کوالێتیی کۆنترۆڵ لە ساڵی ٢٠٢٢ ڕێگەى لە هاتنەژوورەوەی ١٥٠ تۆن دەرمانی خراپ گرتووە

لەپێناو ئاسایشی تەندرووستی و كۆنترۆڵكردنی جۆر و نرخی دەرمان، حكومەتی هەرێمی كوردستان لەڕێی كەرتی تەندرووستییەوە، تا دێت زیاتر بایەخ بە جۆر و کوالێتیی دەرمان دەدات؛ بۆ ئەو مەبەستە بنكه‌ی کوالێتیی كۆنترۆڵ بۆ هاورده‌كردنی ده‌رمان، کە پشت بە بنەما زانستییەکان دەبەستێت، له تەواوی‌ دەروازە و خاڵە سنوورییەكان و فڕۆكەخانەكانی هەرێمی كوردستاندا هەیە؛ تاكوو هیچ ده‌رمانێك به‌بێ مۆڵه‌تی کوالێتیی كۆنترۆڵ هاورده‌ی هه‌رێمی كوردستان نه‌كرێت.
لەوبارەیەوە، د. شێروان سادق، بەڕێوەبەری‌کوالێتیی كۆنترۆڵی دەرمان، بۆ پێگەى فەرمیی حکومەت دواوە.

پڕۆسه‌ی پشكنینی ده‌رمان قۆناغبەندی و وردە
د. شێروان سادق، بەڕێوەبەری‌کوالێتیی كۆنترۆڵی دەرمان، لە وەزارەتی تەندرووستیی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە پێگەی فەرمیی حكومەتی ڕاگەیاند: “لە پڕۆسه‌ی پشكنین و هه‌ڵسه‌نگاندندا، سه‌ره‌تا هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ ئه‌و دۆكیۆمێنتانه‌ دەکرێت کە بۆ پشكنینی ده‌رمان پێویستن، دواتر نموونه‌ی ئه‌و ده‌رمانانه‌ به‌ هه‌ڕەمە‌كی وه‌رده‌گیرێن و ده‌هێنرێته‌ ناو تاقیگه‌ی کوالێتیی كۆنترۆڵی ده‌رمان و له‌ ڕێگه‌ی تاقیگه‌ی كیمیایی و فیزیایی و بایه‌لۆژی دەپشکنرێن؛ ئه‌گه‌ر له‌ پڕۆسه‌ی پشكنین ده‌رچوو، ئه‌وكات مۆڵه‌ت به‌و ده‌رمانه‌ ده‌درێت و ستیكه‌ری بەکارهێنانی پێ ده‌درێت، ئه‌گه‌ر لەو پشکنینە وردە ده‌رنه‌چوو، ئه‌وكات یان له‌ناوده‌برێت، یان له‌سه‌ر داوای كۆمپانیاكه‌ دووباره‌ پشكنینی بۆ ده‌كرێتەوە.
پشکنینی دەرمان لەسەر بنەماى زانستیی دەرمانسازییە
دەشڵێت: ” پشکنینی دەرمان بە‌گوێره‌ی ئه‌و ڕێنماییانه‌ ده‌بێت كه‌ بۆمان دانراون‌ و ده‌بێت له‌گه‌ڵ واقیعی هه‌رێمی كوردستان بگونجێت؛ هه‌ر ده‌رمانێك له ‌سه‌ره‌تادا ده‌بێت بزانین له‌ ناو لیستی نیشتمانییدا په‌سه‌ند ده‌كرێت یان نا، بۆ ئه‌مه‌ش داوای چه‌ند بڕوانامه‌یه‌كی زانستی ده‌كه‌ین، وه‌ك: پێكهاته‌ی كارا و ناكاراییی ده‌رمانه‌كه‌ و شێوازی ده‌رمانسازیی ده‌رمانه‌كه‌ و شێوازی به‌كارهێنان و ژه‌می به‌كارهێنانه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ هێزی ده‌رمانه‌كه‌‌، هه‌موو ئه‌مانه‌ له‌ ڕێگه‌ی لیژنه‌یه‌كی ته‌ندرووستی و لەسەر بنەماى زانستی بڕیاری لەسەر‌ ده‌درێت.


١٥٠ تەن دەرمان لە ساڵی ٢٠٢٢ ڕەتکراونەتەوە
“دوای پێكهێنانی كابینه‌ی نۆیه‌م، سیسته‌می داتابه‌یسمان بۆ تۆماری كارگه‌ و ده‌رمان دانا كه‌ بنه‌مای‌ كۆنتڕۆڵكردنی ده‌رمانه،‌ بۆیه‌ له‌و ماوه‌یه‌دا هه‌ڵپه‌ساردن و ڕێگه‌گرتن و ڕه‌تكردنه‌وه‌ی ده‌رمان و ڕێگه‌پێدان ڕێژه‌كه‌ی زۆرتر بووه‌، به‌شێوه‌یه‌ك ڕێژه‌كه‌ی ٤٠% بووه‌، بۆ سه‌رچاوه‌كانیش ته‌نیا ڕێگه‌مان به‌ چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌ك داوه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ ته‌ندرووستیی جیهانی یەکدەگریتەوە. مانگانه‌ بۆ هه‌رێم و عێراق نزیكه‌ی ١٢ هه‌زار باشنه‌مبه‌ر هاورده‌ ده‌كرێت و ١٥ % تا ٢٠% ی ڕه‌ت ده‌كرێته‌وه؛‌ ته‌نیا له‌ ٢٠٢٢ نزیكه‌ی ١٥٠ تۆن ده‌رمان ڕه‌ت كراونه‌ته‌وه،‌ به‌ هۆكاری به‌سه‌رچوون و ده‌رنه‌چوون له‌ پشكنین و نه‌بوونی ده‌رمانه‌كان له‌ لیستی نیشتمانیی ده‌رمان. لیژنه‌ی چاودێریی بازاڕمان هه‌یه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان، له‌گه‌ڵ ئاسایش و قایمقامیه‌ت و سه‌ندیكای ده‌رمانسازان، ڕێكاره‌كانمان زۆر توندن، سزای داخستن و پێبژاردن و لێكۆڵینه‌وه‌ و درانه‌ دادگاشمان هه‌بووه‌، له ساڵی‌ ٢٠٢٢ نزیکەی ٤٤ كه‌یسی دادگامان هه‌بوو، ٣٠ كه‌یسی لێكۆڵینه‌وه به‌ ئاماده‌بوونی نوێنه‌ری داواكاری گشتی و لیژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌‌ هه‌بووه‌، ٦٤ كۆمپانیا له‌ ٢٠٢٢ سزای داخستنیان دراوه‌، ٦٧ ده‌رمانخانه‌ سزا دراون، تا گه‌یشتووه‌ته‌ لێسه‌ندنه‌وه‌ی مۆڵه‌تی كاركردن.”

ستیکەرە نوێیەکانی دەرمان ساختە ناکرێن
“ستیكه‌ری ده‌رمان ئاماژه‌یه‌ بۆ ته‌واوبوونی هه‌موو قۆناغه‌كانی پشكنینی ده‌رمان، بۆیه‌ ده‌بێت هاووڵاتییان ئاگاداربن، ده‌رمانی بێ ستیكه‌ر نه‌كڕن، چونكه‌ له‌ ڕێگه‌ی ئێمه‌وه‌ نییه‌ و هه‌ر ده‌رمانێك ستیكه‌ری پێوه‌بێت واتا ئه‌و ده‌رمانه‌ له‌ لایه‌نی فه‌رمییه‌وه‌ هیچ كێشه‌یه‌كی بۆ به‌كارهێنان نییه‌. ئێستا هیچ ده‌رمانێك بێ مۆڵه‌تی ئێمه‌ ده‌رناچێت. له‌ ١ی ١١ى ٢٠٢٢، ستیكه‌ری نوێ به‌ ته‌كنه‌لۆژیایه‌كی نوێ و پێشكه‌وتوو ده‌رچووه‌ كه‌ ستیكه‌ره‌كه‌ ساختە ناكرێت، به‌ڵام بۆ ده‌ركه‌وتنی ده‌ره‌نجامه‌كه‌ی كه‌مێك كاتمان پێویسته‌. زۆرترین ئه‌و وڵاتانه‌ی ده‌رمانی لێ هاورده‌ ده‌كرێت بریتین لە وڵاتانی ئه‌ورووپایی و ئوردن و توركیا و هیندستان.”

کوالیتیی کۆنترۆڵ، بەرهەمەکانی جوانکارییش دەگرێتەوە
“ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ی بۆ جوانكاری به‌كاردێن، له‌ کوالیتیی كۆنترۆڵ پێناسه‌یان هه‌یه‌ و پۆلێن كراون، هه‌ر به‌رهه‌مێكی جوانكارییش به‌ هه‌مان ئه‌و ڕێكارانه‌دا ده‌ڕوات كه‌ ده‌رمانی پێدا ده‌ڕوات و ستیكه‌ر وه‌رده‌گرێت، به‌ڵام له‌ ئێستادا زۆرینه‌ی ئه‌و به‌رهه‌مه‌ جوانكارییانه‌ به‌ شێوه‌ی ئۆنڵاین مامه‌ڵه‌یان پێوه‌ ده‌كرێت كه‌ هیچ بنه‌مایه‌كی زانستی و فه‌رمی نییه‌ و له‌ڕووی پێكهاته‌ی ده‌رمانه‌كه‌ش پشتڕاست نه‌كراونه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ ده‌بێت هاووڵاتییان خۆیان به‌دوور بگرن له‌ به‌كارهێنانی ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ی له‌ شوێنه‌ فه‌رمییه‌كان مامه‌ڵه‌یان پێوە ناكرێت. له‌گه‌ڵ ئاسایشی گشتی، تیمێكی تایبه‌تمان هه‌یه‌ و چاودێریی ئه‌و په‌یج و سۆشیال میدیایانە ده‌كه‌ن و چه‌ندین بەرهەممان دەست بەسەردا گرتووە.”

پڕۆژەى کوالیتیی کۆنترۆڵ بەهێزتر دەکرێت
لەبارەى پلانی داهاتووەوەش دەڵێت: “پلانێكی درێژمه‌ودامان داناوه‌ بۆ كاركردنمان، له‌ قۆناغی كۆتایی داتابه‌یسداین بۆ هاورده‌ و مامه‌ڵه‌كردن به‌ ده‌رمانی؛ ده‌مانه‌وێت ده‌رمانخانه‌كانیش ببه‌ستینه‌وه‌ به‌و داتابه‌یسە، واتا له‌ هاورده‌كردن تا به‌كارهێنانی له‌لایه‌ن هاووڵاتییان، هه‌مووی به‌ئه‌لیكترۆنی ده‌كه‌ین. خاڵێكی دیکە کە كاری له‌سه‌ر ده‌كه‌ین كۆگای نیشتمانییه،‌ واتا هه‌ر ده‌رمانێك كه‌ هاورده‌ ده‌كرێت، ده‌بێت بچێته‌ ئه‌و كۆگایه ‌و له‌وێ سه‌رپه‌رشتی ده‌كرێت و دواتر ستیكه‌ری لێ دەدرێت و دواتر ده‌چێته‌ بازاڕه‌كان.
پێش كابینه‌ی نۆیه‌م هیچ ئامارێك بۆ هێنان و كۆنترۆڵكردنی دەرمان نه‌بوو، چونكه‌ ڕێگه‌ ده‌درا له‌ هه‌موو سه‌رچاوه‌كانەوە ده‌رمان هاورده‌ بكرێت و كار بە سیسته‌می تۆماركردن له‌سه‌ر بنه‌مای کارکردنی به‌غدا دەکرا، به‌ڵام لە دوای پێكهێنانی كابینه‌ی نۆیه‌م، سیسته‌می داتابه‌یس بۆ تۆماری كارگه‌ و ده‌رمان دانرا، كە هاورده‌كردنی ده‌رمان‌ له‌گه‌ڵ بنەماکانی ته‌ندرووستیی جیهانی یەکدەخات.”

فەرمانگەی میدیا و زانیاری
٢٨ی شوباتی ٢٠٢٣