پڕۆسەى پێشکەشکردن بۆ خوێندنى ماستەر و دکتۆرا دەستپێدەکات

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند، دواى پشوى نەورۆز، پڕۆسەى پێشکەشکردن بۆ خوێندنى باڵا (دیبلۆمى باڵا، ماستەر، دکتۆرا) لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان دەستپێدەکات، لەو پێناوەشدا ئومێدەوارە زانکۆکان بتوانن توانا و بڕوانامەی زانستی پۆلێکی دیکە لە خوازیاران بەرز بکەنەوە بۆ خزمەتکردنى زیاترى کەرتى خوێندنى باڵا. 

د. ئارام محمد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئەمڕۆ لەمیانى بەشدارى کردنى لە مەراسیمى خولى دوانزەهەمى دەرچوانى زانکۆى زاخۆ ئاماژەی بەوەشکرد، “سەربەرزم ئەمرۆ لە (زاخوی  دەلال)و لە کەرنەڤاڵی دەرچونی خولێکی نوێی زانکۆکەتان بەشدارم، جێگەی شانازییە ئەمرۆ 2436 گەنجی وڵاتەکەمان لەم زانکۆیە لە (27) بەشی زانستی جیا جیا بڕوانامەی بەکالۆریۆس بەدەستدەهێنن، بۆیە پیرۆزبایی لە یەکە بەیەکەی دەرچوان و خانەوادەکانیان دەکات.

وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، کار دەکەن بۆ ئەوەی نێوەڕۆکی پرۆگرامەکانی خوێندن ببەستنەوە بە پێداویستییەکانی بازاڕی کار و ئاراستەی گەشەکردنی ئابووریی هەرێمی کوردستان. دەشڵێت، “هەوڵ دەدەین رووپێویی زانستییانە و بەردەوامی بازاڕی کاری کوردستان بکەین و پرۆگرامەکانی خوێندن بە ئاراستەی پێداویستییەکانی بازاڕی کار دابڕێژینەوە، بۆ ئەمەش لە ئاییندەیەکى نزیکدا 70 مامۆستا لە تەواوى زانکۆکانى کوردستان بۆ ئەم رووپێوییە زانستییە ئامادە دەکرێت.”

رۆژی 14-02-2023، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، مانگی ئاداری ئەمساڵ پرۆسەى پێشکێشکردن بۆ خوێندنى ماستەر، دکتۆرا و دبلۆمى باڵا لە زانکۆ حکومییەکانی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات. 

وەزارەتی خوێندنی باڵا ئەوکات راشیگەیاند، “دواى تەواوبوونى ئامادەکارییەکان لە داهاتووییەکى نزیکدا قۆناخبەندیى پرۆسەى خوێندنى باڵا لە رووەکانى پلان و ژمارەى کورسییەکان و ماوەى پێشکەشکردن و کاتەکانى ئەنجامدانى تاقیکردنەوەى توانستى زانستى و راگەیاندنى ئەنجامەکان و دەستپێکردنى پرۆسەى خوێندن رادەگەیێندرێت.