تێڕوانین: شۆڕش غەفوورى
سەروەرم بە بێدەنگى ناسى، چەندین جار گوێم بۆ ڕاگرتووە، ورد و هێواش و لەسەرەخۆ، تەنانەت گفتوگۆشمان لەسەر چەند کتێبێک هەبووە، بەوەندە تێدەگەى ئەم کوڕە پاکە چەندە پڕە لە وزەى ژیان، چەندە دەنگى لە سینگیدا کۆ کردووەتەوە. ئێستا کتێبێکی لێ چاپ و بڵاو بووەتەوە بە ناوى “دڵم نارنجییە”. لێرەدا تیشکێکى خوێنەرئاسا دەخەمە سەر پەیڤەکانى.
سەروەرى شاعیر لە پێشەکى کتێبەکەیدا خۆى پاک دەکاتەوە لەوەى کە خەڵک پێى بڵێت ئەم دەقانەت شیعر نین و یا شیعریەتیان تیا نییە، بۆیە دەنووسێت: “ئەم دەقانه، نازانم شیعرن، پەخشانن، قسەى سەیروسەمەرەن، نازانم … تەنیا ئەوه دەزانم ئەوانه منن، منێك كه ڕۆژگارێكى زۆره گیرۆدەى هەوڵێكم بۆ ئازادكردنى ئەو وشانه له سینەمدا، ڕەنگه خوێنەر وابزانێت جۆرێكى تازەى تەكنیكه له شیعر، بەڵام سادەتره لەو تێگەیشتنه، سادەتره لەو وشانەش كه به پچڕپچڕ دێنە دەرەوه لەو بەندیخانەى سینەم. من خۆم وەك ئەوەى نوتقم رێگایەكى جۆگەلەئاسا نییه بۆ وشه، هەربۆیەش بەردەبازى جۆگەلەكەم كردوون به تەكنیك، نازانم كارێكى باشه یان نا، گرنگه تۆ بزانى درەوشانەوەى وشه له سینگى مندا رۆشنایی چەند زۆره.”
لەم کۆپلە شیعرانەیەوە ژانى تەتەڵەکردنى زمانى سەروەر دەگوارێتەوە بۆ خوێنەر، بەڵام بەختەوەرییەکەى لەوەدایە هەر ئەمە تەتەڵەبوونەى زمانى وەک خۆشى لە پێشەکییەکەدا ئاماژەى پێداوە دەبێتە تەکنیکى شیعرى ئەم کوڕە سینگ پڕ لە قریشکەیە:
“هە هە هە هە هەس هەست هەستی من
پ پ پ پڕ پڕ بووە لەل لە لە تر تر ترپە ترپە ترپەى دڵی تۆ”.
…
“م م م م م مماماماما مانگ مانگ بە ق ق قژ
قژى مانگ بە قژى ئا ئا ئائائائاس ئاس ئاس ئاسم
ئاسمانەوە هەڵوا هەڵواسراوە
م م م م من من من بە بە بە من بە دڵى
من بە دڵى تۆ وە”.
…
“ددددد ڵممممممم م م م م م مەش مەش مەش مە
شمەششش مەشکێنە
دڵی مننننننن دڵى دڵى من دا دا دار دار دارستانە”.
…
“نا نا نا نا نانمممممم
دە دە دە وێ
زۆر زۆر زۆر زۆر بررررررررسیمە
ب ب ب ب ب ب ب بر بر بربسی برس نیگایەکت”.
…
“پیا پیا پیاڵە چا چا چا چایەکەت
پڕ پڕ بووە لە شەکر شەکری تاڵى ڕووخسارم
نۆ نۆشى مە مە کە کە با ناشیرین نەبی”.
…
“مە مە مەڕ مەڕ مە ڕ
مەڕمەڕ
مەڕ مەڕ مەڕۆ
سینگ مەڕ مەڕ”.
…
“نی نی نی نیش نیش نیشت
نیشت نیشتیمان
نیشتمان نیشت
دڵەکان فڕین”.
پەنابرن بۆ لێبوردەیی، پەیوەندى بە بێهێزییەوە نییە، هێندەى پێوەندى بە خۆشەویستییەوە هەیە، سەروەریش هەر ئەمە دەڵێت کە نووسیویەتى:
“لێبوردەیی باشترین شێوەى خۆشەویستییە
ئەوە بە سادەیی ماناى خۆیان لە تۆێشەبەرەى
ژیاندا هەڵدەگرن
کەسێکى بەهێز داواى لێوردن دەکات
کەسێکى بەهێزتریشى دەوێ بۆ لێخۆشبوون
پڕەنسیپى سادەیی ژیانت لەبیر بێت”.
ئەم سادەییەشى نابەستێتەوە بە زمانگیرانی خۆیەوە، چونکە بە پێى لێکۆڵینەوە جیهانییەکان، زمانگیران لە مرۆڤەکاندا دەبێتە هۆى جۆرێک لە بێهێزى دەروونى و تێکشکانى ڕۆحى و بڕوابەخۆنەبوون بۆ تێکەڵبوونى کۆمەڵایەتى و گۆشەگیرى و خەمۆکى و زۆر شتى دیکە، کەچى لاى سەروەر بە پێچەوانەوەیە کە دەڵێت:
“هەرچەندە زمان دەگیرێت
ئەوان هێشتا دەمێننەوە و پێکەو دەبن
ئەوە ڕۆحى لێبوردەیی و پەیوەندییە
لێبوردەیی بناغەى پەیوەندییەکى مانادار و قووڵ و ڕاستە
کاتێک تۆ داواى لێبوردن دەکەین
ئەوە ماناى ئەوەیە کە تۆ بەهاى کەسەکە و
پەیوەندى زیاتر بۆ ڕاستى ڕکێف دەدەی”.
کێ گوتوویەتى زمان تاقە ئامرازى دوان و ئاخاوتنە، ڕێک لاى سەروەر ئەمە پێچەوانەیە، هەموو شتێک تواناى قسەکردن و ئاخافتنى هەیە، ئەو ئاسان دەڵێت:
“فرمێسک ئەو وشانەن کە زمان ناتوانێت لە
شیعرێکدا جێیان بکاتەوە.”
هەست دەکەم ئازارى سەروەر ئازارێکى زیاد و لە ڕادەبەدەرترە لە ئازارى شاعیرەکانى دیکە، چونکە من پێم وایە شاعیرەکان درۆزنترین بوونەوەرى سەر ڕووی گۆى زەوین، ئاخۆ چۆن دەکرێت شاعیرێک هەم پێکەنین و هەم گریان لە شیعرێکدا کۆ بکاتەوە، هەم بە پێکەنینمان بهێنێت و هەم بمانگریێنێت، هەم تووڕەمان کات و هەم هێورمان کاتەوە، هەم بمانکاتە کەسێکى ناسیونالیزم و هەمیش یاخی. بۆیە هەست دەکەم ئازارى سەروەر ئازارێکى جیاوازتر و واقعبینانەترە لەو ئازارەى کە شاعیرەکانى دیکە باسى دەکەن، ئاخر شاعیرەکانی دیکە دەنگەژێیەکانیان وەک دەنگەژێى سمایل سەردەشتییە بۆ دربڕینى وشەکان، بە پێچەوانەوەى سەروەرەوە کە دەنگە ژێیەکانی و زمانى ناگەڕێت بۆ دەربڕینى ئەو هەستە. شێرکۆ بێکەس، دەنگ و شێوازى دەربڕین و ئەداکردنى شیعرەکانى و ئەمپێ و ئەوپێکردنی لە کاتى شیعرخوێندنەوە، گەورەیی ئەو پیاوە و دەقەکانی نیشان دەداین، ئەى بۆ سەروەر چ بکەین، چ بکەینە پێوەر بۆ ئەوەى بزانین ئاخۆ دەربڕین و ئاوازی ئەو پەیڤ و هەستانەی چۆنن کە دەریاندەبڕێت:
“هەندێک جار گریان تاکە ڕێگایە کە
دڵت قسە دەکات
دەدوێت”… “کاتێک لێوەکانت ناتوانن ئەو ئازارە ڕوون بکەنەوە
کە هەستى پێ دەکەیت
فرمێسکەکان دەوەرن وەک دەنکی هەنارى پێکەییو
دەوەرن وەک ئەو گوڵە یاسەمینانەى ڕەشەبا
قەڵسیان دەکات
چونکە چیتر دڵ ناتوانێت ئازار چارەسەر بکات”.
مرۆڤ کە خوێنەر بوو، لە دەوروبەرى خۆیەوە دەست بە خوێندنەوە دەکات و تێدەگات ئەوانەى دەورى کە بۆى دەنووسن بوونەتە بەشێک لە خودى خۆى، بۆ نمونە سەروەر هەمان شتە، ئەو شتەى کە دەیخوێنێتەوە، ئەو شتەى کە دەیبینێت و ئەو شتەى کە گوێى لێ دەبێت، دەیکاتە بەشێک لە خۆى، هەر بۆیە لە چوارچێوەى شیعرێکدا پێمان دەڵێت:
من
من تابلۆیەکى تەواونەکراوی
حەمە هاشم و
گۆرانییەکى نەوتراوى زیاد ئەسعەدم
شیعرێکى پەژمووردەى دەم ڕەشەبای
کەژاڵ ئەحمەدم…
هەر لە چوارچێوەى قەلەندەریەتى خۆی و گەڕانى بە شارەکاندا لە قەڵادزێ دەبێتە جەبار جەمال غەریب و لە کۆیە دەبێتە خاڵە سێوە و حاجى قادر و مەلاى گەورە و دڵدار و عەوداڵ و عەونی و باکوورى و وریا ئەحمەد و لە شەقڵاوە دەبێتە کاوێس ئاغا و لە مەخموور دەبێتە تەلعەت تاهیر و سەرکەوت و بێلاوف و لە دهۆک دەبێتە ئەحمەدى خانی و لە هەڵەبجەش مەولەوی و گۆران و قانع تا دواجار دەڵێت:
“من کۆبانێم ماردینم سەقزم
من هەر چوارپارچەى دڵێکى بیمارم…”
سەروەر سەرەڕاى ئەوەش کە ناتوانێت وشەکانى بە ئاوازەوە دەربڕێت بۆ بەرامبەرى، کەچى لەوپەڕى هیوادایە، لەوپەڕى وزە و تواناى ئەرێنیدایە و نایهەوێت کێماسییەکەى خۆى بگوازێتەوە بۆ خوێنەر و هەستى بەزەیی دروست بکات، بە پێچەوانەوە مۆچیارى خوێنەر و بەرامبەرى دەکات کە بە هیوا بێت لەم ژیانە قورسە:
“ڕۆژێک
یەک کاتژمێر
تەنیا یەک خولەک
سەرەنج بدە
ژیان لەوانەیە سەخت بێت
بەڵام جوانییەکانى برسکەیان دێت
کاتێک ڕەشەبایەک هەڵدەکا لە ژیانت وەک بارانێکى بێ وەستان
هەمیشە لەبیرت بێت هیوا هەمیشە چەترى تۆیە
ژیان تاقیکردنەوەیە”.
جوانترین تێڕوانینى شاعیرانە بۆ خودى جەستە لاى سەروەر، دیدێکى سەیر دەداتە منى خوێنەر و هەست بە پاییزیەتى جەستە و ماندبوونی مێشکی دەکەم، بەڵام لەگەڵ خوێندنەوەى شیعرى (٩)ى سەروەر لە ناکاو و لە نێو قەددا تووشى پچڕانێکى سەیر دەبم کە دەمباتەوە سەر هەمان تێڕوانینى ئازاراویم بۆ کەسێک کە دەنووسێت کەچى ناتوانێت بیخوێنێتەوە:
“سەر وەریو
سەرم وەریوە
پاییزى سەرم دەستى پێ کردووە
سەرم دەوەرێت
گەڵا گەڵا
لەت لەت
تاڵ تاڵى قژم دەوەری و
بە دوایدا چاوم دەڕژێ
و لووت و دەمم دەکەون
گوێچکەمانم
ددانەکانم دەوەرن
زمانم دەوەرێ
ئاخ زمانم
زمانم دەمێکە وەریوە”.
شاعیران پێناسى خۆیان لە نێو دێرەکاندا دەکەن، سەروەریش لە شیعرێکدا بە کورتى و بە پووختى پێمان دەڵێت کە ئەوەى دەمانەوێت شیعرەکانى بخوێنینەوە کێیە:
“منم
سەروەر
سەر وەریو
سەر تەقیو
سەر شێواو
سەر بڵند
سەر تێکەڵى سەر شێتى سەرپەڕ
منم”.
شیعرى سەروەر شیعرێکى پەندئامێز و قسەى ناودارانەیە کە دەشێت بە کار بهێنرێت لە کایەکانى ڕۆژانەى ژیان، نمونەش بۆ ئەمە دەکرێت ئەم ڕستانە لە دووتوێى شیعرەکاندا بدۆزینەوە:
ـ هێندە بەهێز بە کە ئازارى خۆشەویستى، دڵت نەخاتە خورپە.
ـ هەڵەکان یارمەتیمان دەدەن بۆ دۆزینەوەى کەسى ڕاست.
ـ ڕۆژەکان هەمیشە ڕەنگاو ڕەنگ نین، ئەشێت ڕەشیشیان تێدا بێت.
ـ جوانى لە کازیوەى خۆرهەڵاتندا نییە.
ـ ڕووناکى، هێز و وزە و هیوا و خۆشەویستییە.
ـ دڵخۆش بە کە تۆ زیندوویت.
ـ هەرگیز نائومێدى مەکە بە باڵ و پێى بفڕیت.
ـ کاتێک خودا بێدەنگە، بزانە نیگەرانییەک شین بووە.
ـ بەختەوەریى پاک لە هیچ شتێکدا نادۆزرێتەوە، جگە لە زەردەخەنەى بێ تاوانی منداڵ.