لە سنووری ئیدارەی زاخۆ ژمارەیەک پڕۆژەی خزمەتگوزاری جێبەجێ دەکرێن و بەرپرسی ڕاگەیاندنی ئیدارەکەش دەڵێ، دوای تەواوبوونیان ئاستی خزمەتگوزاری باشتر دەبێت و ئاسانکاری بۆ ھاووڵاتیان و کەرتی ھاتوچۆ دەبێت.
شڤان عەبدی، بەرپرسی ڕاگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: “بە فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ژمارەیەک پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە ئیدارەی زاخۆ کەوتوونەتە واری جێبەجێکردن، یەکێک لەو پڕۆژانە جادەی سەرەکیی ئیبراھیم خەلیل-باچیکایە کە رێگەیەکی ستراتیژی و گرینگە بۆ ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ لەگەڵ ژمارەیەک پڕۆژەی ئاو و ئاوەڕۆ و کارەبا.
بەرپرسی ڕاگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ گۆت: “دروستکردنی ئەو جادەیە کاریگەریی لەسەر کەرتی ھاتوچۆ و جووڵەی بارزگانی دەبێت، لەبەر ئەوەی رێگایەکی نێودەوڵەتییە لە نێوان ھەرێمی کوردستان و تورکیا و ڕۆژانە ھاتوچۆیەکی زۆری لەسەرە و دوای تەواوبوونی جگە لەوەی ئاسانکاریی زۆر بۆ ھاتوچۆ دەبێت، روویەکی شارستانییش بە ناوچەکە دەبەخشێت.
شڤان عەبدی ڕوونیشی کردەوە: “ئەو پڕۆژانەی ئاماژەم بۆ کرد لەلایەن حکوومەتی ھەرێمەوە گوژمەی ١٨ ملیار دیناری بۆ تەرخان کراوە و بەردەوامیش دەبین لە پێشکەشکردنی پڕۆژەی خزمەتگوزاری بۆ ھاووڵاتیانی زاخۆ، دوای بڕیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ چەندین پڕۆژەی نوێ چوونەتە واری جێبەجێکردنەوە.”