سەرۆك بارزانی پێشوازی لە شاندێكی حكوومەتی بەریتانیا دەكات

سه‌رۆك بارزانی له‌ پیرمام پێشوازی له‌ شاندێكی حكوومه‌تی به‌ریتانیا ده‌كات و تاوتوێی دوایین پێشهاتەکانی پڕۆسەی سیاسیی عێراق و پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدڕاڵی عێراق کرا.

ڕۆژی چوارشەممە 1ی ئاداری 2023 لە سەڵاحەدین سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە شاندێکی حکوومەتی بریتانیا بە سەرۆکایەتیی لۆرد ئەحمەد وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقیا و باشووری ئاسیا و نەتەوە یەکگرتووەکان لە وەزارەتی دەرەوەی به‌ریتانیا کرد.

لە دیدارەکەدا کە مارك برایسۆن ریچاردسۆن باڵوێزی به‌ریتانیا لە عێراق و ڕۆزی کەیڤ کونسوڵی به‌ریتانیا لە هەولێر ئامادەی بوون، لۆرد ئەحمەد پێزانینی بۆ خەبات و تێکۆشانی سەرۆک بارزانی هەبوو و ڕۆڵ و کاریگەریی سەرۆک بارزانی بۆ بەدیهێنانی سەقامگیری لە هەرێمی کوردستان و عێراق بەرز نرخاند.

هەر لەو دیدارە ڕۆشنایی خرایە سەر بارودۆخی سیاسیی ناوچەکە و باسیش لە دوایین پێشهاتەکانی ناو پڕۆسەی سیاسیی عێراق و پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدڕاڵی عێراق کرا.

لە بەشێکی تری ئەو کۆبوونەوەیەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی هەرێمی کوردستان و ناکۆکییە سیاسییەکانی نێوان لایەنەکان ئاڵوگۆڕ کرا و سەرۆک بارزانی جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە ئەمساڵ، هەڵبژاردنەکانی هەرێم بەڕێوە بچن.

پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و به‌ریتانیا تەوەرێکی تری ئەو دیدارە بوو و هەردوولا جەختیان لە بایەخ و گرنگیی پێشخستنی ئەو پەیوەندییانە کردەوە.