هاودەنگ فاروق
لەمێژووی ڕزگاریی نەتەوە ژێردەستەكاندا، جارێك یان دووجار قەدەر سیمبولێك بۆ ڕزگاری دێنێتە کایە. سیمبولەكانی ڕزگاریی نیشتمانی، لەزۆر خەسڵەتدا لەیەكدی دەچن؛ گیانی خۆنەویستی و بڕوابەخۆبوون و نێڵدانی كوورەی شۆڕش و هاندانی نەتەوەیەك بۆ ڕزگاری و قبوڵنەكردنی ژێردەستەیی، سیفەتی هاوبەشی گەورەكانی مێژوون.
وەختێك ڕەمزەكانی شۆڕشی ڕزگاری بەگژ سوپاو تانك و تۆپ و سیستەمی داگیركاریدا دەچنەوە و دوژمن بەچۆكدا دێنن، جگە لە بڕوایەكی پاكژو و ئیڕادەیەكی بەهێز، هیچ هاندەرێكی دیكەیان نییە، بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان.
بارزانی نەمر هەمیشە دەیفەرموو: من دڵنیام كورد سەردەكەوێت، بەڵام ڕەنگە ئێمە ئەو سەركەوتنە نەیبینین! ئەمە ئەو متمانە گەورەیە كە دەبێتە ناوكی شۆڕش و خاڵی وەرچەرخانی سەرەتای گۆڕینی مێژووی ژێردەستەیی.
تاكو ئێستا گەورە تیۆریستەكانی مێژوو نەیانتوانیوە وەڵامی وردی بدەنەوە، ئایە سیحری ئەو وزەیە چییە وا دەكات سەركردەیەك بەو خەسڵەتە لەناو نەتەوەیەكی گەورەی بێ دەوڵەتدا دروست ببێت و سەرهەڵبدات؟ چۆن تێكڕای خەڵك لە زاخۆ تا خانەقین و مەندەلی لە دەوری خۆی كۆدەكاتەوەو متمانەو بڕوابەخۆبوونی بەهێزتر لە ناخی تاكی نەتەوەكەی و لای ملیۆنان كەس دروست دەكات كەلەژێر فەرمانیدا بن و گیانفیدا خەبات بۆ ڕزگاری بكەن؟
بارزانی لەو جۆرە مرۆڤانە بوو، كە زانستی مێژووش دەستەوسانە لە ئاست خوێندنەوەی هێزو نهێنییەكانی كەسایەتی و سیمبولیی ئەو گەورەپیاوە، كە ئایە چۆن یەكەم هەنگاوەكانی گۆڕینی مێژووی كوردی دەستپێكرد؟ چۆن یەكەم بڕیاریدا لە داگیركەران یاخی بوو؟
ئاخر قوربانیدان بە خۆی و بە ژیانی خۆی، بە ئاسودەیی خۆی، لەپێناوی ئاسودەیی و ئازادی و ڕزگاری نەتەوەكەیدا، یەكێك لەو نهێنییە گەورانەیە كە لەناخی مرۆڤە مەزنەكاندایە و زانستیش ناتوانێت بە ئاسانی شی بكاتەوە و وەڵامی وردی لەبارەوە بداتەوە.
مەلا مستەفا بارزانی، زیاتر لەسەدەیەك لەمەوبەر، هەستی بەوە كرد كە پێویستە گۆڕان لە مێژووی نەتەوەكەیدا بكات، لێرەوە توانی هەنگاوە مەزنەكانی دوور لە ئایدۆلۆژیایەكی دیاریكراو دەست پێبكات و خۆی بە دەڤەرەجیاوازەكانی كوردستان بناسێنێ و هێزو هۆزو وزەپەرتبوەكانی كورد لە پێكهاتەیەكی نەتەوەیی و سێبەری شۆڕشێكی هاوچەرخدا كۆبكاتەوە.
هەروەك سنوورەكانی جوگرافیا ببڕێ و لە بەشەكانی دیكەی كوردستانیش، جێپێی خۆی دابنێ، بارزانی توانی خەم و خولیاكانی میللەتەكەی لە دەڤەری بارزانەوە،بگەیەنێتە هەموو بادینان، كەركوك و گەرمیان و سلێمانی و شارەزوور و هەورامان و موكریان و قامشلۆ و ئامەد، ئەمەیە نهێنی ئەو نەبەزین و كۆڵنەدانەی مستەفا بارزانی كە وەك خۆرێك بۆ نەتەوەكەی درەوشایەوە.