ئه‌ردۆگان واده‌ی رۆژی هه‌ڵبژاردنی له‌ توركیا دیاری كرد

ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگان سه‌رۆكی توركیا ئه‌مڕۆ هه‌ینی به‌ مه‌ڕسوومێكی سه‌رۆكایه‌تی و به‌فه‌رمی رۆژی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان و سه‌رۆك كۆماری دیاری كرد.

ئه‌ردۆگان ڕایگه‌یاند: ئه‌مڕۆ واژووم له‌سه‌ر مه‌ڕسوومێكی سه‌رۆكایه‌تی كرد بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنه‌كانی سه‌رۆكایه‌تی كۆمار و په‌رله‌مان كه‌ بڕیاره‌ له‌ ڕۆژی 14ی ئایاری داهاتوو به‌ڕێوه‌ بچن.

ڕاشیگه‌یاند: هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ دوای دوو مانگی تر له‌ یه‌كه‌م رۆژی یه‌كشه‌م به‌ڕێوه‌ ده‌چێت.  

سه‌رۆكی توركیا هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند: كۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان سه‌رجه‌م ڕێوشوێنه‌كانی ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی له‌و شوێنانه‌ ته‌واو كردووه‌ كه‌ بوومه‌له‌رزه‌ تێیاندا ڕوویداوه‌.

سه‌باره‌ت به‌ بوومه‌له‌رزه‌كانی رابردووی وڵاته‌كه‌ی، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگان جه‌ختی كرده‌وه‌ كه‌  خۆشبه‌ختانه‌ حكوومه‌تی توركیا توانیویه‌تی كۆتایی به‌ كاره‌كانی هه‌ڵگرتنه‌وه‌ی پاشماوه‌كانی بوومه‌له‌رزه‌ بهێنێ.

سه‌رۆكی توركیا به‌ڵێنیشی دا له‌ ماوه‌ی یه‌ك ساڵی داهاتوودا زیاتر له‌ 300 هه‌زار خانوو و یه‌كه‌ی نیشته‌جێبوون بنیات بنێینه‌وه‌.