۆسیال میدیاوە دەستلەكاركێشانەوەی خۆیان راگەیاند، تەنانەت بولەنت گوورسۆی گەورە راوێژكاری سیاسی مەراڵ ئاكشەنەریش دەستی لەكار كێشایەوە.
ئیدی ئومێدی ئۆپۆزسیۆنی توركیا بە هەدەپەیە، بەناچاری دەبێت رووی تێبكەن، ئاكشەنەریش یان دەبێت بە ناچاری دەنگ بە كلیچدارئۆغڵو بدات، یان بگەڕێتەوە شوێنە راستەقینەكەی خۆی و ماسكە سیاسییەكەی فڕێ بدات و بچێتە ژێر باڵی باخچەلی.