لە روداوێکی هاتووچۆدا لە سنووری سلێمانی چوار کەس گیانیان لەدەستدا

پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە رووداوێكی هاتووچۆدا لە رێگای دەربەندیخان – سلێمانی چوار ئەندامی یەک خانەوادە گیانیان لەدەستدا.

بە گوێرەی زانیارییەکان، رووداوەکە لە نزیک گوندی میرە دێ لەسەر رێگای دەربەندیخان – سلێمانی روویداوە.

لەو بارەیەوە سلێمان محەمەد، قائیمقامی دەربەندیخان راگەیاند، ئۆتۆمبێلێکی جۆری تۆیۆتا کراون ناسراو بە (مەلیکە) خۆی کێشاوە بە سیاجی سەر شەقامەکە و بەهۆی تیژڕەوییەوە وەرگەڕاوە و چوار کەس و منداڵێکی تێدا بووە.

گوتیشی: تەنها منداڵەکە زیندووە و ئەوانی دیکە گیانیان لەدەستداوە، کە دوو ئافرەت و دوو کوڕی گەنج بوون و سەرجەمیان ئەندامی یەک خانەوادە بوون.