سبەی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان سەردانی هەولێر دەکات

دوای شەش ساڵ لە سەردانی هەرێمی کوردستان، جارێکی دیکە ئەنتونیۆ گۆتیرێس، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان سەردانی هەولێر و بەغدا دەکات، چوارشەممە لە بەغدا زنجیرەیەک کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرکردەکانی عێراق دەبێت و بڕیارە بەیانی ڕۆژی پێنجشەممە، بگاتە هەرێمی کوردستان و لەگەل سەرکردایەتیی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە .

گۆتیرێس، ڕۆژی پێنجشەممە لە هەولێر لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیران و هەروا سەرۆکی پەرلەمانی کوردستانیش کۆدەبێتەوە، ئەو پرسانەی لە کۆبوونەوەکاندا باس دەکرێن پەیوەستن بە دۆخی هەرێمی کوردستان و عێراق، بەتایبەت کێشەی ئاو و گۆڕانی کەش و هەوا و هەندێک پرسی دیکەی پەیوەست بە کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لە کۆبوونەوەکاندا تاوتوێ دەکرێت .
سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە کۆتایی مانگی ئاداردا لە 30-3-2017 سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد، لەگەڵ سەرۆک بارزانی کۆبووەوە. لەو کۆبوونەوانەدا جەخت لە پەیوەندی هاوبەشی نێوان هەرێمی کوردستان لەگەڵ دامەزراوە فەرمییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەرێمی کوردستان، کرایەوە.. بەتایبەت کە لە چوارچێوەی بڕیاری نەتەوە یەکگرتووەکان نووسینگەی ئەو دامەزراوە نێودەوڵەتییە لە هەرێمی کوردستانە .
پێش مانگێکیش یاریدەدەری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سیاسی و بنیادی ئاشتی لە هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە. ڕۆزماری دی کارلۆ، هاوشانی پلاسخارت، نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان، تاووتوێی چەند پرسێکیان کرد، نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان ئەمساڵ ئەرکێکی گرنگی لەسەر شانە، ئەویش هاوکاریکردنی عێراق و هەرێمی کوردستانە لە بەڕێوەچوونی سەرژمێریی لە عێراق. سەرژمێرییەکە، دوای 26 ساڵ دەبێتە بنەمای چارەی چەندین پرس، لەوانە پرسی ڕێژەی پێکهاتەکان لە چوارچێوەی عێراقدا، کە دەبیتە بنەمای چۆنییەتی دابەشکردنی داهاتی عێراق بەگوێرەی دەستوور و ژمارەی دانیشتووان. هاوکات دۆخی شنگال و ناوچەی دیکەی کوردستان، پرسێکە کە نەتەوە یەکگرتووەکان جەخت لە چارەکردنی دەکاتەوە، بەڵام هێشتا دۆخی ئەو ناوچانە و بە عەرەبکردن و گوشار لەسەر کورد سەرئێشەیەکی گەورەی دروست کردووە .
داوای زیاتر کردنی دەسەڵاتی UNAMI
لە کۆتایی مانگی نیسانی 2021 دا نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان نامەیەکی ئاراستەی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد، تێیدا داوای کرد نێردەی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق دەسەڵاتی زیاتری پێ بدرێت و ڕۆڵی زیاتری هەبێت لە نێوەندگیریی نێوان حکوومەتی فیدراڵی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ چارەکردنی کێشەکان، بەتایبەتی جێبەجێکردنی ماددەی (140)ى دەستوور و کێشەی نەوت و دابەشکردنی داھات.
نێچیرڤان بارزانی لە نامەکەیدا کە ئاراستەی وڵاتانى ئەندام لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و گۆتیرێس کرد، رایگەیاندبوو: پشتگیری لە داواکارییەکەی حکوومەتی فیدراڵى عێراق لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەکات بۆ زیاترکردنی ڕۆڵی نەتەوە یەکگرتووەکان لە چاودێریکردنی هەڵبژاردنەکان لە عێراق و دڵنیابوون لەوەی کە هەڵبژاردنەکانی مانگی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ بە باشی و دوور لە پێشێلکاری بەڕێوە بچێت.
نێچرڤان بارزانی داواشی کردبوو: لە دەقی پرۆژەبڕیاری نوێی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیدا دەربارەی عێراق، پشتگیریی فەرمیی ئەنجومەنى ئاسایشى نێودەوڵەتى هەبێت بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ئەم دواییەی نێوان حکوومەتی فیدراڵى عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەربارەی بودجە و دانوستان لەسەر تەواوى پرسە ھەڵپەسێردراوەکان.
لە خاڵیکى دیکەى نامەکەیدا داوای هاوکاریی مرۆیی و پشتگیریی زیاتر دەکات بۆ ئاوارەکانی هەرێمی کوردستان و باشترکردنی ژیانیان لەنێو کامپەکاندا.