بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە 2023/3/8 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە خاتوو ئەنالینا بێربۆك، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا كرد.
لە كۆبوونەوەیەكدا بە ئامادەبوونی شێخ جەعفەر، نێچیرڤان بارزانی سوپاسی هاوكاری و پشتگیریی سەربازی و مرۆیی و سیاسیی ئەڵمانیای بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان كرد، هەروەها دووپاتی كردەوە كە هەڕەشەكانی تیرۆر هێشتا بەردەوامن، بۆیە عێراق و هەرێمی كوردستان پێویستییان بە بەردەوامیی پشتگیریی ئەڵمانیا و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەیە.
لای خۆیەوە خاتوو بیربۆك دووپاتی كردەوە كە ئەڵمانیا بە بایەخەوە لە پەیوەندییەكانی لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان و ئارامی و سەقامگیریی سیاسی و ئابوورییان دەڕوانێت. لەمبارەوە ئاماژەی بە گرنگیی جێبەجێكردنی ڕێككەوتنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدراڵیی عێراق بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی شەنگال كرد كە دەبێتە هۆی گەڕانەوەی ئاوارەكان و ئاوەدانكردنەوەی ناوچەكە.
لە كۆبوونەوەكەدا كە شێخ جەعفەر شێخ مستەفا جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئامادەی بوو، پەیوەندییەكانی هەولێر ـ بەغدا، تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەكە بوو. تیایدا نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بە هەبوونی كەشێكی ئەرێنیی گفتوگۆی نێوان هەردوولا بۆ چارەسەركردنی كێشەكان كرد، هەروەها ئاماژەی بە هەماهەنگیی پتەوی نێوان سوپاسی عێراق و پێشمەرگە بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش كرد.
پەیوەندییەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، دۆخی ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمی كوردستان، دۆخی شەنگال و ئێزدییان بەگشتی و چەند پرسێكی جێی بایەخی هاوبەش، تەوەریێكی دیكەی كۆبوونەوەكە بوو. تیایدا نێچیرڤان بارزانی، سوپاسی ئەڵمانیای كرد بۆ پشتگیری و هاوكاریكردنی ئێزدییان و ناساندنی كۆمەڵكوژییان بە جینۆساید لە پەرلەمانی ئەڵمانیا.