سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

رەنج شێخ خالید: هێزەكانی یەكێتی بە فەرمانی بافڵ تاڵەبانی چالاكوانان دەستگیر دەكەن

فەرماندەیەكی نزیك لە لاهوور جەنگی، هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بە توندی وەڵامی بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆكی حزبەكەی دەداتەوە و رای دەگەیەنێت كە لەژێر فەرمانی ئەودا یاسای دارستان پەیڕەو دەكرێ.
رەنج شێخ خالید، فەرماندەی نزیك لە لاهوور جەنگی كە پێشتر چەند جارێك لە لایەن هێزەكانی سەر بە یەكێتییەكەی بافڵ تاڵەبانییەوە هەوڵی دەستگیركردنی دراوە، لە پێگەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) نووسینێكی لەبارەی دۆخی سلێمانی و قسەكەی بافڵ تاڵەبانی كە گوتبووی (ئێوە ڕازین بەم وەزعە؟) بڵاو كردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوە كرد: ”ئەگەر لە دەرەوەی زۆنی سەوز لە زۆنەکە بڕوانیت، ئەوا ڕێگە بە خۆت دەدەیت بە زۆنی نمایش و مانۆڕە سواو و کلاسیکییەکانی ڕابردوو ناوزەدی بکەیت. چونکە پڕیەتی لە نمایش و مانۆڕی سواو و هەزار بارە.“
لەبارەی قسەكەی بافڵ تاڵەبانیش نووسیویەتی: ”حاکمی یەکەم و كۆتایی زۆنێک لەسەر ستەیجی یادێکی قۆرخکراو لە خەڵکی کوردستان پڕ بەگەرووی هاوار دەکات، “ئێوە ڕازین بەم وەزعە؟ من ناڕازیم” کەچی لە زۆنەکەیدا و لەژێر فەرمانی موتڵەقی خۆیدا یاسای دارستان بەڕێوە دەچێت.“
رەنج شێخ خالید جەختی كردۆتەوە، ”کاتێک لە بڵندگۆکانەوە دەڵێین زۆنەکە بووە بە زۆنی فەوزا و بێ ساحێبی، ئاشکرایە کە ڕاستمان گوتووە و بە هەڵەدا نەچووین، چونکە هەموان دەبینین زۆنەکە پڕ بووە لە سەرکوتکردنی سیاسیی نەیار و بازرگان و چالاکوان و ڕۆژنامەنوس و …..هتد! ئەمە ئەگەر دوا هەناسەی ژیان و ئازادی ئەم زۆنە نەبێت، ئەی چیە؟“
باسی لەوەش كردووە كە لە كاتێكدا لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە بڕیارێكی تازە لەبارەی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە دراوە، كەچی ”هێزە ئەمنیەکانی یەکێتیی نوێ بە فەرمانی بێ چەند و چوونی ئەو حاکمەی کە هاواری دەکرد (من ناڕازیم لەم وەزعە)، کەسوکاری شەهید و برینداری کیمیاوی و چالاکوان و ڕۆژنامەنوس و خەڵکانی سڤیل دەستگیر دەکەن!“
هەروەك پرسیاری ئەوەی كردووە: ”دەبێ چیتر عەقڵیەتێکی هۆشیار مابێت ئومێد لەسەر ئەم حیزبە (یەکێتیی نوێ) و ڕەفتارە پڕ نمایش و خۆ بەپاڵەوانکردنەکانی هەڵچنێت؟“ لە وەڵامیشدا دەڵێت: ”هیچ پێویست بە بیرکردنەوەی قووڵ ناکات کە چارەنووس و ئاییندەی ئەم زۆنە بە پینە و پەڕۆی سەرکوتکردن و ڕەشبگیری شارەکان و چاوترساندن ناگاتە کەناری ئارامی و ڕۆژێک دێت ئەو بورکانە خەفەکراوەی جەماوەر، لە دڵی شارێک لە شارەکانەوە دەگاتە کەشکەلانی فەلەک و هەموان بە پیر و منداڵەوە سنگی خۆیان دەکەنە قەڵغانی بەرگری لە ماف و ئازادییەکانیان.“