بەڕێوەبەری شوێنەواری ئاکرێ ئاشکرای کرد، قشلەی ئاکرێ بە شێوەیەکی زۆر باش نۆژەن دەکرێتەوە و دواتریش دەکرێتە مۆزەخانەیەکی شوێنەواری و کەلەپووری، بە مەبەستی سەردانیکردنی گەشتیارانی ناوخۆ و بیانی، کە سەردانی قەزای ئاکرێ دەکەن.
هیوا سورچی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: “قشلەی ئاکرێ بە یەکێک لە شوێنە مێژوویی و شوێنەوارییەکانی ئاکرێ هەژمار دەکرێت، کە مێژووی دروستکردنەکەی بۆ ساڵی 1958 دەگەڕێتەوە، بەڵام بەهۆی کۆنیی قشلەکەوە پێویستی بە نۆژەنکردنەوە هەیە، هەرچەندە پێشتر دوو جاری دیکەش نۆژەن کراوەتەوە و ئێستا بۆ جاری سێیەم سەرقاڵی نۆژەنکردنەوەین”.
سورچی گوتیشی: “لە ئێستادا 50%ی نۆژەنکردنەوەی قشلە تەواو بووە و بۆ ئەوەی تەواو نۆژەن بکرێتەوە، پێویستمان بە بودجەی دیکە هەیە، چونکە ئەو بودجەیەی بۆی تەرخان کراوە کە 166ملیۆن دینارە، کەمە و بەشی نۆژەنکردنەوەی تەواوی بیناکە ناکات، لەبەر ئەوەی قشلەکە گەورەیە و لەسەر رووبەری هەزار و 400 مەتر زەوی دروست کراوە و دوو قاتە و لە نزیکەی 35 ژووریش پێکدێت”.
ناوبراو دەشڵێ: “داوامان کردووە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بودجەی دیکەمان بۆ تەرخان بکات، بۆ ئەوەی بتوانین تەواوی بیناکە نۆژەن بکەینەوە، چونکە پلانی ئێمە ئەوەیە دوای ئەوەی بە شێوەیەکی رێکوپێک و باش نۆژەن کرایەوە، بیکەینە مۆزەخانەیەکی شوێنەواری و کەلەپووری و، کەلوپەلی شوێنەواریی تێدا دابنرێت، بۆ ئەوەی گەشتیاری ناوخۆیی و بیانی کە سەردانی ئاکرێ دەکەن، بێن سەردانی ئەو مۆزەخانەیە بکەن، چونکە هەم قشلەکە کۆنە و هەمیش کەلوپەلەکان سەرنجڕاکێش دەبن کە شوێنەوارین، بۆیە دوای تەواوبوونی نۆژەنکردنەوە، دەکرێتە مۆزەخانە، کە شوێنەکەشی زۆر گونجاوە و دەکەوێتە سەنتەری قەزای ئاکرێی کۆن”.
بەپێی زانیارییەکانی شوێنەواری ئاکرێ، نزیکەی 400 شوێنی شوێنەواری لە ئاکرێ هەن و ئەگەر لێکۆڵینەوەی زیاتر بکرێت، دەگاتە 700 شوێنی شوێنەواری.