سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

زۆرترین هەواڵ بە کەمترین وشە

* رۆژنامەی مارکای ئیسپانیا: دوای شیکردنەوەی ئەو سکاڵا فەرمییەی کە داواکاری گشتی لە دژی بارسێلۆنا پێشکەشی کردووە، دەرکەوتووە کە بارسێلۆنا لە دۆخێکی باشە و هیچ بەڵگەیەک لەسەر گەندەڵی بارسێلۆنا و پێدانی پارە بە سەرۆکی پێشووی لێژنەی ناوبژیوانان نەخراوەتە بەردەست. شارەزایانی یاسایی ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم بابەتە تەنیا گریمانەیە و هیچ بەڵگەیەک بەردەست نییە کە بیسەلمێنێت بارسێلۆنا تاوانبارە.

* میكێل ئارتێتا راهێنه‌ری یانه‌ی ئارسێناڵ: مارتن ئۆدیگارد لەم چەند رۆژە تەندروستی باشتربوو، بەڵام دواتر هەندێک هەستی بە ئازار کردەوە، دەبێت چاوەڕێ بکەین بزانین لە دوایین یەکەی ئامادەکاری دەتوانێت چی بکات. سەبارەت بە گابریێل خێسۆس، ئەو یاریزانەش زۆر بە باشی و خێرایی کار لەسەر پێکانەکەی دەکات و ماوەیەکی باشی بڕیوە، هیوادارم ئەمیشیان بتوانێت بە زوترین کات لە پێکانەکەی رزگاری بێت و بگەڕێتەوە یاریگاکان.

* تێن هاگ راهێنه‌ری یانه‌ی مانچێسته‌ر یونایتد: من دەروونناسی زۆر گەورەم ناوێت، بەڵام بێگومان دەمەوێت متمانەکە بدەم بە تیپەکە. پێموایە لەماوەی ئەم وەرزە ئاست و ئەنجامەکانمان باش بوونه‌، لە کۆتا ٢٥ یاریی تەنها دوو یاریمان دۆڕاندووە. یەکێکیان بەرامبەر ئارسێناڵ و ئەوی دیکەشیان بەرامبەر لیڤەرپوول. راستە لە دوایین یاریی تووشی دۆڕانێکی گەورە بووین، بەڵام ناتوانیت هەموو ئەو کارە باشانەش لەبیر بکەیت کە بە هەمان شێوە کردوومانە. هەر بۆیەش ئەم پێکهاتەیەمان هەڵبژارد، ئێمە هەمیشە هەوڵ بۆ باشترین دەدەین و دڵنیاشم لە بەردەوامی ئەم وەرزە باشتریش دەبین.”

* ئۆنس جابری خانمە تێنسزانی توونسی لە قۆناغی دووەمی تێنسی ئیندیان وێڵز رووبەڕووی ماگدالینای پۆڵەندی بووەوە. لە سێتی یەکەمدا گەرچی توونسیەکە بە چوار شەش دۆڕا، بەڵام بە دوو سێتی لەسەریەک بە شەش چوار و شەش یەک وەڵامی رکابەرەکەی دایەوە و یارییەکەی لەبەرژەوەندی خۆی یەکلاکردەوە.

* لە یارییەکی خولی باسکەی ئەمریکا، لە کۆمەڵەی رۆژهەڵاتی خولی باسکەی ئەمریکا، ئۆرلاندۆ ماجیک دوای سێ دۆڕانی لەسەر یەک، ئەمجارەیان لە یاریگای خۆی رووبەڕووی میامی هیت بووە و توانی یارییەکە بە ئەنجامی 126 خاڵ بەرامبەر 114 خاڵ لە کاتی زیاد کراو بباتەوە. لەم یارییە ویندەل کارتەر بە تۆمار کردنی 27 خاڵ سەرکردایەتی بردنەوەی تیپەکەی کرد. ئۆرلاندۆ لە پلەی سێزدەهەمی ریزبەندی ژمارەی بردنەوەکانی گەیاندە 28 بردنەوە و میامی هیتیش تووشی سی و سێیەمین دۆڕانی ئەم وەرزە بوو.

* له‌ خولی باسكه‌ی ئه‌مریكا، گۆڵدن ستەیت دوای سێ دۆڕانی لەسەر یەک، ئەمجارەیان لە یاریگای خۆیان پێشوازیان لە میلواکی بەکس کرد و لە کاتی زیاد کراوی یارییەکە توانیان بە ئەنجامی 125 خاڵ بەرامبەر 116 خاڵ یارییەکە ببەنەوە. لەم یارییە ستێفان کۆری دوای گەڕانەوە لە پێکان و لە یەکەم یاریی لە یاریگای خۆیان، توانی بە تۆمار کردنی 36 خاڵ سەرکردایەتی بردنەوەی تیپەکەی بکات. بەم شێوەیە گۆڵدن ستەیت کۆی بردنەوەکان لەم وەرزەی خولی باسکەی ئەمریکا لە کۆمەڵەی رۆژئاوا گەیاندە 35 بردنەوە.