چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

بڕیارەکانی سەرۆکی حکوومەت مەترسیی لافاوی لەسەر هەولێر ڕەواندەوە

چواس خالید – هەولێر

ساڵانه‌ له‌ وه‌رزی زستاندا، سێڵاو و لافاو به‌رۆكی دانیشتوانی شاری هه‌ولێری ده‌گرت و جیا له‌ زیانه‌ مادییه‌كان، زیانی گیانیشی لێ ده‌كه‌وته‌وه‌، دواجار مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، بڕیاری چارەكردنی ئه‌و گرفتهی‌ دا و به‌ره‌نجام له‌م زستانه‌دا لافاو له‌ هه‌ولێر ڕووینه‌دا و له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا بڕیاره‌ چه‌ندان پۆند و به‌نداوی بچوك له‌ده‌وروبه‌ری هه‌ولێر بنیات بنرێت.

گۆڕانی ئاو و هه‌وا، بارینی ڕێژه‌یه‌كی زۆری باران‌ له‌ كاتێكی زۆر كه‌مدا، هۆی سەرەکی هەستانی لافاو و زیانی ماددی و گیانییە.
هێمن قادر، جێگری پارێزگاری هه‌ولێر، به‌ پێگه‌ی فه‌رمیی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی ڕاگه‌یاندووه‌، به‌ر له‌ هاتنی وه‌رزی زستانی ئه‌مساڵ، سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، هه‌موو لایه‌نه‌كانی پێوه‌ندیداری بۆ هۆكاره‌كان و چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و گرفته‌ له‌ناو شاری هه‌ولێر، ڕاسپارد.
جێگری پارێزگاری هه‌ولێر ده‌ڵێ: ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران و وه‌زاره‌ته‌ تایبه‌تمه‌نده‌كان، پێش هاتنی وه‌رزی زستان، له‌ چه‌ند مانگی ڕابردوودا له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی وه‌ك به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی ئاودێری هه‌ولێر و ئاو و ئاوه‌ڕۆكان و كشتوكاڵی هه‌ولێر و فه‌رمانگه‌كان، ئه‌و زێده‌ڕۆییانه‌ی له‌سه‌ر ڕێڕه‌وی ئاوه‌كان ڕۆنرابوون، چاره‌ كران و ڕێڕه‌وه‌كان و بن پرده‌كان و قه‌نته‌ره‌كان و ئاوبه‌ره‌كانی ده‌وروبه‌ری شار پاك كرانه‌وه‌.
هاوكات له‌ناو شاری هه‌ولێر زێرابی نوێ دروست كران و هه‌موو زێرابه‌كان و ئاوه‌ڕۆ‌كان له‌لایه‌ن سه‌رۆكایه‌تیی شاره‌وانیی هه‌ولێر و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی ئاو و ئاوه‌ڕۆكان پاككرانه‌وه‌، بۆیه‌ ئه‌مساڵ هیچ لافاوێک له‌و شوێنانه‌ی ساڵانی ڕابردوو تێیاندا ڕوویان ده‌دا، نه‌بوو.
هێمن قادر هێما بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات، ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به‌ ده‌وروبه‌ر و به‌رزاییه‌كانی هه‌ولێره‌وه‌ هه‌یه‌، به‌ر له‌ هاتنی وه‌رزی زستان هه‌موو ئه‌و شوێنانه‌ی باراناویان پێدا ده‌ڕوات، بۆ وه‌رزی زستان ئاماده‌كران و له‌ ڕێگه‌ی ئاوه‌ڕۆه‌، یان ئه‌و كه‌ناڵانەی كه‌ هه‌ن‌، له‌ سنووری ناحیه‌ی داره‌توو بۆ سنووری ناحیه‌ی شه‌مامك و خۆرئاوای هه‌ولێر، هه‌مووی خاوێن كرانه‌وه‌، هاوكات فراوانكردن و لادانی سەرجەم ئەو زێده‌ڕۆییانه‌ی ئەوێ.
جێگری پارێزگاری هه‌ولێر باس له‌وه‌ ده‌كات، بڕیاره‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی ئاودێریی هه‌ولێر چه‌ند پۆندێك، یان به‌نداوێكی بچووك له‌ به‌رزاییه‌كانی هه‌ولێر دروست بكات، ئه‌وانه‌ش جیا له‌ ڕێگریكردن له‌ ئاوێكی زۆری باران بۆ ناو شاری هه‌ولێر، سودی بۆ ئاوی ژێرزه‌وی و كشتوكاڵ و ئاژه‌ڵداری و گه‌شتیاری و هتد…، سودی ده‌بێت.
ئێستا ڕه‌زامه‌دنی له‌سه‌ر ڕۆنانی هه‌ژده‌ پۆند دراوه‌، كه‌ حه‌وتیان له‌ ده‌وروبه‌ر و به‌رزاییه‌كان و سنووری قه‌زای ده‌شتی هه‌ولێر و سنووری به‌ستۆڕه‌ له بواری‌ جێبه‌جێ كردندان، بڕیاریشه‌ له‌ ساڵی ئاینده‌دا هه‌موویان ته‌وو بكرێن.
له‌ناو شاریشدا، ئه‌و ئاوه‌ڕۆیانه‌ی پێشتر كێشه‌یان هه‌بوو چاره‌ كراون و له‌شه‌قامی سی مه‌تری ئاوه‌ڕۆیه‌كی دوو چاوه‌ دروست ده‌كرێت، له‌ بازاڕی ته‌یراوه‌ش ئاوه‌ڕۆ دروست ده‌كرێت و پێشبینی ده‌كرێت له‌ مانگێكدا ئه‌و پڕۆژانه‌ ته‌واو ببن.
هاوكات له‌ڕێگه‌ی پیرمام، له‌ ناوچه‌ی تارین ئاوه‌ڕۆیه‌ك دروست ده‌كرێت. جارێكی دی له‌گه‌ڵ شه‌قامی ١٥٠ مه‌تری، ئه‌و گرفته‌ی ئاو و ئاوه‌ڕۆیه‌ی دروست ده‌بوو، له‌ شاری كۆری و زێڕین چاره ده‌كات، كه‌ ئاوه‌ڕۆیه‌كی سندوقییه‌ و گردجوتیاریش به‌ قه‌ته‌وی و خۆرئاوای هه‌ولێر ده‌به‌ستێته‌وه‌ و گرفتی لافاو چاره‌ ده‌كات.
سه‌رباری بنیاتنان و ڕۆنانی پڕۆژه‌كانی ڕێگاوبان و پڕۆژه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كانی پێویست به‌ شار و شارۆكه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، به‌ بڕیاری مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، كارده‌كات به‌ یەكجاری گرفتی دروستبوونی لافاو له‌ پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان بنبڕ بكات و له‌ چارهكردنی گرفته‌كانی ئاوه‌ڕۆی پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وام ده‌بێت.