ئەمڕۆ دووشەممە 13ی ئاداری 2023، سەرۆک مەسعود بارزانی لە سەلاحەددین پێشوازی لە جێسیکا سڤاردسترۆم، باڵیۆزی سوید لە عێراق کرد.
بە گوێرەی راگەیەندراوێکی بارەگای بارزانی، لە دیدارەکەدا بارودۆخی سیاسیی عێراق و ناوچەکە و کۆسپەکانی بەردەم سەقامگیریی عێراق و جێبەجێبوونی بەرنامەی حکوومەتی عێراق تاووتوێ کرا.
بارەگای بارزانی ئاماژەی بەوەداوە، کە لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا رۆشنایی خرایە سەر هەڕەشەکانی هزری توندڕۆیی و تاییفەگەری لەسەر داهاتووی عێراق و ناوچەکە و جەختیش لە جێبەجێبوونی رێککەوتننامەی شنگال و ئاساییکردنەوەی بارودۆخی شنگال کرایەوە.
هەر لەو دیدارەدا باڵیۆزی سوید لە عێراق ئەوەی خستەڕوو کە وڵاتەکەی پاڵپشتی لە سەقامگیریی عێراق و هەرێمی کوردستان و دەکات و وێڕای ئاماژەدان بە بوونی ژمارەیەکی زۆری جالیەی کورد و عێراقی خوازیاری ئەوە بوو پەیوەندییەکانی نێوان سوید و هەرێمی کوردستان و عێراق لە بوار جیاجیاکان پەری زیاتر بستینێت.
لەلای خۆیەوە سەرۆک بارزانیش سوپاسی گەل و حکوومەتەکانی سویدی کرد کە هەمیشە لە رۆژانی تەنگانەدا دەرگەیان بەڕووی گەلی کوردستان کردووەتەوە و پاڵپشتی دۆزی گەلی کوردستان بووە.