مەسرور بارزانی: ئێستا كوردستان له‌ هه‌موو عێراق ئاوه‌دانتره

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشداری لە یەکەمین دیداری لاوان لە دهۆک کرد و تیشکی خستەسەر ژیانی چەند لایەنێکی لاوانی کوردستان و رایگەیاند: ئه‌وه‌ی شاره‌زایی له‌ مێژووه‌كه‌ی نه‌بێت ناتوانێت داهاتوویه‌كی باشتر بۆ خۆی بونیاد بنێت.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوەشدا، لە سەردەمی شاخ پێشمەرگە ئاواتیان بەوە دەخواست بە ئازادی لە کوردستان بژین ئەگەر لەژێر تەڕاشكیش دابێت، ئێستا کوردستان ئازادە و له‌ هه‌موو عێراق ئاوه‌دانتره.

دەقی وتەکانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان:

رۆژه‌كانی راپه‌ڕین و ئازادكردنی شار و شارۆچكه‌كانی كوردستان له‌ هه‌موو خه‌ڵكی كوردستان پیرۆز ده‌كه‌م، یادێكی مه‌زن و پیرۆزه‌ بۆ رزگاركردنی گه‌له‌كه‌مان له‌ژێر ده‌ستی زۆرداری و، وه‌رچه‌رخانێكی مێژوویی بوو له‌ ژیانی هه‌موو خه‌ڵكی كوردستاندا. ئه‌وانه‌ی پێش راپه‌ڕین ژیاون، له‌ عێراق و ئه‌وانه‌ی ئاوا‌ره‌ی ده‌ره‌وه‌ش بوونه‌، ژیانی ئاواره‌یی و بنده‌ستییان بینیوه‌. له‌بیرم دێت، زۆر جار كه‌ له‌گه‌ڵ هاوڕێكانمان و پێشمه‌رگه‌كان داده‌نیشتین، ده‌یانگوت، خوزگه‌ گه‌ڕاباینه‌وه‌ كوردستان و به‌ ئازادی ژیاباین، با له‌ژێر “ته‌راشێكدا” ژیاباین، هه‌زار جار سوپاس بۆ خوا گه‌ڕاینه‌وه‌ كوردستان، كوردستان ئێستا ئازاده‌، نه‌ك له‌ژێر ته‌ڕاشدا نین، به‌ڵكو كوردستان له‌ هه‌موو عێراق ئاوه‌دانتره‌”.

چه‌ندین نه‌وه‌ دوای ئه‌و راپه‌ڕینه‌ له‌دایكبوونه‌، گه‌وره‌بوونه‌ و چوونه‌ته‌ زانكۆ و په‌یمانگه‌كان و خوێندنه‌كه‌شیان ته‌واوكردووه‌. به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئێستا دیاره‌، به‌شێكی زۆر له‌و گه‌نجانه‌ ئه‌و ئێش و ئازارانه‌یان نه‌بینیوه‌، له‌وانه‌یه‌ قه‌در و قیمه‌تی ئه‌م ئازادییه‌ی ئێستا نه‌زانن، ئینشائه‌ڵڵا هەرگیز ئه‌و ژیانه‌ نه‌بینن، كه‌ ئێمه‌ بینیومانه‌. هه‌موو كاتێك به‌سه‌ر به‌زری بژین و ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر هه‌ردووكمان پێویسته‌ به‌یه‌كه‌وه‌ كاربكه‌ین بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی ژیانێكی باشتر بۆیان.

ئه‌وه‌ی شاره‌زایی له‌ مێژووه‌كه‌ی نه‌بێت، ناتوانێت داهاتوویه‌كی باشتر بۆ خۆی بونیادبنێت. پێویسته‌ له‌سه‌ر هه‌موومان مێژوو بیر خۆمان بینینه‌وه‌ و بزانین له‌ كوێوه‌ ده‌ستمان پێكردووه‌ و گه‌یشتووینه‌ته‌ كوێ. زۆر جار كێشه‌ و گرفت هه‌بوونه‌، پێویسته‌ بزانین سه‌رچاوه‌ ئه‌و كێشانه‌ چ بوونه‌، بۆ رێگری لێمان كراوه‌ و داواكانمان وه‌كو پێویست جێبه‌جێ نه‌كراون. ئه‌مه‌ كاری ئێمه‌ به‌ ته‌نها نییه‌، كاری هاوبه‌شه‌، پێویسته‌ هه‌ر كه‌سێك له‌ ماڵه‌كه‌یدا، ئه‌و باوكه‌ی پێشمه‌رگایه‌تی، نه‌خۆشی و بنده‌ستی بینیوه‌، به‌بیری كچ و كوڕه‌كانی بهێنێته‌وه‌، چ ژیانێكیان بینیوه‌ و ئێستا له‌ چ ژیانێكدان و بۆ پاراستنی ئه‌م ژیانه‌ پێویسته‌ به‌یه‌كه‌وه‌ كاربكه‌ین و له‌سه‌ر نوێ پێویسته‌ ئه‌م ئه‌زموونه‌ بپارێزێت. له‌سه‌ر حكومه‌تی هه‌رێمیش پێویسته‌ ده‌رفه‌ت بۆ گه‌نجان بڕه‌خسێنێت بۆ ئه‌وه‌ی داهاتوویه‌كی باشتر بۆ خۆیان بونیاد بنێن.