گەشتیاریی زستانە لە ھەرێمی کوردستان زیادی کردووە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

بە ھەزاران گەشتیار ڕوویان لەو ناوچانە کردووە کە بەفرێکی زۆری لێ باریوە، ئەوەش قەرەباڵغییەکی زۆری لەو پڕۆژە گەشتیارییانە دروست کردووە. بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان، دەڵێ: ١٥٪ـی گەشتیارانی ھەرێمی کوردستان، گەشتیاری زستانەن. دەشڵێ: شوێنە گەشتیارییەکان دەبێت پابەندی زمانی کوردی بن ئەگەرنا سزا دەدرێن.

بنکە و شوێنە گەشتیارییەکان دەبێت پابەندی زمانی کوردی بن

لە ڕۆژی جیھانیی زمانی دایک، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، دوو فەرمانی تایبەت بە بایەخدان بە زمانی دایک دەرکرد، لە یەکێک لە بڕیارەکانی سەرۆکی حکوومەت دا ھاتووە، لە ھۆتێل و شوێنە گەشتیاریی و ڕێستورانتەکان، دەبێت گرنگی بە زمانی کوردی بدرێت و لیستی خواردن و ڕێبەر و ڕێنماییەکان، بە زمانی کوردییش ھەبێت.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری ھەولێر، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، ڕایگەیاند: لە ھۆتێل و ڕیستۆرانتە گەشتیارییەکان، لیستی خواردن و ڕێبەر، دەبێت بە زمانی کوردی بن.
پارێزگاری ھەولێر، دەشڵێ: بەر لەوەی دەست بە ئیجرائات بکەین، لە سنووری پارێزگای ھەولێر ھەڵمەتێکی نیشتمانی ڕادەگەیەنین، تا ١/٤، بوار و دەرفەت بە خەڵک دەدرێت، گۆڕان لە تابلۆکاندا بکەن، دوای ئەو ماوەیە دەست بە ئیجرائات دەکەین، سەرپێچیکارانیش سزای پێبژاردنیان بۆ دەکرێت، یاخود تیمەکانی شارەوانیی شوێنی سەرپێچیکاران دادەخەن، بیانییەکانیش دەبێت لەڕێگەی دەزگا تایبەتمەندەکانەوە، کۆرسی زمانی کوردی وەربگرن و فێری کوردی بکرێن.
ئیبراھیم عەبدولمەجید، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند: لە مانگی ٨ی ساڵی ڕابردووەوە بڕیارمانداوە تەواوی بنکە و شوێنە گەشتیارییەکان دەبێت زمانی کوردی، وەکو زمانی سەرەکی لەسەر تابلۆ و لیستی خزمەتگوزارییەکان و ڕێبەر و ڕێنمایەکان بنووسن، بۆ ئەو مەبەستە لیژنە پێکھێنراوە و تەواوی بنکە و شوێنە گەشتیارییەکان ئاگادار کراونەتەوە، دەبێت پابەندی ئەو ڕێنمایانە بن، دوای ئەوەی سەرۆکی حکوومەت، ئەو دوو بڕیارەی دەرکرد و ھەموو دام و دەزگاکانی ڕاسپارد بۆ ئەوەی پابەندی زمانی کوردی بن، ئەو فەرمانەی مەسرور بارزانی، بۆ ئێمە بووە پاڵپشتییەکی یاسایی تا بتوانین ڕێنمایەکانی خۆمان بە تەواوەتی جێبەجێ بکەین، بۆ ئەو مەبەستە تەواوی بنکە و شوێنە گەشتیارییەکانی خۆمان ئاگادار کردوونەتەوە دەبێت پابەندی زمانی کوردی بن و لە شوێنە گەشتیارییەکان تابلۆ و ناو و لیستی خزمەتگوزارییەکان بە زمانی کوردی بن، ھەر کەسێکیش پابەند نەبێت سزا دەدرێت، سزاکەش پێبژاردن و داخران دەبێت، ئەگەر ھەر پابەند نەبوو مۆڵەتەکەی لێ وەردەگیرێتەوە.

گەشتیاریی زستانە لە ھەرێمی کوردستان زیادی کردووە

لەگەڵ بارینی بەفر ڕۆژانە بە سەدان گەشتیاری زستانەی شار و شارۆچکە و ناوچەکانی دەوروبەری ھەرێمی کوردستان و گەشتیارانی عەرەب و وڵاتانی دیکە ڕوو لە ئیدارەی سۆران و ناوچەکانی دھۆک دەکەن، ڕۆژبەڕۆژیش ڕێژەکە ڕوو لە زیادبوونە.
لە ڕێگەی تەلەفریکەوە گەشتیاران دەگوازرێنەوە سەرچیا و نێو بەفر، بە یارییەکانیان کەشە ساردەکەی سەر چیا گەرم دەکەنەوە، سنووری قەزاکانی ئیدارەی سۆران ٣٠% ناوچەی گەشتیاری ھەموو عێراق و ٨٠% ی ناوچە گەشتیارییەکانی پارێزگای ھەولێر پێکدێنێت، ئەوەش وای کردووە کە حکوومەت و کەرتی تایبەت زیاتر گرنگی بە گەشتوگوزاری ناوچەکە بدەن، لە وەرزی زستان زیاتر لە ١٠٠ ھەزار گەشتیار ڕوو لە ناوچەکە دەکەن، چاوەڕوان دەکرێت لەم وەرزەدا بە ھۆکاری بارینی بەفرێکی زۆر ژمارەیەکی زیاتر لە گەشتیاران ڕوو لەو ناوچانە بکەن، کە بەشێکی زۆریان لە ڕێگەی کۆمپانیا گەشتیارییەکان لە ناوەڕاست و خوارووی عێراق و ھەتا لە وڵاتانی دیکەوە ھاتوون. گەشتیارانیش، دەڵێن: کەشوھەوای کوردستان زۆر خۆشە و ساڵانە لەم وەرزەدا ڕوو لە ناوچە گەشتیارییەکانی ئیدارەی سۆران و دھۆک دەکەین و کاتێکی خۆش لەو ناوچانە بەسەر دەبەین.
ئیبراھیم عەبدولمەجید، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان، گوتی: ١٥٪ـی گەشتیارانی ھەرێمی کوردستان، گەشتیاری زستانەن، ساڵی ڕابردوو زیاتر لە شەش ملیۆن گەشتیار سەردانی ھەرێمی کوردستانیان کردبوو.

چەند پڕۆژەیەکی گەورەی گەشتیاری دروست دەکرێن

بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان، ئاشکراشی کرد: دەستەی گەشتوگوزار پلانێکی ٨ ساڵەیی داناوە، پلانەکە چەند تەوەرەیەک لە خۆ دەگرێت، یەکێک لەو تەوەرانە بووژانەوەی ژێرخانی ناوچە گەشتیارییەکانە، دروست کردنی پڕۆژی زیاتری گەشتیارییە، بۆ ئەو مەبەستە بەردەوام ھانی وەبەرھێنەران دەدەین، بۆ ئەوەی پڕۆژەی نوێی گەشتیاری دروست بکەن، بۆ نموونە ئێستە پڕۆژەیەکی گەورەی گەشتیاریی لە سنووری دھۆک دروست دەکرێت، پڕۆژەکە دروستکردنی تەلەفریک لە ناحیەی سەرسنگەوە بۆ چیای گارە دەبێت، کۆمەڵگەیەکی گەشتیاریی و سەرجەم خزمەتگوزارییە گەشتیارییەکان لەخۆ دەگرێت، ھەروەھا لە ھەڵەبجە ڕێگا بۆ ناوچە گەشتیارییەکان دەبردرێت، لەگەڵ چەند پڕۆژەیەکی دیکەی گەشتیاری.
فەیسەڵ سادق، بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری ئیدارەی سۆران، ڕوونیکردەوە: سەرەڕایی ئەوەی دەڤەری سۆران خاوەن چەندین شوێن و ناوچەی گەشتیارییە، چەند پڕۆژەیەکی دیکەی گەشتیاری لە بەرنامە و پلانی داھاتووماندان، بۆ ئەوەی بتوانین لەم ڕووەوە زیاتر خزمەتگوزاری پێشکەش بکەین و کەشێکی خۆش بۆ گەشتیاران بڕەخسێنین.