سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

سەرۆک بارزانی پێشوازی لە شاندی فیدڕاسیۆنی نیشتیمانیی جەنگاوەرانی دێرینی فەرەنسا دەکات

ەمڕۆ دووشەممە 13ی ئاداری 2023 لە سەلاحەددین سەرۆک مەسعود بارزانی، پێشوازی لە شاندی فیدڕاسیۆنی نیشتیمانیی جەنگاوەرانی دێرینی فەرەنسا کرد کە پێکهاتبوو لە فیلیپ دولارب سکرتێر و سێناتۆر لوی دوڤێرنوا و جەنەڕاڵ تینۆدۆر ئارفارا ئەندامانی فیدڕاسیۆن.

بەگوێرەی راگەیەندراوی بارەگای بارزانی، لە دیدارەکەدا شاندی میوان پێزانینیان بۆ خەبات و ماندوبوون و قوربانیدانی سەرۆک بارزانی و پێشمەرگە و گەلی کوردستان هەبوو و جەختیان لە بەردەوامیی دۆستایەتی و پەیوەندی و برایەتیی نێوان گەلی فەرەنسا و گەلی کوردستان کردەوە.

هەروەها بە مەبەستی بەرزڕاگرتنی خەباتی پێشمەرگە و فراوانکردنی پەیوەندی نێوان گەلی کوردستان و گەلی فەرەنسا کۆمەڵێک بیرۆکە و پێشنیاریان خستەڕوو.

هەر لەو کۆبوونەوەیەدا سەرۆک بارزانی دۆستایەتیی نێوان گەلی کوردستان و گەل و حکومەتەکانی فەرەنسا بە مێژوویی و دێرین وەسف کرد و وێڕای ئاماژەدان بە چەندین نموونەی مێژوویی و سەردانی سەرۆک ئۆلاند و سەرۆک ماکرۆن، سوپاسی گەل و دەوڵەتی فەرەنسای کرد کە هەمیشە پاڵپشت و دۆستێکی گەورەی گەلی کوردستان بوونە.