کەشناسی رەوشی کەش و هەوای دوو رۆژی راگەیاند

بەگوێرەی پێشبینییەکانی کەشناسی، ئەو شەپۆلەی بارانبارین کە ناوچەکانی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە ئەمڕۆش لە هەندێک ناوچە کاریگەری دەبێت و لە هەندێک ناوچەی شاخاویش ئەگەری بەفربارین هەیە.

بەشی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ ئاسمان لە زۆربەی ناوچەکان هەور دەبێت، لەگەڵ ئەگەری  دابارینی  نمە باران لە زۆربەی ناوچە شاخاوییەکاندا، بەفرێکی کەم لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکانی باکووری خۆرهەڵاتی هەرێم دەبارێت، هەروەها  پێشبینی نمە بارانی کەم بۆ شارەکانی  هەولێر و دهۆک دەکرێت.

لە راپۆرتی کەشناسی ئاماژە بەوەشکراوە، سەبارەت بە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی هەرێم و پارێزگای سلێمانی و دەوروبەری کاریگەری دابارین بەشێوەی لێزمە باران و بروسکە بەردەوامی دەبێ تاکو کاتەکانی ئێوارە، کە پێش بینی دەکرێ رێژەیەکی زۆر باران لەم ناوچەیە ببارێت.  لە کاتەکانی ئێوارە کاریگەری ئەم شەپۆلەی دابارینە کە هەندێک لە ناوچەکانی هەرێم گرتبووەوە لاواز دەبێت کەش لە زۆربەی ناوچەکان جیگیر دەبێتەوە.