دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

گرووپێكی شاخه‌وانی كوردستان ناویان چووه‌ كتێبی گینسه‌وه‌

به‌ سه‌رپه‌رشتیی ئارین مه‌سرور بارزانی، فیدراسیۆنی شاخەوانیی كوردستان، به‌ ھەماھەنگی لەگەڵ كۆمپانیای ڤیزت كوردستان توانی یه‌كه‌م ژماره‌ی پێوانه‌یی له‌ كتێبی گینیس تۆماربكات به‌ ئه‌نجامدانی گه‌وره‌ترین چالاكی شاخه‌وانی به‌ به‌شداری زۆرترین شاخه‌وان له‌ یه‌ك كاتدا به‌ یه‌ك رێڕه‌و.

رۆژی شه‌ممه‌ (11ـی ئادار/مارسی 2023)، به‌ به‌شداریی زیاتر له‌ 800 شاخه‌وان له‌ سەرجەم شاخەوانانی گرووپەكان، ئارەزوومەندانی وەرزشەكانی كوێستان و قوتابیانی كۆلێژ و پەیمانگه‌ وەرزشییەكانی سەرتاسەری هه‌رێمی كوردستان، گه‌وره‌ترین چالاكی شاخه‌وانی له‌ چیای سه‌فین ئه‌نجامدرا.

له‌ كۆتایی چالاكییه‌كه‌شدا، له‌لایه‌ن رێكخه‌رانی كتێبی گینس بۆ ژماره‌ پێوانه‌ییه‌كان، بڕوانامه‌ی دانپێدانان بۆ تۆماركردنی ژماره‌ی پێوانه‌یی بۆ ئه‌و چالاكییه‌ شاخه‌وانییه‌ وه‌ك زۆرترین شاخه‌وان له‌ یه‌ك كاتدا به‌ یه‌ك رێڕه‌و به‌ ئارین مه‌سرور بارزانی به‌خشرا، كه‌ سه‌رپه‌رشتی چالاكییه‌كه‌ی كرد.

رێكخه‌رانی چالاكییه‌كه‌ راگه‌یاند، رێكخه‌رانی كتێبی گینس به‌شێوه‌ی ئۆنلاین له‌ساتی ئه‌نجامدانی چالاكییه‌كه‌ له‌سه‌ر هێل بوون و چه‌ندین وێنه‌گریشیان ئاماده‌بوون بۆ تۆماركردنی چالاكییه‌كه‌ و له‌كۆتایی رێوره‌سمه‌كه‌شدا، نوێنه‌ری دامه‌زراوه‌ی سه‌رپه‌رشتیار بۆ تۆماركردنی ژماره‌ پێوانه‌ییه‌كان له‌ كتێبی گینس به‌شێوه‌ی ئۆنلاین گوته‌یه‌كی پێشه‌كه‌ش به‌ شاخه‌وانه‌كان كرد و تۆماركردنی ئه‌و ژماره‌ پێوانه‌ییه‌ی له‌ كتێبی گینس دووپاتكرده‌وه‌.

به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كان، 816 شاخه‌وان له‌ چالاكییه‌كه‌ی ئه‌مڕۆ به‌شداربوون كه‌ زیاتر له‌ دوو كیلۆمه‌تر رێگه‌یان بڕی له‌ چیای سه‌فین بۆ ئه‌نجامدانی چالاكی شاخه‌وانی به‌ به‌شداری زۆرترین شاخه‌وان له‌ یه‌ك كاتدا به‌ یه‌ك رێڕه‌و، كه‌ 110 خۆبه‌خش به‌شدارییان كردبوو له‌ ئاماده‌كارییه‌كانی ئه‌و چالاكییه‌.

كتێبی گینس له‌وه‌ته‌ی ساڵی 1950،له‌ لایه‌ن (بیر گینس) له‌ ئه‌وروپاه‌وه‌ بیرۆكه‌ی ئه‌م كتێبه‌ داهێنراوه‌ و یه‌كه‌م بابه‌تی له‌ 1955 بڵاوكرایه‌وه‌، كه‌ نزیكه‌ی 100 ملیۆن دانه‌ی لێ فراۆشرا، له‌ كاتی بڵاوكردنه‌وه‌ی به‌ 23 زمان ده‌خرێته‌ به‌رده‌ستی خوێنه‌رانی، تێیدا رووداوه‌ ده‌‌گمه‌ن و تاكه‌كانی لێ تۆمارده‌كرێت.