ھەردوو وەزارەتی شەھیدان و ئاوەدانکردنەوە، لەسەر پرۆسەی دروستکردنی شوققە بۆ کەسوکاری شەھیدان گەیشتنە لێکتێگەیشتن و گوتەبێژی وەزارەتی شەھیدانیش دەڵێ، دابەشکردنی شوققە بۆ کەسوکاری شەھیدان، بە خاڵبەندی دەبێت.
عادل مەلا ساڵح، گوتەبێژی وەزارەتی شەھیدان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، لە ژێر رۆشنایی کۆبوونەوەیەکی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران، وەزیری شەھیدان و ئەنفالکراوان پێشنیازی دروستکردنی یەکەی نیشتەجێکردنی کردبوو لەبری دابەشکردنی پارچە زەوی بەسەر کەسوکاری شەھیداندا، بۆیە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە لیژنەیەک لە لایەنە پەیوەندارەکانی وەک فەرمانگەی ھەماھەنگی و وەزارەتەکانی دارایی و ئاوەدانکردنەوە و دەستەی گشتیی وەبەرھێنان راسپێردراون ھەماھەنگی بکەن بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکەی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران.
گوتەبێژی وەزارەتی شەھیدان دەشڵێت، وەزیری شەھیدان بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیران، سەردانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی کردووە و لەگەڵ وەزیری ئاوەدانکردنەوە کۆبوونەوە کراوە و کۆنووسێکی ھاوبەش لە نێوان ھەردوو وەزارەتدا واژۆ کراوە، بۆ ئەوەی لە ئایندەیەکی نزیکدا ھەماھەنگی بکەن، تا پلان و بەرنامە ئامادە بکەن و لەمەودوا ھەر خێزانێکی شەھید سوودمەند نەبووبێت لە وەرگرتنی زەوی، یەکەی نیشتەجێبوونی بۆ دروست بکرێت.
ناوبراو روونیشی کردەوە، ئەمە قۆناغی یەکەمە و لە ئایندەدا رێنمایی دەردەکرێت لەسەر شێوازی دروستکردن و دابەشکردنی یەکەی نیشتەجێبوون بۆ کەسوکاری شەھیدان، دابەشکردنی یەکەی نیشتەجێبوونیش بەسەر کەسوکاری شەھیداندا بە خاڵبەندی دەبێت، پێشتر دەیان ھەزار خانەوادەی شەھیدان سوودمەند بوونە لە وەرگرتنی زەوی و دەیان ھەزاری دیکەش ھێشتا ماون.
دەشڵێ، بەداخەوە دابەشکردنی زەوی نەبووەتە ھۆکاری چارەسەرکردنی کێشەی نیشتەجێبوون بۆ کەسوکاری شەھیدان و ئەنفالکراوان و زیندانیانی سیاسی، لەبەر ئەوەش بڕیار دراوە لەمەودوا یەکەی نیشتەجێبوون دروست بکرێن و راستەوخۆ بەسەریاندا دابەش بکرێن.