وەرزی نوێی یاسادانانی پەرلەمانی کوردستان دەست پێدەکاتەوە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

سبەی، وەرزی نوێی یاسادانانی پەرلەمانی کوردستان دەست پێدەکاتەوە. پەرلەمانتارێکیش، دەڵێ: کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن و بابەتی ھەڵبژاردن لە پێشینەی کارەکان دەبێت. دەشڵێ: ئەوەی بەلای پارتییەوە گرنگە ئەوەیە ئەمساڵ ھەڵبژاردن بکرێت، جا بە ھەر شێوەیەک بێت.

خەدیجە عومەر، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی کوردستان، ڕایگەیاند: بەپێی ماددەی ٧ لە پەیڕەوی ناوخۆیی پەرلەمانی کوردستان، ساڵانە دوو وەرزی یاسا دانان ھەیە، لە یەکی ئادار خولی بەھارە دەست پێ دەکاتەوە و سبەینێ یەکەم کۆبوونەوە دەکرێت، تا کۆتایی مانگی شەش وەرزەکە بەردەوام دەبێت.
ئەو ئەندامەی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی کوردستان، دەشڵێ: بەگوێرەی پەیڕەوی ناوخۆیی پەرلەمانی کوردستان ٤٨ کاتژمێر پێش کۆبوونەوەی پەرلەمان دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان کۆدەبێتەوە و بەرنامەی کاری کۆبوونەوەکە دیاری دەکەن و بۆ پەرلەمانتارانی دەنێرن.
خەدیجە عومەر، گوتیشی: ئەم وەرزە کاری لە پێشینەی فراکسیۆنی پارتی بابەتی ھەڵبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن دەبێت، بۆ ئەوەش چاوەڕوانی ڕێککەوتنی سیاسیی لایەنەکانین تا پەرلەمانیش ڕێکارە یاساییەکان بگرێتەبەر، چونکە ھیچ کاتمان لەبەر دەست نەماوە.
خەدیجە عومەر، دەڵێ: کاتێک تەمەنی پەرلەمان درێژ کرایەوە بۆ ئەوە بوو کۆمیسیۆن کارا بکرێتەوە و بابەتی ھەڵبژاردن یەکلا بکرێتەوە، بەڵام تا ئێستە لایەنەکان لەسەر ئەو دوو بابەتە ڕێکنەکەوتوون، پێویستە ھەرچی زووە لایەنەکان لەژێر چەتری سەرۆکایەتی ھەرێم کۆببنەوە و ڕێکبکەون، چونکە ئەوەی بەلای پارتییەوە گرنگە دەبێ ئەمساڵ ھەڵبژاردن بکرێت، جا بە ھەر شێوەیەک بێت.
ئەو ئەندامەی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی کوردستان، جەختی لەوەشکردەوە: پارتی ھەموو کاتێک لە پێناو بەرژەوەندیی خەڵکی ھەرێمی کوردستان، نەرمی نواندووە و ئامادە بووە بۆ نەرمی نواندن، بۆ ئەوەی پرۆسەی سیاسی ڕێچکەی خۆی بگرێت، ئێستەش لە بابەتی ھەڵبژاردن نەرمی نواندووە، بە ھەر شێوەیەک بێت، یەک بازنەیی، یان فرە بازنەیی، پارتی کێشەی نییە، ھەتا لە بابەتی کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن کێشەی نییە، ئەوەش تەنھا لەپێناو ئەوەی ئەمساڵ لە ھەرێمی کوردستان ھەڵبژاردن بکرێت.
خەدیجە عومەر، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی کوردستان، ئاشکراشی کرد: سەرۆکی ھەرێم ئەرکێکی یاسای لەسەرە، پێویستە ڕۆژێک دیاری بکات بۆ بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردن، پێشتر ئەرکی خۆی جێبەجێ کردووە ١ی ١٠ی ساڵی رابردووی دەست نیشان کردبوو، بەڵام لایەنەکان ڕێکنەکەوتن، ھەر ئەوەش وایکرد ھەڵبژاردن دوا بخرێت، پێشبینی دەکرێت مانگی ٣ ڕۆژێک دەست نیشان بکات بۆ بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردن.